توێژەرێكی ژاپۆنی بە پشتبەستن بە لێكۆڵینەوەكانی خۆی بەو ئەنجامە گەییشتووە، كە شامپانزە بە بەراورد لەگەڵ مرۆڤدا زاكیرەی كورتخایەنی باشترە.
ئەو توێژەرە لە كۆنفڕانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی ئەمەریكایی پێشكەوتنی زانستدا، كە لە شاری بۆستۆندا ساز درا، گرتەی ڤیدیۆییەكی پێشان دا، كە تێیدا تواناكانی شامپانزەیەك خراوەنەتە ڕوو.
ئەو شامپانزەیە ناوی ئایۆمۆیە. لە گرتەكەدا ئەوە پێشان درابوو، كە كاتێك ژمارەكانی 1 هەتا 9 بە شێوەیەكی ڕێككەوت لەسەر شاشەیەكدا دەردەكەون و دواتر نەپەنی دەبن. ئەو شامپانزەیە دەتوانێت ڕیزبەندی ژمارەكان و تەنانەت شوێنی هەر ژمارەیش لەسەر شاشەكەدا دیاری بكات.
بە پێی وتەكانی تێتسۆ مۆرۆ ماتسۆ ئاوای توێژەری ئەنستیتۆتی لێكۆڵینەوەی ئاژەڵە مەمكدارەكانی زانكۆی كیۆتۆی ژاپۆن "ئایۆمۆ" توانیویەتی ژمارەگەلی 1 هەتا 19ـیش فێر بێت و هەر كامەیان بە دەست لەمس بكات و پێشان بدات. لەو كاتەی ماتسۆ ئاوا گرتەكەی پێشانی میدیاكاران و زانایان دەدا لە پڕ گوتی:"نیگەران مەبن كەس ناتوانێ ئەو كارە بكات.
ئەو كارە بۆ ئێوە زۆر ئەستەمە." هەروەها ئەو زیاتر دوا و گوتی "ژمارەی ئەو خەڵكانەی بتوانن وەك "ئایۆمۆ" هەڵسوكەوت بكەن زۆر كەمن. تەنیا كەسانێك دەتوانن ئەنجامی بدەن، كە هەندێ گرفتی هۆشمەندییان هەیە و مێشكیان كێشەی هەیە. بە واتایەكی دیكە ئەو جۆرە كارانە لە دەرەوەی تواناكانی مرۆڤێكی ئاساییە."
لە لایەكی دیكەوە هەر شەش شامپانزەكە، كە خرا بوونە ژێر تاقیكردنەوە، توانیان زۆر خێرا شوێن و ڕیزبەندی ژمارەكانی 1 هەتا 9 لە بیریان بمێنێت و پاشان پێشانی بدەن. ئەو هێز و تواناییەی فێربوون و یاددانی كورتخایەن سەرسووڕهێنەرە و یارمەتیی شامپانزەكان دەدات، لەنێو ژینگەی كێویدا بە زیندوویی بمێننەوە و بەرگری لە خۆیان بكەن.
بۆیەیش ئەو جۆرە ئاژەڵانە هەردەم ڕەوتار و بڕیاری خێرا و ئاڵۆز دەردەكەن. یاددانی پڕاكتیكی شێوە چالاكەكەی یاددانی كورتخایەنە، كە بریتییە لە فەزایەكی زەینی كە ئەو توانستە بۆ مێشك فەراهەم دەكات، كە لە یەك كاتدا بیر لە چەند شت بكاتەوە.
ئەو توێژەرە ژاپۆنییە وای بۆ دەچێت، كە یاددانی پڕاكتیكی یارمەتیی شامپانزەكان دەدات، كە لە كاتی جووڵەی خێرایان لەسەر لقی دارەكان و گەڕان بە دوای خۆراك و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكان و شامپانزە ڕكابەرەكان چیی بكات و چیی نەكات.
بهڕوو
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق