Mountain View
نوێ
چاوه‌ڕێكه‌ بۆ داگرتن
HTML5 Icon

كوڵاندنی خۆراك، پێچەوانەی یاساكانی سرووشت

كوڵاندنی خۆراك
مرۆڤ ،هەمیشە ستایشی شتە ئاڵۆز و دەستكردەكان دەكات. هەرشتێك ئاسان و سرووشتیە، بە لای ئەوەوە زۆر هیچ و پووچ و لە ئاستێكی نزمدایە. هەر لە بەر ئەمەش هەمیشە ژیانی خۆی دژوار دەكات و گومانی وایە دەگاتە خۆشبەختی،لە كاتێكدا هەمیشە ڕووی لێوەرگێڕاوە. خۆراك ئەو شتەیە كە گەیشتۆتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی. سرووشت نیشانماندەدات كە مرۆڤ دەبێت بە هۆی میوە و ڕووەكەكان ژیان بە سەر بەرێت.
كوڵاندن،واتە خراپكردن و لە حاڵەتی سرووشتی دەركردنی خۆراكەكان. یان بۆ ئەوەیە كە تامەكەی نەهێڵێت، وەكوو گۆشت، بۆ ئەوەی ئەو ئیشتیها گەنیوەمان چێژی لێوەرگرێت و هەموو ئەمانە ئاكامێكی خراپی بۆ سەر تەندرووستی دەبێت .
كوڵاندن،خۆراك لە حاڵەتی سرووشتی دەردەكات، ڤیتامینەكەی لە ناو دەبات و لە لەشدا پاشماوەی خۆراكێكی كوڵیو كە ژەهری كوشندەی لێدرووست دەبێت،جێدەهێڵێت. لەشی مرۆڤ،لە ژمارەیەك گەردیلەی بچووكی زیندوو پێكهاتووە كە لە تەنیشت یەكترەوە جێگیر بوون. هەموو بوونەوەرەكان خۆراكی زیندوو دەخۆن. هەموو سرووشت زیندووە. بە هەمانشێوە كە بۆ گەشەكردن و پاراستنی لەش،شتە مادیەكان پێویستە،بۆ پاراستنی ژیانی هەمیشەیی و ڕۆحیش،مرۆڤ پێویستی بە خۆراكی زیندوو هەیە واتە كاڵ و نەكوڵیو و ئەگەر ئەم مادە ژیانبەخشە نەگاتە لەش،ڕۆح دەژاكێت و هێزە وزەبەخشەكان سست و لاواز دەبن،هەروەكوو نەخواردنی چێشت كە لەش لاواز دەكات .
كەواتە لە سەر ڕووی زەوی،ژیان،ژیان دەپارێزێت. ئەم مادەیە لە ناو هەموو هەستیەكانی سەر هەسارەكەمان بوونی هەیە و بۆ ئەوەی بچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە،تەنها لە ناو گژوگیا و ڕووەكەكان،پێكهاتن و دابەشبوونەكەی ئەنجامدەدرێت. ئاژەڵە ڕووەكخۆرەكان ڕاستەوخۆ ئەم مادەیە لە ڕووەكەكان وەردەگرن و ئاژەڵە دڕندەكان لە گۆشتی زیندووی گیانلەبەرانیتر وەریدەگرن. كوڵاندن،ژیان نابووت دەكات و پاشماوەیەك لە لەشدا جێدەهێڵێت كە هەموو وزە ژیانبەخشەكەی خۆی لە دەستداوە. هیچ یەك لە بوونەوەرەكان خۆراكی خۆیان ناكوڵێنن،بەڵام مرۆڤ وردەكاریەكی زۆر لەم كارەدا بەكاردەهێنێت،بە هەمانشێوە كە فسیۆلۆجیستی ئێرلەندی، ( گریڤز ) ،مرۆڤ بە ئاژەڵێكی چێشت لێنەر ناو دەبات و وەك بڵێی هەر ئەمەش هۆكارەكەی بێت كە خۆی لە سەرووی هەموو گیانلەبەرەكانیتر دەزانێت.لە كاتێكدا كە ئەم ڕەفتارە پێچەوانەی یاساكانی سرووشتە و هەر لە بەر ئەمەشە كە لەشی،هیچ كاتێك هێزی پێویستی وەرنەگرتووە. سەرەڕای ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر لە ژەهرەكان دەچێتە ناو لەشیەوە و هەركاتێك ئاو و سەوزە و میوە نەیگاتێ‌ ،دەمرێت .
مرۆڤ بە هاوكاری ئاگرە كە،ئەو خۆراكە سەیروسەمەرانەی وا ناتوانێت بە كاڵی دەمی پێوەبدات،دەیكوڵێنێت و دەیخوات بۆ ئەوەی سرووشت فریو بدات و فێڵی لێبكات .
( بۆردۆ ) لە كتێبی مێژووی خۆراكدا دەڵێت : (( بەكارهێنانی ئاگر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای گۆشتخۆری مرۆڤ،چونكە ماسولكە ڕەق و تام ناخۆشەكەی ئاژەڵەكان بە بێ‌ ئەو گۆڕانكاریەی كە ئاگر تیایدا درووستیدەكات،خواردنی دژوار بووە )) . خواردنی بەردەوامی ئەم خۆراكە مردووانەیە كە ئیشتیها و ئارەزووی مرۆڤی تووشی لادان كردووە و ڕوودەكاتە خواردنی شتە ورووژێنەرەكان وەكوو: مادە سڕكەرەكان،تلیاك و... .
خۆراك پێش هەموو شتێك دەبێت كاڵ بێت،واتە بەهەمانشێوە كە سرووشت پێشكەشمانیدەكات .
پڕۆفیسۆر ( ڕیشە ) دەڵێت : (( دەبێت ئەوە پەسەند بكرێت كە مرۆڤ ئاژەڵێكە،هەندێك كات هۆشیار،بەڵام زۆربەی كات نەزان و دڕندەیە. بۆ خۆراكی خۆی دەبێ‌ وەكوو ئاژەڵێك ڕەفتار بكات. خۆراكی سرووشتی ئێمە نابێت لە گەڵ ئەو شتەی كە هەزاران سەدە لەمەوپێش ئەژدادمان خواردوویانە،جیاواز بێت. كەواتە ئەژدادە سادەكانی ئێمە ئاگریان نەناسیوە و خۆراكی خۆیانیان نەكوڵاندووە. خواردنی خۆراكی كوڵیو،واتە ژیان بە سەر بردن بە پێچەوانەی پێكهاتەی لەشی خۆمان. ئایا كوڵاندن،خۆراكە سرووشتیەكان خراپ ناكات؟ )) .
هەروەها بە كوڵاندنی سەوزە و میوەجاتەكان،خوێ‌ كانزاییەكان و زۆربەی مادە پێویستەكانیان لە ناو دەچێت. هەروەك چۆن فۆسفاتە كیمیاویەكانی دەرمانخانە، جێگای فۆسفاتی سرووشتی ناگرێتەوە و لەش نایگرێتە خۆی. میوە ترشەكان وەكوو: لیمۆ و سركە،خوێ‌ كانزاییەكان دەتوێننەوە،بەڵام بە هەر حاڵ ئەگەر خۆراكی كوڵیویش دەخۆن،دەبێ‌ بۆ بەهێزكردنی مادەی ژیانبەخش،هەندێك میوە و سەوزە بەكاربەرن.
مرۆڤی هەنووكەیی هەر ئەو مرۆڤە میوەخۆرەیە كە سرووشت،مەیل و ئارەزووی میوە و خۆراكە بۆنخۆش و بەچێژەكانی داوەتێ‌،كە بە هۆی هەتەری و چاوچنۆكی،لاشەی گیانلەبەر و باڵندەكان و دڵ و ڕیخۆڵە و خوێنەكانیان ڕەنگڕێژی دەكات و بە تێكەڵكردنی بەهارات،لە باتی میوەیەكی بەتام دەیخوات. عەتر و بۆنەكەی،سیر و پیاز و پەنیری گەنیو و دوكەڵی تووتنە و ئاوی گەنیوی ترێ‌ و شیلە ژەهراویەكان نۆشی گیان دەكات و هەموو كاتەكانی خۆی بە درووستكردنی خۆراكە ژەهراوی و خوێناویەكان بە فیڕۆ دەدات .
شارستانیەتی مرۆڤ، زیاتر لە سایەی سەری ئاگر و دەستەكانێتی،كە لە ئاكامی بیركردنەوەكانی و بە هۆی ئەزموونی ملیۆنەها ساڵ و گواستنەوەی بۆ وەچەی داهاتوو پێشكەوتووە. مرۆڤ پاش دۆزینەوەی ئاگر،توانیوێتی ژیانێكی دەستكرد بۆ خۆی درووستبكات و لە هەوای ئازاد،وەرزشی سرووشتی و دیمەنە جوانەكانی سرووشت بێبەش ببێت. ژینگەیەكی سنوورداری پیس و دەستكردی هەڵبژاردووە و بە هۆی پەنهانبوون لە نێو ژوورە تەنگ و تاریكەكان،هەڵمژینی هەوای ژەهراوی و تۆزوغوبار، كاركردن و نووستن لەو شوێنانەی كە هەوای ئازاد نایگاتێ‌ و بە خواردنی خۆراكە دەستكردەكان و ڕازاندنەوەی بە هەزار شێوە،زیاتر هۆكاری گەندەڵی فەراهەم كردووە و مرۆڤی میوەخۆری هێمن،دێوێكی خوێنمژی لێدەرچووە كە زیاتر لە هەموو گیانلەبەرە دڕندەكان،دەكوژێت و لاشە دەخوات. لە باتی ژیانی خۆش و ئارامی ناو سرووشت،لە نێوان هات و هاواری هەمیشەیی دەژی،شەو دادەنیشێت و ڕۆژ دەخەوێت. میهرەبانی و عەشقی سرووشتی كردووە بە گاڵتەجارێك و كاری سەیر و سەمەرەی دژوارو بێ‌ سوود ئەنجامدەدات كە ژیانەكەی ئەستەم و خەماوی كردووە .


نوسینی: صادق هیدایه‌ت


وه‌رگێڕانی: ناصح مه‌وله‌وی زاده‌

له‌باره‌ی ruakxor

ڕووه‌كخۆر‌ : پاراستنی ژیانی هه‌موومانه‌‌ .~ . .

    كۆمێنتی بلوگه‌ر
    كۆمێنتی فه‌یسبووك

0 كۆمێنته‌كان :

إرسال تعليق

HTML5 Icon