مرۆڤ لە باڵندەكانەوە فێری قسەكردن بووە
ئەو توێژینەوانەی لە لایەن توێژەرانی ئەنیستیتۆی تەكنەلۆژیای ماساچۆسێتی ئەمەریكا ئەنجام دراوە، دەریخستووە كە مرۆڤ بۆ كامڵتركردنی ئاخاوتن و زمانی خۆی لە ئاوازی باڵندەكاندا سوودی وەرگرتووە.، گەورەزانای بریتانیایی چارلز داروین پێی وابوو زمان و شێوازی قسەكردنی مرۆڤ لەوانەیە لە ئاوازی باڵندەكانەوە سەرچاوەی وەرگرتبێت، چونكە ئاوازی باڵندەكان نیشاندەری دۆخ و هەستە جیاوازەكانە.
توێژەرانی ئەنیستیتۆی تەكنەلۆژیای (ماساچۆسێت/ MIT) بە هاوكاریی توێژەرانی زانكۆی تۆكیۆ بۆیان دەركەوت پێشبینییەكەی داروین سەبارەت بە كامڵبوونی ئاخاوتنی مرۆڤ ڕاست بووە. زمانی مرۆڤ لە هەردوو شێوازە باوەكەی پێوەندیكردن لە جیهانی ئاژەڵاندا پێك هاتووە، واتە ئاوازی باڵندەكان و شێوازی دەربڕینی هەست لە لای ئاژەڵانی دیكەوە.
شیگرۆ میاگاڤا مامۆستای بەشی زمانناسی و فەلسەفەی "MIT" دووپاتی كردەوە كە لە هەموو زمانەكانی مرۆڤدا دوو لایەن بەدی دەكرێت، لایەنی هەستەكان كە بریتییە لە پێكهاتەی گۆڕاوی ڕستەكاندا و لایەنی وشەكان كە پێوەندیی بە ناوەڕۆكی ڕستەوە هەیە.
لەو توێژینەوەیەدا سەرەڕای تاوتووكردنی چەندەها نموونەی ئاخاوتنی مرۆڤ لە ڕووی زمانناسییەوە، شێوازی پێوەندیكردنی ئاژەڵانیش شی كرایەوە و دەركەوت لێكچوونێكی زۆر لە نێوان ئاوازی باڵندەكان و لایەنی هەستەكاندا هەیە. لە لایەكی دیكەیشەوە "وێز وێز"ـی زەرگەتە یان پەیامەكانی پێوەندیكردنی نێو شیردەرەكان كە دەبیسترێت هاوشێوەی لایەنی وشەكانی نێو ڕستەكانی مرۆڤە.
تێكەڵكردنی ئەو دوو شێوازە دەربڕینە لە نزیكەی 50 تا 80 هەزار ساڵ بەر لە ئێستادا هۆی دەركەوتنی ئاخاوتن و قسەكردنی تایبەتی مرۆڤی لێكەوتووتەوە. ئاوازی باڵندەكان پێكهاتەی وشەیی نییە، بەڵام لە بری ئەوە مێلۆدگەلێكیان هەیە كە پێكهاتەیەكی كۆبەندی هەیە و مانا دەبەخشێتە ئاوازەكانیان. بۆ نموونە فێنجی بەنگالی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ملۆدییەكانی پێشتر و دووبارەیان بكاتەوە و بولبولیش دەتوانێت 100 تا 200 مێلۆدی جیاواز بە كاركردی جیاواز بخوێنێت.
پڕۆفیسۆر ڕابێرت بێرویك توێژەری زمانناسی ژمێریاری ئاماژەی دا كە لە كاتی كامڵبوونی گیانلەبەرێكی نوێدا لەشی زۆر جار بۆ گەشەی ژێنێتیكی خۆی سوود لە بەشە كۆنەكاندا وەردەگرێت، لەو كاتەدا پێكهاتە كۆنەكان كەمێك دەگۆڕن و پاشكۆی نوێ دروست دەكەن.
ماڵپهڕی ههولێر
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق