ئێستا که له هه‌زاره‌ی پڕ له‌ئاژاوه‌ی سێ دا ده‌ژین ، پێویسته له زۆر کرده‌وه‌ی خۆمان بڕوانینه‌وه و به بۆچوون و به فه‌رهه‌نگێکی ئه‌مڕۆیی ، لێ یان ورد ببینه‌وه ، که یه‌کێک له‌وانه داب ونه‌ریتی "راو" ه .
سه‌رده‌مێک له مێژو ، که هێشتا مرۆڤ فێری کشت و کاڵ نه‌بوه ، بۆ وه‌ده‌ست هێنانی بژیوی خۆی و درێژه‌دان به ژیان ، پێویستی به خواردنی گژ و گیای کێوی بوه و زوربه‌ی ژیانی خۆی ، به خواردنی گژ و گیا ، دابین کردوه و گوزهراندویه .
چون مرۆڤ له بنه‌چه‌ک و بنه‌ڕه‌ت دا ، گیانله‌به‌رێکی گۆشت خۆر نیه و نه‌بوونی ئه‌ندامگه‌لی تایبه‌تی و خۆڕسکی گۆشت خواردن ، وه‌ک ئه‌ندامگه‌لی گۆشت خواردنی " پڵنگ " ؛ " گورگ " و " داڵ " وهتد ، به‌ڵگه‌ی ئه‌م وته‌یه‌یه ، تا دۆزینه‌وه‌ی ئاور و دو و توانایی له به‌ستێنی کۆڵاندن ، برژاندن و ئاماده سازی گۆشت دا ، زۆر له بیری کوشتنی گیانله‌به‌رانی کێوی دا نه‌بوه ، مه‌گه‌ر بۆ جه‌نگی درێژه دان به ژیانی خۆی ، یانی پاراستنی گیانی له ده‌ست ژینه‌وه‌رانی دڕنده و جڕ و جانه‌وه‌ری مرۆڤ کوژ و مرۆڤ خۆر! .
به‌ڵام له پاش دۆزینه‌وه‌ی ئاور و دو و توانایی کۆڵاندن و برژاندنی گۆشت ، مرۆڤ فێری گۆشت خواردن و راو بوه و زوربه‌ی پێداویستی خواردنی خۆی ، له راو کردن و له گۆشتی گیاندارانی کێوی دابین کردوه ، تا له پاشان هێندێک له‌و گیاندارانه‌شی رام کردوه و وه‌ک ئاژه‌ڵی ماڵی به‌خێوی کردوون ، که‌ڵکی له گۆشت و به‌روبوومه که‌یان وه‌ر گرتوه . ئه‌و مرۆڤانه‌ش ، که ده‌ستیان به چۆم ، که‌نداو ، ده‌ریا و سه‌رچاوه ئاویه‌کان گه‌یشتوه ، گیاندارانی ئاویان به توڕ و قولاپ و مولاپ ، راو کردوه و ئیدی وای لێ هاتوه ، راو کردن و خواردنی گۆشت بوه‌ته یه‌کێک له بژیوه سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤ و فه‌رهه‌نگی راوکردن ، به‌ندی و ده‌سته مۆکردنی گیانله‌به‌رانی کێوی و گرتن و له قه‌فه‌س کردنیان ، به فه‌رهه‌نگێکی ره‌وا و بگره ئازایه‌نه زانراوه ، به تایبه‌ت له ده‌ڤه‌ری هه‌ڵه‌مووت، کوێستانی و شاخاوی کورده واری دا ، که ژینگه‌ی زۆر له گیانله‌به‌رانی جۆربه‌جۆره .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به چاوێکی رووناک بین ، به‌زه و دڵۆڤانانه بڕوانین ، راوکردنی ژینه‌وه‌ری وشکایی یا ده‌ریاییه کان ، هه‌ر شتێکه وه‌ک ئه‌نفالی خودی خۆمان به هۆی بیانیه‌کان: به چاوی خۆم دیومه بۆ کوشتنی ماسی و شت ، دینامیتیان ده‌خسته نێو چۆمه‌کان یا ژاریان تێ ده‌کردن ، ته‌واوی ژینه‌وه‌ری هه‌ژاری ئه‌و چۆمانهیان ، وه‌ک حه‌له‌بچه ( هه‌له‌بجه) بۆمباران و کیمیا باران ده‌کرد و پاکیان ، یا ده‌کوشتن یا به جارێ شه‌ل وپه‌ت و دهغهزاریان ده‌کردن !!! . یا بۆ وێنه راوچیه‌کان ، زۆر تر هه‌ر بۆ سه‌یر سه‌یاحه‌ت ، رابواردن و گه‌مه ، ده‌چوون سیپه ( که‌مینگه ) یان دروست ده‌کرد و له‌وێوه ، به ناخافڵ و به ره‌شه‌کوژی ، ژینه‌وه‌ری وه‌ک که‌و ، ئاسک ، مامز ، مراوی ، چێرگ و شتیان ، به ناجوامێری و له ناکاو ده‌کوشت .
یا بۆ وێنه ، بۆ رابواردن و فڵان و فیسار ، که‌وی جوانی مل به خاڵی قاسپه خۆشیان ده‌کرده قه‌فه‌س ، یا ده‌یانکرد به جه‌رده‌وان و ده‌چوون که‌وی دیکه‌یان پێ ده‌گرتن و له پاشان ئه‌وانیشیان سه‌رده‌بڕێ . یا وه‌ک کورد ، ده‌یان دان به‌شه‌ڕ و کابرای راوکهریش به فیز و ده‌مار و پله‌زیقان، ده‌ستی ده‌نا که‌لله‌که‌ی و سه‌یری ده‌کردن !!!.
یا هی وابو دێ‌و جامه و ته‌ڵه‌یان ده‌ناوه و به فێل و دهۆ گیانله‌به‌رانی کێویان ده‌گرت ، قهڵخیان ده‌کردن ، پێسته‌که‌یان دهکهندن و ده‌یانکرده سیپاڵ و ژێره‌خه‌ر و شتی وا .
گه‌لۆ ! ئه‌گه‌ر په‌رده‌ی ئه‌ستووری خو وخده‌ی نابار ، به ئامرازی ئاوه‌ز، له سه‌ر چاومان لا بده‌ین ، به تایبه‌ت چون ئیمه وه‌ک گه‌لی کورد، بیلامانێ زۆرداران زوربه‌ی ئه‌و کاره‌ساتانه‌یان نا جوامێرانه به سه‌ر خۆمان هێاوه ، ده‌بێ بزانین که ئه‌مانه‌ش بۆ خۆی چه‌شنه ئه‌نفال ، عهزروجهزر ( ئه‌شکه‌نجه) ، به‌ندی کردن و کیمیا بارانێکن و دڵنیام ، سیستمی خولقێنه‌ری دادگه‌ری جیهان ( خودا) ، گۆی زه‌وی هه‌ر به ته‌نیا بۆ مرۆڤ دروست نه‌کردوه . له‌و بازنه مه‌زن ، پان و ههراوهدا ، ته‌واوی خولقاوه کان مافی ژیانیان هه‌یه که لێره‌دا ، من ناوی ئه‌م مافه ده‌نێم مافی گیانداران ، نه‌ک مافی مرۆڤ ، که پێویسته گشت گیاندارێکی به به‌زه و ئاوه‌ز ، به پێی هه‌ست و بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به‌وی دیکه هه‌ڵسوکه‌وت بکا ، ده‌نا ده‌بیته جه‌نگه‌ڵی مه‌ولا !!!.
لێره دا به پێویستی ده‌زانم ،که له خه‌ڵکی کوردی دڵۆڤانی ده‌ڤه‌ری بارزان و ده‌وروبه‌ی یادی به‌خێر بکه‌م ، که تا جێگه‌یه‌ک من بیستوومه ، خۆیان له کوشتنی گیان له‌به‌رانی کێوی و ته‌نانه‌ت زۆر جار له بڕینی بێ هۆی دار ، په‌ردو ، گوڵ و بنچکیش ده‌پارێزن -، ئه‌و خه‌لکه هه‌ژاره‌ی که رێژیمی سه‌ددام ، وه‌ک زۆر له کوردگه‌لی دیکه ، به هه‌زاران که‌سی لێ ئه‌نفال و بۆمباران کردن . له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه -، کوشتار و قڕانی (قڕکردنی) ئاژه‌ڵه هه‌ژاره ماڵیه‌کانیش ، له چوار چێوه‌ی ئه‌م نووسینه‌دا ، نا گونجێ و راڤه‌ی به‌رفراوانی گه‌ره‌که – به‌ڵام ره‌نگه ئه‌گه‌ر پرسیار له هێندێک مرۆڤ بکرێ که ئه‌م کوشتاره چۆن ده‌نرخێنن ، بێژن " کاکی خۆم ! کوا ئێمه به بێ حه‌م کردن (ئه‌شکێل نان) ی قاورمه ، شاورمه ، شامی قۆزی ، که‌باب تورکی ، موشه‌ککه‌ل و فڵان و فیسار هه‌ڵ ده‌که‌ین ، به مسقاڵ باسی ئه‌و بیرۆکه سه‌یره تازانه هه‌ر مه‌شکه - ئێمه " به ناو ئه‌شره‌فی مهخلووقین " ، له کتێبه‌که‌ی به‌رێز مه‌لا ساڵه‌ش دا نووسراه ؛ کاو دان وێنجه و فڵان بۆ ئاژه‌ڵ و پهلهوهرهگهل دابین ده‌که‌ین ، عاره‌ب کوته‌نی (وه‌لی نیعمهتیانین) و مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه ، سه‌ریان ببڕین ، بیانکوژینهوه و هه‌رچی ویستمان به‌سه‌ریان بهێنین " ، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵه ماڵێه هه‌ژاره کانیش زمانیان ببوایه ، بیانوتایه " نه کا و دان وێنجه و مێنجه"مان ده‌وێ و نه بشمان کوژنه‌وه . خۆمان له کێو و ده‌شت و ده‌وه‌ن ، ده‌ژین و گژ و گیای خۆڕسکی خودا ، دهخوۆین . به‌ڵام کورد کوته‌نی " !!! " .
ره‌نگه له‌م کاته‌دا ، که مرۆڤ ( به تایبه‌ت مرۆڤی کورد) ، له زۆر جێگه‌ی جیهان وه‌ک خهزۆک و گه‌زۆک ده‌کوژرێ ، قڕ ده‌کرێ و مافی ته‌فروتوونا کراوه ، من باسی مافی ئاژه‌ڵ و گیانله‌به‌رانی کێوی ده‌که‌م ، جێگه‌ی پرسیار بێ ؟ – به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیارێکی وه‌ها ببێ ، چه‌ند پاته‌ی ده‌که‌مه‌وه : " سه‌رگۆی زه‌وی هه‌ر بۆ مرۆڤ نه‌خولقاوه ، گیاندارنی دیکه‌ش مافی ژیانیان هه‌یه ، " راو "یش ، کرده‌وه‌یه‌کی نا جوانه و په‌رژینی قایم بێ ، چه‌شنێکه له کورد قڕان (ئه‌نفالی گه‌لی کورد ) .
تێبینی : زۆر له مێژیشه ئه‌نجومه‌نی پاراستنی گیانلهنهران له جیهان پێک هاتوه ، به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ک رێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه کان ، که بوه‌ته رێکخراوه‌ی ده‌سته‌ڵاته یه‌کگرتوه‌کان - ، بوه به ئه‌نجومه‌نی که‌باب خۆران !!!
نووسینی: ح.س.سۆران
29 / 4 / 2009
سه‌رچاوه: standard
مامۆستا حه‌سه‌ن سه‌لاح(سۆران) له 16 / 9 / 2009 كۆچی دوایی كردووه
[pe_estro_slider id="6"]
0 كۆمێنته‌كان :
إرسال تعليق