Mountain View
نوێ
چاوه‌ڕێكه‌ بۆ داگرتن
HTML5 Icon

گۆشتخواردن خراپترین سەرشۆڕیە

قوربانیانی ورگ





هەموو ئەو مرۆڤانەی كە لە كوشتارگەكان كار دەكەن تەنها یەك بیرۆكە لە مێشكی تاریكی ئەواندا جێگیر بووە و ئەویش پارەیە و بەرژەوەندی تاكەكەسی. كوشتن بە نیسبەت ئەوانەوە وەك دڕاندنی كاغەزی لێهاتووە و بە تەواوەتی لە هەستی ئەخلاقی بێبەشن.
چاكتر وایە پێش ئەوەی بچینە ناو كرۆكی بابەتەكەوە،ئەو دڕندەیی و نادادپەروەرییە لە هزر و یادی خۆماندا وێنا بكەین كە لە خو و عادەتی گۆشتخۆریەوە سەرچاوە دەگرێت. ئایا ئەزانن كە پێویستی یان چێژوەرگرتن لە گۆشتخۆری،ڕۆَژانە دەبێتە هۆی كوشتنەوەی هەزاران ئاژەڵی خۆماڵی؟ بگرە له‌هه‌زارانیش زیاتره‌*

 ئەگەر لەشكری بێشوماری ئەو ئاژەڵە بەستەزمانانە بژمێرین كە ڕۆژانە لە ڕاوگەكان،ماسی فرۆشیەكان، مریشك فرۆشیەكان و ... ، قوربانی دەكرێن،ژمارەیان لە چوارسەد ملیۆن زیندەوەر تێپەڕ دەكات كە تەنها لە بەر حەزی چەپەڵ و ورگپەرستی مرۆڤەكان دەكوژرێنەوە. مەزەندە كراوە لە سەر لافاوی ئەو خوێنەی كە بە هۆی ئەم كوشتارە قێزەونەوە هەڵدەستێت ئەتوانن بە ئاسانی بەلەم لێبخوڕن. بەڵام كوشتنەوەی ئەم ئاژەڵانە هەروا بە ئاسانی ئەنجام نادرێت بەڵكوو پێش كوشتنەوەیان بە شێوەیەكی دڕندانە ڕەفتاریان لە گەڵ دەكەن،ڕەوەی ئەو ئاژەڵانە لە شارە دوورە دەستەكانەوە بۆ ماوەی پانزە یان سی ڕۆژ بە زەبری دار و شەلاق ئەدرێنەبەر و ئەگەر لە نیوەی ڕێگا لە تاو ماندوویەتی هێزیان تێدا نەمێنێت و بكەون،بە لێدان هەڵیاندەستێننەوە و هەندێك جاریش بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ بە بێ‌ خۆراك لە ژێر تینی گەرمای هەتاو،یان لە ناوگەوڕە پیس و بۆگەنەكان دەمێننەوە. هەندێكیان مردار دەبنەوەو هەر كاتێك یەكێكیشیان لە نیوەی ڕێگا بزێت،بۆ ئەوەی لە كاروان جێنەمێنێت بێچووەكەی لە پێش چاوی دایكی سەردەبڕن. هێشتا ئاژەڵە بەستەزمانەكان ماندوویەتەیان دەرنەچووە كە بە قەمچی و شەلاق بەرەو كوشتارگەكان ڕەوانە دەكرێن. هەر بە گەیشتنیان بەم بینا پیسە خەماویە،لەلایەكەوە بۆنی ئەو خوێنەی كە دڵی مرۆڤ تێكدەدات،زەوی شێدار،ئەو خوێنە تازەیە كە لە هەموو لایەكەوە دەڕوات،هاواری دڵتەزێنی ئاژەڵەكان،ئەو لاشانەی كە خەڵتانی خوێنی خۆیانن و پەلەقاژەیانە،ئەو قەسابانەی كە بۆ كڕینی لاشە مرداربووەكان هاتووچۆ دەكەن و لە لایەكی تریشەوە ناڵەی مەڕوماڵاتەكان و جنێودان و هات و هاواری مرۆڤەكان؛ ئاژەڵە بەستەزمانەكان بە بینینی ئەم دیمەنە قێزەونە و بۆنی گۆشتی گەنیو و خوێنی براكانیان ، پێشبینی چارەنووسێكی سامناك بۆ خۆیان دەكەن.
پێشوازیكەرانیان بە ڕووخسارێكی دڕندانە و چڵێسانە دێنە پێشەوە و هەریەكەیان كێردێكی خوێناوی بە دەستەوەیە و بەركۆشیان لە ڕەنگی لەپارە خوێن و چەوری ئەدرەوشێتەوە،پاشان بە زەحمەت لێكیان جیادەكەنەوە و هەریەكەیان بۆ گۆشەیەك ڕادەكێشن ئینجا دەست و قاچی ئاژەڵەكە دەگرن و دەیچەمێننەوە و ئەگەر بیەوێت بەرگری بكات و خۆی نەدابەدەستەوە بە پێ‌ لەقە و لێدان تەختی سەر زەوی دەكەن. ئاژەڵەكە شێتانە هەوڵ دەدات خۆی لەژێر دەستی خوێنڕێژەكە ڕزگار بكات بەڵام ئەو سەری با دەدات و گەرووی بە كێرد پارە دەكات و ئەو كات خوێن فەوەران دەكات. هەرجارێك كە هەوا لە سییەكانی دێتە دەرەوە دەنگێكی وشك درووست دەبێت و خوێن بۆ هەموو لایەك پەرش و بڵاو دەبێت،پاش ئەوەش فەترەیەك لە ناو خوێنی خۆیدا پەلەقاژە دەكات و هێشتا گیانی دەرنەچووە كە سەر لە لەشی جیادەكەنەوە و فووی تێدەكەن. چاوە ڕەش و درەوشاوەكانی كە تا پێش چەند خولەكێك لە ژیان لێوانلێو بوو،تەم و غوباری مەرگ پەردەیەك دەكێشێت بە سەریداو زمانی لە گەڵ كەفێكی خوێناوی لە دەمی دێتە دەرەوە پاشان ورگی هەڵئەدڕن و دڵ و ڕێخۆڵەكەی ڕادەكێشنە دەرەوە. بۆنی ئەو پشقەڵ و هەڵمەی كە لە هەوادا پەرش و بڵاو دەبێت و ئەو خوێنە پیس و گەنیوەی كە مێش و مێشوولە لە سەری دەنیشنەوە و دەفڕن،دیمەنێكی قێزەون و ترسناك وەدەر دەخات .
قەسابەكان تا بن باڵیان دەستیان دەكەن بە ناو ورگ و ڕیخۆڵەی ئاژەڵەكە ئینجا پێستەكەی لێ‌ جیادەكەنەوە و پاشان لاشە لەرزانەكانی ئاژەڵەكان بە سەری بڕاو و لاجانگی شین و مۆر و ورگی پارەپارە و جەرگی خوێناویەوە لە ناو ئوتومبێل بە قولابەوە هەڵدەواسرێن و بەرەو دوكانی قەسابیەكان ڕەوانەیان دەكەن. ئەوانیش ئەم كەلاك و لاشانە وەردەگرن و سەر لەنوێ‌ دەست و بەركۆشی خۆیان خوێنئاڵین دەكەن و پارچە گۆشتەكانیش دەفرۆشرێن.
خەڵك ورگی خۆیان لەم گۆشتی مرداربووە پڕ دەكەن و لە هەموو ماڵەكاندا لە كاتی نانخواردن،بۆنی دڵتێكدەری ماسولكە كوڵیو و سوورەوكراوەكان كە بە هەزار جۆرە ڕەنگ و بەهارات ڕازاوەتەوە،دەبیسترێت. مناڵ،ژن،پیاو،هەموویان لەم پارچە گۆشتانە دەخۆن و ئەمانە هەر ئەو مرۆڤانەن كە لافی پەروەردە و ئەخلاق و داوێنپاكی و خۆپارێزی و میهرەبانی لێدەدەن. دادوەر،مامۆستا،هۆنیار،ئەدیب،وێنەكێش،نووسەر و هەمو ئەو كەسانەی كە گومانیان وایە لە ژیانیاندا ژیانێكی سەرتر و بەرزتر لە پارەپەرستی و ورگپەرستیان هەیە،كاتێك كە دەیانەوێت بیر لە شتێك بكەنەوە یان قسەوباس لە سەر بابەتێك بكەن،گەدەیان پڕە لە لاشە و لەپارە خوێنی بوونەوەرەكان و سەنگینی لە سەر دەكەن .
ئەم دۆخە زۆر ترسناكە،نەك لە ڕووی ئازار و ئەشكەنجەی ئاژەڵەكانەوە بەڵكوو لە بەر ئەوەی كە مرۆڤ بەبێ‌ هۆ،هەست و سۆز و هاوپەیمانی لە گەڵ بوونەوەرەكانیتری سرووشتی،لە ناو خۆیدا بە زۆر خنكاندووە .
ئەمانە هەمان ئاژەڵە بێ‌ ئازارو دەستپەروەردانەن كە ئادەمیزاد شیرەكەیان دەدۆشێت،خوریەكەیان لە بەردەكات و هاویاری مناڵەكانیان بوون. بەمەش ڕازی نەبووە و دەیەوێت خوێنیان بنۆشێت. میهرەبانی چ ووشەیەكی پووچ و ناوێكی بێ‌ ناوە. ئەگەر ئەو كەسانە دڵێكی هەستیاریان هەبێت و بیر لە ئەشكەنجە و ناڵە و هاوار و نیگا خەماویەكانی هەموو ئەو ئاژەڵانە بكەنەوە كە لە كوشتارگە گشتی و تایبەتیەكان سەر دەبڕدرێن،بە تەواوەتی دەست لە خواردنی گۆشت هەڵدەگرن و لێی بێزاردەبن .
(پیێر لێرمیت) لە ووتارەكەی خۆیدا دەنووسێت: (( بینیم كە شەمەندەفەرێك لە بەردەم كوشتارگەیەك وەستا،ئاژەڵە بەستەزمانەكان بە ترس و لەرزەوە هاتنە دەرەوە و لە سەر شۆستەكە پەرش و بڵاو بوونەوە. مرۆڤەكان بە بەركۆشی خوێناویەوە كە كۆمەلێكیان كێرد بە لاكەمەریانەوە بوو هاتووچۆیان دەكرد. خوێن لە هەموو لایەكەوە ڕەوان بوو. لەوێ‌ ئەو مەڕو بەرخانەیان سەردەبڕی كە لە ترسا شێت بوو بوون... مانگایەك و گوێرەكەكەشی،خۆیان بە دەست بكوژەكانەوە دابوو و سەریان خستبووە لای سەری یەكەوە هەرچەندە لێدانەكانی خاوەنە دڵڕەقەكەیان گێژی كردبوون. لە سەرانسەری ئەم بینایە دەنگی ناڵە و هاوارە دڵتەزێنەكانی ئەو زیندەوەرانە دەبیسترا كە لە بینینی هەموو جۆرە ڕەحم و دڵسۆزیەك بێبەشن و مۆڵەتی ژیانیان نادرێتێ‌ و تەنها قەتڵوعام دەكرێن )) .
تا ئەو كاتەی كە هەستە سرووشتی و پاك و بێگەردەكانی دڵی خۆمان بە زۆر نەخنكێنین، ئاشكرایە كە لە ناخی مرۆڤدا جۆرە هەستێكی ڕق لێبوون و نەفرەتاوی بەرامبەر بە كوشتن و ئازاردانی بوونەوەرەكانیتر هەیە و هەروەها ئاشكراشە ئەگەر هەموو خەڵك ناچار بكرێن ئەو ئاژەڵانەی كە دەیخۆن بە دەستی خۆیان بیانكوژنەوە،زۆربەیان دەست لە گۆشتخۆری هەڵدەگرن.ئەم شۆڕشە سرووشتیە و ئەم بێز و نەفرەتە لە دژی خۆراكی خوێنین،لەلای ئەو كەسانەی كە دەبن بە ڕووەكخۆر،پاش چەندین مانگ زیاتر دەبێت. نابێ‌ هەستە سرووشتیەكانی خۆمان بە كەم و هیچ و پووچ بزانین بەڵكوو دەبێت وەكوو دڵناسكی و بەزەیی لە قەڵەمی بدەین. هیچ شتێك ئەوەندەی نەفرەت و بێزاری مرۆڤ بەرامبەر بە كوشت و كوشتار سرووشتی نیە،چونكە بۆ ئەم كارە درووست نەكراوە و ئاژەڵە دڕندەكان هەست بەم بێزاری و نەفرەتە ناكەن. دەبێ‌ ڕێزگرتن لە ژیانێك كە لە ناخی ئادەمیزاددا هەیە لە پێش چاو بگرین،چونكە لەو سەرتر و بەرزتر هیچ شتێكیترمان نیە .
كوشتنی ئاژەڵەكان و زوڵم لێكردنیان،ڕیسواكردن و جنێودان بە شەرافەت و پلەوپایەی مرۆڤایەتیە.درووستبوونیان،لەدایكبونیان،یاری و خۆشی و شادی،ئازار چەشتن،سۆزی دایكایەتی،ترس لە مەرگ و هەواو هەوەسی ئەندامەكانی لەش و هەروەها مەرگ و چارەنووسیان وەكوو مرۆڤ وایە.دەڵێن ڕۆحی ئەوان لە ئاستێكی نزمتر و كەمتردایە،بەڵێ‌ باش، بەڵام هەرچۆنێك بێت وەك ئێمە هەست بە ئازار و شادی دەكەن. ئەم ئاست نزمیەشیان بە نیسبەت ئێمەوە ئەركی براگەورەییمان بۆ دیاریدەكات نەك مافی خوێنڕشتن و زوڵمكردن. ئەم گۆشتەی كە خەڵك دەیخۆن،دەرد و ئەشكەنجەی زیندەوەرە بێ‌ گوناە و بێ‌ ئازارەكانە كە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن. خوێنە ڕژاوەكەی ئەوان هاواری تۆڵەسەندنەوە سەرئەدات و نەفرەت بۆ مرۆڤ و ئەو هەسارەیە دەنێرێت كە لە سەری دەژی .
كەسانێك هەن كە ڕازی نابن هیچ ئاژەڵێك ئازار بدەن،بەڵام بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خەڵكانیتر ناچار بە ئەنجامدانی ئەم كارە دەكەن. هەر كەس گۆشت دەخوات دەبێ‌ قۆڵ هەڵماڵێت و خۆی ئاژەڵەكە بكوژێت،چونكە گیانلەبەرە دڕندەكان جێگر و یاریدەدەر بۆ خۆیان دانانێن یان بە لایەنی كەم خۆیان هەنگاوی یەكەم دەهاوێژن و چاوەڕێ‌ ناكەن و سەیر بكەن كە ئەم خۆراكە بە تامەیان چۆن بۆ ئامادە دەكرێت. خۆشبەختانە هەمیشە كوشتارگەكان لە دەرەوەی شار و دوور لە چاوی خەڵك درووست دەكەن بۆ ئەوەی تاواناكانی كوشتنیان لێبشارنەوەو بیپۆشن. كوشتارگە داهێنانی ئاژەڵی دوو پێیە،هیچ گیانلەبەرێكی دڕندە و خوێنمژ بەم سەرشۆڕیە نێچیری خۆی ناخوات. مرۆڤ ڕووی گورگ و گیانلەبەرە خوێنمژەكانیتری سەر ڕووی ئەم زەویەی سپی كردووە .
هەموو ئەو مرۆڤانەی كە لە كوشتارگەكان كار دەكەن تەنها یەك بیرۆكە لە مێشكی تاریكی ئەواندا جێگیر بووە و ئەویش پارەیە و بەرژەوەندی تاكەكەسی. كوشتن بە نیسبەت ئەوانەوە وەك دڕاندنی كاغەزی لێهاتووە و بە تەواوەتی لە هەستی ئەخلاقی بێبەشن.
پارەپەرستی و ورگپەرستی،هەموو هەستە بەرزەكانی مرۆڤ دەخنكێنێت. بۆ نموونە بۆ فرۆشتنی پێستە،بێچووی ئاژەڵەكە بە زیندوویەتی لە ورگی دەردەهێنن و بە پێ‌ لەقە ئەوەندە دەكێشن بە سەر سكی ئاژەڵە سكپڕەكە بۆ ئەوەی بێچووەكەی دانێت،ئینجا لە پێش چاوی دایكی سەردەبڕن و پاش پێست گرتنەوەی ئاژەڵەكە،ئەو كۆرپەلەیە وا لەشی لە باتی گۆشت لە كەف و مادەی لینجی خوێنین پێكهاتووە،بۆ فرۆشتن بە دەوری شاردا دەیگێڕن و لاشە شین و مۆرەكەی دڵۆپە دڵۆپە خوێنی لێدەتكێت! چ نمایشێكی قەشەنگە.
بۆچی دەبێ‌ ژیانی زاڵمانەی ئادەمیزاد بە بێهوودە ببێتە هۆی ئازار و ئەشكەنجەی بوونەوەرەكانیتر و بە نابووتكردنی شادی و خۆشبەختی ئەوان،سوودێكی خەیاڵی دەستكەوێت؟ ئایا شارستانیەتەكەی وادەخوازێت كە ئالوودەی خوێنی بێ‌ گوناهان بێت؟ هەرچی بچێنن هەر ئەوەش ئەدروونەوە. مرۆڤ خوێن دەڕێژێت،تۆی زوڵم و نادادپەروەری دەچێنێت،كەواتە لە ئەنجامدا بەرهەمی شەڕ و وێرانی و كوشت و كوشتار دەدروێتەوە. مرۆڤایەتی پێشناكەوێت،ئارام و ئۆقرە ناگرێت و ڕووخساری خۆشبەختی و ئاشتی و ئازادی بە خۆیەوە نابینێت تا ئەو كاتەی كە گۆشت بخوات .
ئەم هەڵەیە لە شوێنێكەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەویش ئەوەیە كە مرۆڤ وا گومانی كردووە كە بۆ ژیان ناچارە بكوژێت و گۆشت خۆراكێكی وزەبەخش و هێزدەرەو ئەگەر نەیخوات،دەمرێت. ئایا ژیانی مرۆڤ بە خواردنی گۆشتەوە بەستراوەتەوە؟ ئایا خواردنی گۆشت بۆ لەشی مرۆڤ بە سوود و پێویستەو هێزێكی زیاتری پێدەبەخشێت یان زەرەر و زیانی هەیە و دژی تەندرووستی و ژیانی مرۆڤە؟
ئەمە دەردێكی بێ‌ دەرمان و تاوانێكی نەووتراو و خراپترین سەرشۆڕیە. ئێمەش بە هۆی زانستە نوێكانەوە،زانستی ژیان و ئاناتۆمی لەش و زانستی ئەندامەكان و بیروڕای پزیشكان و ئەزموونە كرداریەكان و ...،ڕوونیدەكەینەوە كە گۆشت نە تەنها بۆ لەشی مرۆڤ پێویست نیە،بەڵكوو لە زۆر ڕووەوە زەرەرو زیان گەلێكی قورسی خستۆتە سەرشانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بۆ لەش،جگە لە هاندەرێكی كوشندە هیچیتر نیە.

نوسینی: صادق هیدایه‌ت

وه‌رگێڕانی: ناصح مه‌وله‌وی زاده‌
"چاوه‌ڕوانی بابه‌تی زیاتری "صادق هیدایه‌ت" بن كه‌، به‌ڕێز"ناصح مه‌وله‌وی زاده‌" هه‌ستاوه‌ به‌ وه‌رگێڕانی.

ئەمە دەردێكی بێ‌ دەرمان و تاوانێكی نەووتراو و خراپترین سەرشۆڕیە


له‌باره‌ی ruakxor

ڕووه‌كخۆر‌ : پاراستنی ژیانی هه‌موومانه‌‌ .~ . .

    Blogger Comment
    Facebook Comment

2 كۆمێنته‌كان :

  1. babateki grnga dabet rachawy zor layan bkret ta ba sanay i xoenar dway anjamakay bkawet A sheway peshkashkrdny babataka ta sadau ba tam u chezh bet B halsangandnu barawrd krdny bashewayaky zanstyana (la roy Vitamin awa ) C Lary bary darunyaw shy bkretawan ka hast u sozy hamu kasek bjulenet D rastyany mezhu bas bkre n

    ردحذف
  2. شۆڕش شه‌ریف زاده‌9 فبراير 2012 في 1:07 ص

    ده‌ستخۆش كاك ئازاد بۆ تیبینی و پێشنیازه‌كانت، بێگومان ئه‌وخاڵانه‌ی به‌ڕێزتان له‌جێگه‌ی خۆیدایه‌، له‌هه‌وڵداین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌وخاڵانه‌ و زۆری تریش، هه‌روه‌ها خۆشحاڵین به‌وه‌ی به‌ڕیزتان یه‌كه‌م كه‌سن به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تێبینیتان ئاراسته‌ كرووه‌، ڕوه‌كخۆریی كارێكی مرۆڤانه‌یه‌ و ماڵپه‌ڕی ڕوه‌كخۆریش هی هه‌موو مرۆڤێكی ڕاستویسته‌، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز.

    ردحذف

HTML5 Icon