خۆراكی سرووشتی مرۆڤ(بهشی1)
ئەو بەڵگە بەهێزانەی كە بۆ پاڵپشتیكردنی ڕووەكخۆربوونی مرۆڤ لە بەردەستدایە،زۆر ڕوون و هەستپێكراوە كە زۆربەی خەڵك هەستی پێناكەن. ئەگەر سەیری سرووشت بكەین، دەبینین كە ئەم زانا كارامە و كارزانە،خۆراكی هەموو بوونەوەرەكانی سەر ڕووی زەویی بە زانستە حەكیمانەكەی خۆی و هاوسەنگیەكی زانستی،بە پێی پێكهاتەی لەشی هەریەكەیان ئامادە كردووە و پێشكەشیان دەكات؛بەشێوەیەك كە ناچارمان دەكات لە بەردەم ڕاز و نهێنیەكانی،سەری ڕێز و كڕنۆش دانەوێنین. گیایەك بۆ زۆنگاو درووستبووە و ئەویتریش بۆ بیابان. پێكهاتەی دەم و دانی گیانلەبەرێك بۆ لەوەڕین و دانێكیتریش بۆ پارەپارە كردن و یەكاڵەكردنەوە درووست بووە و ... واتە هەریەكەیان بە درێژایی هەزاران هەزار سەدە،ئەو خۆراكەیان پەسەند كردووە و بەكاریان هێناوە كە شیاوی پێكهاتە و پێداویستیەكانی لەشیان بووە. ئەگەر قامیش یان زەلێك لە زۆنگاو دەربهێنن و بیبەن لە بیابانێك بیچێنن،بە زووترین كات وشك دەبێت. ئەگەر گۆشت دەرخواردی مەیمونێكی میوەخۆر بدەن،زۆری پێناچێت هەموو مووەكانی لەشی دەوەرێت و نەخۆش دەكەوێت. هەروەها هەر جۆرە گۆڕانێكی خۆراكی دەبێتە هۆی درووستبوونی گەندەڵی و نەخۆشی و مەرگ،چونكە پێچەوانەی یاسا نەگۆڕەكانی سرووشتە .
مرۆڤیش زیندەوەرێك نیە كە پێكهاتەكەی لە دەرەوەی ئەم یاسایە بێت كە ژیانی گیانلەبەرەكانیتر بەڕێوەدەبات،ئەویش زادەی سرووشتە و لە ئەنجامی تەواوكاری ئاژەڵەكان درووست بووە و پەیوەندیەكی نزیكی لە گەڵیاندا هەیە. هەركاتێك لە هەموو ڕوویەكەوە ئەو لە گەڵ گیانلەبەرەكانیتر بەراورد دەكەین،دەبینین كە نە هاوچەشنی ئاژەڵە دڕندەكانەو نە لە ئاژەڵە ئالیكخۆرەكانیش دەچێت. ئەگەر پێكهاتەی لەشی مرۆڤ بۆ گۆشتخۆری درووست بكرایە،دەبوایە بیتوانیبایە دوای ئاژەڵە كێویەكان بكەوێت و وەكوو گیانلەبەرە دڕندەكان نێچیری زیندوو بە چنگ و پەنجە و ددانەكانی پارەپارە بكات و گۆشتی كاڵ بە ڕەگ و چەوری و پێست و ئێسقانەوە بخوات بەڵام ئەو تەنها خۆی بە خواردنی ماسولكەكانی ئاژەڵێك ڕازی كرد كە بە شێوەیەكی دەستكرد دابەستەكراوە و كوژراوەتەوە و ئامادە كراوە،كە ئەمەش پێچەوانەی سرووشتە.بەڵام فەرامۆشی كردووە كە ئامێرێكی هەرسكەری دەستكردیش بۆ خۆی درووست بكات و خۆراكە دەستكردەكانی هەرس بكات و لە گەڵ لەشیدا بیگونجێنێت.كەواتە دەبێ مرۆڤ بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ خۆراكی خۆی لە دەستی سرووشتەوە وەربگرێت بە هەمانشێوە كە پێشكەشی دەكات لە شێوەی ئەو میوە خۆش و بەچێژانەی كە لە بەر تیشكی هەتاو كە سەرچاوەی ژیانە،پێدەگەن و پێویست ناكات ئەوەندە خۆی ئەزیەت بدات بۆ ئەەوەی لاشەی ئاژەڵە كوژراوەكان بە ئاو و ڕەنگ و بەهارات بڕازێنێتەوە و خۆراكە سرووشتیەكان فاسد بكات تا خواردنێكی ناسرووشتی و ژەهراوی ئامادە بكات .
گومانیان وایە و هەردەمیش دووپاتی دەكەنەوە،پێكهاتەی لەشی مرۆڤ كە درووستكراوە، هەم گۆشتخۆرە و هەم هەمووشتێكخۆریشە و هەموو خەڵك كوێركوێرانە بڕوایان بەم قسانە كردووە بێ ئەوەی كەمێك بیر لەم بابەتە بكەنەوە و نازانن كە ئەمە،ئەفسانەیەكی پووچە و دوورە لە ڕاستی .
هەروەها مرۆڤ لە مادە خۆراكیەكاندا،نە دەتوانێت پشت بە ئارەزوو و مەیلی خۆی ببەستێت( پاش بیست سەدە بەكارهێنانی خۆراكی دەستكردی خراپبوو ) و نە بە عادەت و خووە پڕ لە هەڵە و تاوانەكانی. تەنها پاش لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە زانستە سرووشتیەكان و هونەری ناسینی ژیانی ئاژەڵی و...هتد،مۆڵەتمان دەداتێ و ڕێنماییمان دەكات بۆ ئەوەی خۆراكی سرووشتی و شیاوی خۆمان بناسین. توێژینەوەكان،مێژووی سرووشتی مرۆڤ و زانستی ئەندامەكان لەم بارەیەوە هەندێك فەرمان و ڕوونكردنەوەمان بۆ دەردەخەن كە بە تەواوەتی پێچەوانەی خووە ناسرووشتیەكانی ئەمڕۆی ئێمەیە و هەروەها هۆكاری ئومێدەواریشە،چونكە ئەگەر ئەم خۆراكە كۆنەی ئێمەی بە ڕاست بزانیبایە بارودۆخی ئێستامان هیچ كاتێك ڕووەو باشی نەدەڕۆشت و هەمیشە ناخۆشیەكان و گەندەڵیە ئەخلاقیەكان لە جێگای خۆیان دەمانەوە .
(كوڤیە) زانا و بیرمەندی گەورە،لە لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانی خۆیدا دەڵێت: (( بە پێی پێكهاتەی لەشی مرۆڤ،وادەردەكەوێت كە خۆراكە سرووشتیەكەی،میوە و بەشە ئاودارەكانی ڕووەكەكان بێت. دەستەكانی بە ئاسانی بۆ چنینی ئەوان بە كاردەبرێت و، لە لایەكەوە شەویلگەكانی كورت و كەم هێزە و لە لایەكیتریشەوە ددانە كەڵبەكانی لە ددانەكانیتری درێژتر نیە و ڕێگەی پێنادات كە نە ئالیك بخوات و نە گۆشتی گیانلەبەران پارەپارە بكات،ئەگەر لە ڕێگای كوڵینەوە ئەم خۆراكانەی ئامادە نەكردایە )) .
لە جێگایەكیتر نووسیوێتی: (( ئەگەر ڕیخۆڵەكانی ئاژەڵێك بۆ ئەوە درووستكراوە كە گۆشتی تازە هەرس بكات،دەبێ پێكهاتەی شەویلگەكانیشی بۆ قوتدانی نێچیر درووستكرابێت. واتە چنگەكانی بۆ گرتن و پارەپارەكردن،ددانەكانی بۆ بڕین و وردكردنی نێچیر،پێكهاتەی هەموو ئەندامانی جموجوڵی بۆ دواكەوتن و گرتنی نێچیر، هەستەكانی بۆ بینینی نێچیر لە ڕێگای دوورەوە و هەروەها دەبێ سرووشت لە مێشكیدا ئەو مەیل و ئارەزووانەی جێگیر كردبێت كە بۆ خۆشاردنەوە و فێل و فڕ بەكاربردن بۆ گرتنی نێچیرەكەی پێویستە. مرۆڤی سەرەتایی بە هۆی دانەودەنكی ڕووەك و میوەكان ژیاوە،هەروەكوو ئاناتۆمی لەش،نینۆكەكان،ددانەكان و ماسولكەكانی،ئەو شایەتیەمان بۆ دەدەن )) .
بیرمەند و زانا گەورەكانی مێژووی سرووشتی وەك (( داروین ))،(( هیگڵ ))،(( هۆكسلی )) ، ((فلۆرێنس)) و ...،لەم بارەیەوە هاوبیروڕان و هەموویان بە بەڵگە سەلماندوویانە كە مرۆڤ میوەخۆرە. ئێستاش ئامێری هەرسكەری مرۆڤ لە گەڵ ئاژەڵە گۆشتخۆر و ڕووەكخۆر و هەمووشتێكخۆرەكان بەراورد دەكەین بۆ ئەوەی بزانین لە كامەیان دەچێت :
ئاژەڵە دڕندەكان،ددانە بڕندەكانیان زۆر بچووكە بەڵام ددانە كەڵبەكانیان گەورە و درێژترە. ددانەكانی هاڕینیان تیژ و بڕندەیە بۆ ئەوەی بتوانن نێچیرەكانیان پارەپارە بكەن و قووتیدەن. ئالیكخۆرەكان،ددانە بڕندەكانیان درێژە و ددانە كەڵبەكانیان لەوانیتر درێژتر نیە و ددانەكانی هاڕینیشیان پان و تەختە. میوەخۆرەكانیش،ددانەكانیان لە یەك ئاستدایە و تەنها ددانە كەڵبەكانیان بە شێوەیەكی هەستپێنەكراو،بەرجستەترە بەڵام ناتوانێت كاری هەڵدڕین و پارەپارەكردن ئەنجامبدات. ددانەكانی هاڕینیان نە بڕندەیە و نە پان،واتە نە بە كەڵكی پارەپارەكردنی گۆشت دێت و نە بە كەڵكی جووینی ئالێك. تەنها بۆ خواردنی دانەوێڵە و میوەكان بە كاردێت .
نوسینی: صادق هیدایهت
وهرگێڕانی: ناصح مهولهوی زاده
ڕهفتاری مردوخۆر ببینه
[pe_estro_slider id="6"]
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق