Mountain View
نوێ
چاوه‌ڕێكه‌ بۆ داگرتن
HTML5 Icon

قوربانیكردن لەنێوان چێژو گوێڕایەڵیدا

نوسینی : نێچیرڤان ئه‌نوه‌ر

قوربانی ئاژەڵان لە یادی (جەژنی قوربان)دا گەر لە دیدگایەكی ئایینیانەوە تەماشای بكەین ئەگەرچی یادكردنەوەی ئەو ڕۆژەیە كە ئیدی مرۆڤ لە قوربانیكردنی هاوچەشنەكەی خۆی ڕزگاری بوەو لەبری ئەو ئیدی ئاژەڵێك دەكرێتە قوربانی بەڵام، تێنەگشتن لە حیكمەت و فەلسەفەكەی ئەمڕۆ ڕەفتاری مرۆڤانێكی زۆری خستۆتە ژێر پرسیارەوە...؟!
تەواوی بابەت و هەرشتێك كە بتەوێ‌ لێی بدوێی دوو دیوی هەیە كە تێنەگەشتن و بەخراپ تەفسیركردنی هەر دیوێكیان دەكرێ‌ كارەساتی زۆر گەورە بخولقێنێت،
قوربانیكردنی ئاژەڵان (لە جەژنی قورباندا) كە ئەو دیمەنانەی لەو ڕۆژەدا دەبینرێن سیمایەكی خوێناوی و گوێڕایەڵیەكی ڕوكەشانە نەبێت هیچی دیكە نیە، وای لە مرۆڤگەلێك كردووە كە دەیانەوێ‌ بۆ سڕینەوەو لێخۆش بوونی خراپەكاریەكانی پێشوتریان ئەمڕۆ بە قوربانیكردنی بێ‌ زمانێك لە خودا نزیك ببنەوەو خودا لە بەرامبەر قوربانی و گوێڕایەڵی ئەواندا لێیان خۆش بێت !!
بۆ تێگەشتن لە حیكمەتی قوربانی پشت بە تێڕوانینە پڕ بەهاكەی (ابو علی سینا) دەبەستین كە دەفەرمووێ‌ : "(( مەبەست لە كوشتنی ئاژەڵا كە لە كتێبی پیرۆزدا هاتوە، لەنێو بردنی سیفاتی چوارپێیانە و قوربانیش ئاماژە بە كوشتنی نەفسی چوارپێیانە )). هەروەها شێخ عەتار دەڵێ‌: لە دەروونی هەركەسێكدا سەد بەراز هەیە، بەراز دەبێ‌ بكوژرێت یا ببەسترێتەوە ". *(1)
لە سروشتی هەموو مرۆڤێكدا كۆمەڵێك (غەریزە) هەیە و ئەگەری هەیە لە هەر ئان وساتێكدا مرۆڤ بكەوێتە ژێر كاریگەرییانەوە بەتایبەت غەریزەی چێژ، لێرەدا زیاتر مەبەستمان لە حەزی خواردنە .. ئێمە لەبەر ئەوەی لە منداڵیەوەو لە دەستپێكی ئەو كاتەی ئیتر كاتێتی ددانمان سەر دەربهێنێت بە خواردنی گۆشت گۆش ئەكرێین بەڵكو ددان دەربكەین !! تێكەڵا بونی گیانی مردوی ئاژەڵە هاوڕێكانمان لەگەڵا خوێنماندا هەر لە منداڵیەوە سەرهەڵدەدات، بۆیە كاتێك گەورەش دەبین ئەو نەفسەی كە پاڵمان پێوە دەنێ‌ بۆ وەرگرتنی چێژ لە خواردن بەتایبەت گۆشتی هاوڕێكانمان زۆر بە ئەستەم دەتوانین وازی لێ بهێنین ئەگەرچی لە هەندێ‌ كاتی تردا جێگای بەزەیشمان بن .. ئەمڕۆ كەسانێك كە لەپێناو ڕوەكخۆریدا تێدەكۆشن ئەیانەوێ‌ هاوڕێیەتی بۆ نێوان مرۆڤ و ئاژەڵەكان بگەڕێننەوە لەبری خواردن و قوربانیكردنیان بۆ خودا، دێن سود لە بەرهەمەكانی وەردەگرن و لەبەرامبەریشدا خزمەتیان دەكەن و لەبری قوربانیكردنی ئاژەڵە هاوڕێكانمان كە تا دوێنێ‌ خۆشمان ئەویستن و خزمەتمان ئەكردن، ئەمڕۆ ئارەزوی خواردنی لاشەكەی وامان لێ دەكات بیانكەین بە قوربانی نا ئەخلاقیەكانی پێشوترمان، ڕوەكخۆری تێگەشتنێكی فراوانترمان ئەداتێ‌ و پێمان دەڵێ‌ یاسای ژیان بریتیە لە یاسای ( كارما )* واتە (كارو كاردانەوە) هەروەك بودا ئاماژەی پێكردوەو پێمان دەڵێ‌ (( لە چاك چاك و لە خراپ خراپ دەچننەوە)) هەروەها لە قورئانیشدا هاتوە كە خودا دەفەرموێت ((ان احسنتم احسنتم لانفسكم وان اسئتم فلها ))*(2).. لەبەرامبەر هەركارێكی باش باشمان دەست دەكەوێت و بە پێچەوانەشەوە خراپ دەچنینەوە. بە گوێرەی ئەم تێگەشتنە دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە هیچ لۆجیكێك نیە وامان لێ‌ بكات باوەڕ بەوە بكەین تا دوێنێ‌ مرۆڤێك لە نەفامی و بێ‌ ئەمری خودادا بوەو هەرچی ویستوە كردویەتی ئیتر ئەمڕۆ بە قوربانیكردنێك ڕەزامەندی خودا بەدەست دەهێنێت !! خودا لەوە پیرۆزترو گەورەترە كە ئێمە ناساندومانە یاخود پێیان ناساندوین.
هەروەها لە قورئاندا هاتوە خودا دەفەرموێ‌ (( هەرگیز ناگات بە خودا ، نە گۆشتی ئەو قوربانیانە و نە خوێنیان، بەڵام ئەوەی بەخودا دەگات تەقواو پارێزگاری ئێوەیە )) *(3)
تەقواو پارێزگاری كردنی مرۆڤ بۆ خوداكەی وای لێ‌ دەكات كە گوناه نەكات و نزیكتر بێتەوە لە خوداكەی، نزیك بونەوە لە خودا دوركەوتنەوەیە لە خراپە، دوركەوتنەوەش لە خراپە ئیتر ناچارمان ناكات بۆ سڕینەوەی گوناهەكانمان ئاژەڵێك بكەینە قوربانی ورگمان ..
لەم تێگەشتنانەوە بۆمان دەردەكەوێت كە چەمكی قوربانی ئەوەندەی بابەتێكی مەعنەوی ومیسالیە ئەوەند بابەتێكی ماددی و بەرجەستە نیە وەك ئەوەی ئەمڕۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ‌.
تەقواو پارێزگاریش گوێڕایەڵی كردنی خوداو دوركەوتنەوەیە لە هەرشتێك كە نزیكت بكاتەوە لە گوناه ..
كاتێك قوربانی بەو تێگەشتنەی كە لێخۆشبونە لە گوناهی خاوەن قوربانیەكە، چ گوێڕایەڵیەكی تیایە بۆ خودا كە هەموو ساڵێك و لە یادێكی وەك (جەژنی قوربان)دا چەن ئاژەڵێكی بەستەزمان بكرێنە قوربانی پێناو بەدڕەوشتی و كارەخراپەكاریەكانی مرۆڤ ..؟!
دەوڵەمەندێكی وابەستە بە ئایینەكەیەوە ئامادەیە لە جەژنی قورباندا ئاژەڵێكی بەستەزمان بكاتە قوربانی ورگی و بەشی كەسانێكی هەژاری لێ بدات بەڵام كەسانێكی هەژار بۆ پێویستی بڕێك پارە كاتێك بەردەرگایان لێ بگرن، نەك هەر هاوكاریان ناكات بەڵكو دەكرێ‌ دەرگاشیان لێ نەكاتەوە !! كەسێك ئامادەیە بۆ لێخۆش بوون لە گوناهەكانی هەمو ساڵێك ئاژەڵێكی بەستەزمان بكاتە قوربانی بەڵام ئامادە نیە گوناه نەكات !!
ئیدی ئەمڕۆ گوێڕایەڵیەكان هەموی دوڕوییەو گوێڕایەڵی كردنی خودا بوەتە شوێن كەوتنی حەزو ئارەزوەكانمان .. "مەلاكان بەخۆشی حەفتاودو حۆری یەوە نوێژدەكەن و قەشەكان بۆ دەستكەوتنی كلیلی بەهەشت هەوڵدەدەن، مانگا پەرستەكان بەگژ گا پەرستەكاندا دێنەوە" *(4) كەسانێكیش بۆ لێخۆشبونی گوناهەكانی دوێنێیان ئەمڕۆ ئاژەڵێك ئەكەنە قوربانی !!
قوربانیكردن جگە لەتێركردنی هەوەس نەبێت، هیچ گوێڕایەڵیەكی بۆ خودا تێدا نیە، ئەگەر نا ... بۆچی زۆر كاری تر هەیە لە ژیان كە دەیكەن، لەكاتێكدا پێویستە نەیكەن ؟؟!
دواتر گەر حیكمەتی قوربانی تێركردنی هەژارانە، ئەوە هاوكارییان بكە ..
گەر لێخۆشبونە لە گوناهەكانت، گوناه مەكە ..
گەر یادكردنەوەی ئەو ڕۆژەیە مرۆڤ ڕزگاری بوە لە قوربانی و ئەمڕۆ ئاژەڵا باجەكەی ئەدات، ئەوە بە خۆشی دەری ببڕو نەفسە ئاژەڵیەكەی خۆت بكە قوربانی بۆ گوێڕایەڵیكردنی خودا نەك ئاژەڵا.. خۆ ئەگەر لە پێناو حەزە ناحەزەكانتە، ئەوە ڕێگری لەمەیان ناكرێت چونكە هەر دەرئەنجامی ئەو ئارەزوانەتە ناچاری كردویت قوربانی بكەیت نەك بەجێ‌ هێنانی فرمانی خوداكەت.
هەر ئەو ئایینەی قوربانیكردنی پێ‌ ڕەوایە، دزی كردن و كوفرو شیرك وبەدڕەوشتی و ..هتد پێ‌ ناڕەوایە، باشە بۆ زۆرێك ئەم كارانە دەكەن و خوایان بیر نیە بەڵام كاتێك دێنە سەر باسی قوربانی ئیتر فریشتە ئاسا ئەكەونە قسەكردن ؟! تێناگەم بۆ زۆرێك لەم پرسەدا خۆیان وەك فریشتە دێتە پێش چاو بۆ بەجێ‌ هێنانی فرمانی خودا بەڵام بۆ هەموو پرسە ئەخلاقیەكانی تر خودا لەبیر خۆیان ئەبەنەوە ؟! ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەوانە شوێن ئارەزوەكانین كەوتون نەك گوێڕایەڵی .. لەبەر ئەوەی زۆر كاری تر كە بنچینەن لە ئاییندا نایانكەن و بەڵام بۆ قوربانیكردن بێ‌ بیركردنەوە بەتێگەشتنە هەڵەكەیەوە دەیكەن چونكە ئارەزویان لێیەتی كە گۆشت بخۆن و چێژ وەرگرن نەك گوێڕایەڵی خودا بكەن و ئەمانە هەموو لە پێناو (خود)دایە نەك (خودا)، جا لەبەر ئەمە .. "ئەوەی لەپێناو لێخۆشبونی گوناهەكانی دوێنێی بۆ گەشتن بە بەهەشت ئەمڕۆ ئاژەڵێك بكاتە قوربانی، سبەی خودا لەبری خۆی هەنارو شوتی و باخە خورمای پێ‌ دەدات".*(5)
قوربانیكردنی ئاژەڵان لە ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەوە هاتوە كە خودا پێغەمبەر(ابراهیم)ی پێ‌ تاقیكردەوە، تاقیكردنەوەی پێغەمبەرێك لە سەردەمێكی جیاوازتر لە ئەمڕۆو بە مەبەستێكی تایبەت كە ئەو پەڕی گوێڕایەڵی پێغەمبەر ابراهیمی تێدایە بۆ خوداكەی، مانای ئەوە نیە كە خودا هەمان دەرئەنجامی لە ئێمەش ئەوێ‌، لەبەر ئەوەی خودا ئێمەی تاقی نەكردۆتەوە بەڵكو (ابراهیم)ی پێغەمبەری تاقیكردەوە، و گوێڕایەڵی پێغەمبەر(ابراهیم) بۆ سەربڕینی كوڕەكەی ئەكەوێتە بابەتی عیشقەوە كە فەنابونە لەگەڵا خوداكەی و هەرچی پێ بگوترێ‌ ئەیكات!
ئەمڕۆ نە ئێمە ئەو عاشقە فەنابوەین بۆ خوداو نە ئەویش(خودا) داوای تاقیكردنەوەیەكی لەو چەشنەی لە ئێمە كردوە، ئەوەی پێویستە لە ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوەیەوە فێربین ئەوەیە كە باوەڕمان وابێت (( ئەوەی پێویستە بكرێتە قوربانی بۆ خودا ئاژەڵا نیە، بەڵكو خودی ئەو بیرۆكەو بۆچونە هەڵانەیە كە بۆمان دروست بوە لەسەر قوربانی )).
په‌راوێز:
*(1): ئاژەڵا و مرۆڤ، ن: سادق هیدایەت، و: شۆڕش غەفوری لا 80
*(2): لەبارەی یۆگاو رۆحانیەتەوە، ن: هاوبیر كامەران، لا 24
*(3): تەفسیری قورئان، سورەتی الحج (37)
*(4): لەبارەی یۆگاو رۆحانیەتەوە، ن: هاوبیر كامەران، لا 28
*(5): لەبارەی یۆگاو رۆحانیەتەوە، ن: هاوبیر كامەران، لا 28 (دەقەكە خۆی بەم جۆرەیە كە بەڕێز هاوبیر كامەران لە پەرتوكەكەی نوسیویەتی "ئەوەی بە خەیاڵی بەهەشتەوە ڕوبكاتە خودا خوداش لەبری خۆی هەنارو شوتی و باخە خورمای پێ‌ دەدات" من بۆ مەبەستەكەی خۆم دەستكاریم كردوە).
* (كارما): وشەیەكی سانسكریتیە بەواتای هەركارێك پەرچە كرداری هەیە یاخود كاردانەوەی هەیە .


له‌باره‌ی ruakxor

ڕووه‌كخۆر‌ : پاراستنی ژیانی هه‌موومانه‌‌ .~ . .

    كۆمێنتی بلوگه‌ر
    كۆمێنتی فه‌یسبووك

0 كۆمێنته‌كان :

إرسال تعليق

HTML5 Icon