Mountain View
نوێ
چاوه‌ڕێكه‌ بۆ داگرتن
HTML5 Icon

سالار تاوه‌گۆزی: له‌ باره‌ی جه‌ژنی قوربان و قوربانییه‌وه‌ له‌ پێناو ئاژه‌ڵدۆستیدا

نوسینی: سالار تاوه‌گۆزی1374551_657076560989318_1462008838_a هه‌وێنی نوسینی ئه‌م وتاره‌م، ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ی هاوڕێی مرۆڤدۆست و ئاژه‌ڵدۆستم (فه‌همی نه‌بی) ییه‌ كه‌ له‌ په‌یجی خۆی له‌ فه‌یس بووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت: " به‌خشینی قوربانی ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیاره‌تی ئه‌نجامدانی گوناه‌ و تاوان، بۆچی ده‌بێت ڕشتنی خوێنی ئاژه‌ڵ بریتی بێت له‌ پاكبوونه‌وه‌ی گوناهی مرۆڤ ؟!، ده‌ست بردن بۆ تێكدانی سووڕی ژیانی گیانله‌به‌ران به‌رامبه‌ره‌ به‌ تێكدانی ژیان له‌ناو جۆرێكی تری بونه‌وه‌ر... ئێمه‌ ده‌بێت گوناه‌ و تاوانه‌كانمان بخه‌ینه‌ سه‌ر مێزی لێپرسینه‌وه‌ی خود، دواتر ئه‌وه‌ ئیمه‌ین ده‌بێت باجی ئه‌و هه‌ڵانه‌ بده‌ین. قوربانی وه‌ك هه‌ر ڕێوڕه‌سمێكی تر كه‌ فه‌لسه‌فه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ ڕاكردن له‌ گوناه‌، خۆدزینه‌وه‌یكی ڕووتی ئینسانه‌ له‌ كرده‌وه‌كان". هه‌تا ئێره‌ بۆچوونی فه‌همی هاوڕێمه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی قوربانی كه‌ له‌و په‌ره‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌ری بڕی بوو. من دوای ئه‌وه‌ی په‌ره‌گرافه‌كه‌م خوێنده‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ بیرۆكه‌ی نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌م له‌لا گه‌ڵاڵه‌ بوو، په‌ره‌گرافه‌كه‌شم له‌په‌یجی خۆم له‌ فه‌یس بووك شه‌یر كرد، به‌مه‌یش په‌ره‌گرافه‌كه‌ چه‌ند كۆمێنتێكی توندی به‌دوای خۆیدا هێناو كه‌سانێك به‌ په‌نابردنه‌ به‌ر ئاینی پیرۆزی ئیسلام و به‌ناوی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رگری له‌و ئاینه‌ ده‌كه‌ن، چه‌ندین وشه‌ی ناشیرینیان به‌كارهێنا كه‌ له‌ ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ئێجگار ناشیرین بوون و وه‌ك ده‌ڵێن: "ڕووی مه‌جلیسیان نه‌بوو". له‌ڕووی ئاینیشه‌وه‌ كۆمێنتی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ زۆر پێچه‌وانه‌ی فه‌رمانی خودای گه‌وره‌ بوون كه‌ له‌ ئایه‌تی (125) سورتی ( النحل) ده‌فه‌رمووێت : "ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ ۖ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ " . وه‌ك له‌ته‌فسیری ( المیسر) دا هاتووه‌، مانای ئه‌م ئایه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خودای گه‌وره‌ فه‌رمانی به‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) وشوێنكه‌وتووانی كردووه‌ كه‌ به‌ قسه‌ی نه‌رم و به‌ ئسلوب یان شێوازێكی گونجاو و به‌باشترین رێگاكانی موناقه‌شه‌ قسه‌ له‌ته‌ك ئه‌وانی دیكه‌ی ناموسوڵماندا بكه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ كۆمێنتی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ بێڕێزییه‌كی نه‌شیاوی به‌ ڕۆشنبیران تێدا بوو، كه‌ ئه‌مه‌یش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئایه‌تی (70)ی سووره‌تی (الاسرا‌ء)یه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت: " ۆڵقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ " و تێیدا خودای گه‌وره‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕێزیان له‌ نه‌وه‌ی ئاده‌م ناوه‌، ئیدی جیاوازی نییه‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌چ بیروباوه‌ڕێكبن. به‌ڵام به‌رێزه‌ كۆمێنت نوسه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ئایه‌تانه‌ی قورئانه‌وه‌ كۆمێنته‌كانیان نوسی، ئه‌مه‌ گوایه‌ مه‌به‌ستیان بوو به‌رگری له‌ ئیسلام بكه‌ن له‌كاتێكدا كه‌ نه‌من و نه‌كاك فه‌همی هیچ بێڕێزییه‌ك به‌رانبه‌ر به‌و ئایینه‌ ناكه‌ین. به‌ڵكو زیاتر مه‌به‌ستمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سانێك له‌په‌نای پارچه‌ په‌ره‌گرافێك یان سروتێكی ئاینیدا گوناهه‌كانی خۆیان له‌به‌رچاوی خه‌ڵكیدا نه‌شارنه‌وه‌، به‌ڵكو باشتر وایه‌ به‌ر له‌ قوربانییه‌كه‌ خۆیان له‌م دونیادا پاك بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ خوێنی ئاژه‌ڵ ئه‌وان له‌م دونیادا پاك ناكاته‌وه‌. ڕاسته‌ قوربانیكردن به‌پێی ده‌قی قورئانی پیرۆزو فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) سرووتێكی ئاینی باشه‌و فریادڕه‌سی خاوه‌نه‌كه‌یه‌تی له‌ قیامه‌تددا، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ئه‌و قوربانییه‌ی ده‌یكه‌ین ده‌بێت به‌پێی مه‌رجه‌كانی ئیسلامبێت و، نه‌بێته‌ مایه‌ی زیانگه‌یاندن به‌ نه‌سلی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ. چونكه‌ هه‌ر خودی پێغه‌مبه‌ر له‌ فه‌رمووده‌یه‌كدا كه‌ (ابن ماجة) و (ئیمامی مالیك) گێڕاویانه‌ته‌وه‌ ده‌فه‌رموێت (لا ضرر ولاضرارا) مه‌به‌ستیش له‌م فه‌رمووده‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ كارێك نه‌كاتن كه‌ زیانی بۆ خۆی و ئه‌وانی دیكه‌ هه‌بێت. ئێستا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بكه‌ین ده‌بینین كه‌ ئاژه‌ڵ بایه‌خ و مافی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، بۆ پاراستنی ئه‌و مافانه‌ش چه‌ندین ڕێكخراویان بۆ پاراستنی مافی ئاژه‌ڵ و له‌ناونه‌چوونی نه‌سله‌كه‌ی دروستكردووه‌. ئێمه‌یش هه‌میشه‌ له‌زانایانی ئاینی ئیسلاممان بیستووه‌ كه‌ ئیسلام له‌ته‌ك هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ده‌گونجێت، ده‌ی با ئه‌و زانایانه‌ موسوڵمانان هانبده‌ن تاوه‌كو له‌ته‌ك ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا خۆیان بگونجێنن و به‌وه‌ی كه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت تا ڕادده‌یه‌ك كوشتنی ئاژه‌ڵ كه‌مبكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ زیاد سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ زیان به‌ نه‌سلی ئاژه‌ڵه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت وه‌ها له‌ مرۆڤیش ده‌كات كه‌ زیاد له‌پێویست گۆشت بخوات و له‌سه‌ر سه‌ربڕین و توندوتیژی ڕابێت، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌كه‌ كه‌ له‌باره‌ی زیانگه‌یاندنه‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكرد. هه‌روه‌ها گۆشتخۆری زیاد له‌ پێویست وه‌ك له‌ توێژینه‌وه‌ پزیشكییه‌كاندا جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی چه‌وری و كۆلیسترۆڵ له‌ خوێندا، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری خراپ ده‌كاته‌ سه‌ر خوێنبه‌ره‌كان. هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی پزیشكیی نوێدا كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامدراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زیاده‌ڕۆیی له‌ خواردنی گۆشتدا ده‌بێته‌ هۆی توشبوون به‌ (شێرپه‌نجه‌ی په‌نكریاس) به‌رێژه‌ی 60% . ئه‌مه‌و ده‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه‌ هه‌ن كه‌ له‌ هه‌مبه‌ر زیانه‌ ته‌ندروستییه‌كانی زیادخواردنی گۆشته‌وه‌، به‌تایبه‌تی (گۆشتی سوور) كه‌ به‌زۆری له‌سه‌روبه‌ندی جه‌ژنی قورباندا دابه‌شده‌كرێت هۆشداریمان پێده‌ده‌ن . زۆر پێویسته‌ زانایانی ئیسلام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ته‌نها باس له‌ خێری قوربانیكردن نه‌كه‌ن، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌و ئایه‌ت و فه‌رموودانه‌ش زه‌ق بكه‌نه‌وه‌ كه‌ باس له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌ته‌ك ئاژه‌ڵ و چۆنیه‌تی سه‌ربڕین و ڕادده‌ی سه‌ربڕینیان و زیانه‌كانی سه‌ربڕینیان به‌شێوه‌ی نادروست ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، زۆرێك له‌ موسوڵمانان له‌باره‌ی ئادابی قوربانیكردن و لایه‌نه‌ ته‌ندروستی و ئاژه‌ڵدۆستییه‌كه‌ی ئاژه‌ڵه‌وه‌ زانیاریی پێویستیان نییه‌، له‌مه‌یشدا به‌ڕای من مامۆستایانی ئاینی ئیسلام كه‌مته‌رخه‌من. باشه‌ ئێمه‌ له‌ ده‌قه‌ ئاینییه‌كاندا چه‌ندین قسه‌ی باشمان ده‌رهه‌ق به‌مافی ئاژه‌ڵان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین كه‌سایه‌تی موسوڵمانن هه‌بوون كه‌ گۆشتی ئاژه‌ڵیان نه‌خواردووه‌، یان به‌جددی قسه‌یان له‌سه‌ر مافه‌كانیان كردووه‌ وه‌ك (ئیمامی عه‌لی) و دكتۆر (راغب السرجاني) و چه‌ندین پیاوی ئاینی ئه‌هلی ته‌سه‌وف، ئه‌دی باشه‌ بۆ زانایانی ئیسلام له‌كن خۆمان له‌كاتی قسه‌كردن له‌سه‌ر قوربانیدا ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مێژووی قوربانی و مافه‌كانی ئاژه‌ڵ له‌ ده‌قه‌ ئاینیه‌كان و له‌لای ڕێكخراوه‌كانی بواری ئاژه‌ڵ له‌م سه‌رده‌مه‌دا تا بتوانن هاوسه‌نگییه‌ك ڕاگرن له‌نێوان ئه‌و ده‌قانه‌ و قوربانیكردن و مافه‌كانی ئاژه‌ڵ له‌كن ئه‌و ڕێكخراوانه‌ ؟!. باشه‌ بۆچی زانایانی ئاینی موسوڵمانان له‌وه‌ ناگه‌یه‌نن كه‌ ئاژه‌ڵ له‌ناو ماڵه‌كان و سه‌رجاوه‌و كۆڵانه‌كان نه‌كه‌نه‌ قوربانی و مه‌ولود، یان ئاژه‌ڵ له‌به‌ر پێی و له‌به‌ر خاتروخۆتری ته‌ندروستی ئه‌م به‌رپرس و ئه‌و به‌رپرس سه‌رنه‌بڕن چونكه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستی و ئاینییه‌وه‌ دروست نین، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ تاوانێكه‌ و له‌خۆڕا ده‌رهه‌ق به‌ئاژه‌ڵ ده‌كرێت ؟!. یان بۆچی پێیان ناڵێن: چیدی سوكایه‌تی به‌ئاژه‌ڵ نه‌كه‌ن و جنێوی پێنه‌ده‌ن و له‌ جنێودا به‌كاری نه‌هێنن، یان به‌ لوتف و نه‌رم و نیانییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ته‌كدا بكه‌ن و به‌دارو به‌رد لێی نه‌ده‌ن و له‌كاریكارتێره‌كانی پێش جه‌ژنی قورباندا له‌ فه‌یس بوك و گۆڤارو ڕۆژنامه‌كان سوكایه‌تی پێنه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ریش سه‌ریان بڕی به‌شێوه‌یه‌ك سه‌ری ببڕن كه‌ توندوتیژی تێدا نه‌بێت و زیاده‌ڕه‌وی نه‌كه‌ن له‌ سه‌ربڕینیدا ؟!.974215_657076397656001_585195368_n باشه‌ ئه‌وان بۆچی موسوڵمانان له‌وه‌ تێناگه‌یه‌نن كه‌ مه‌ولودكردن خۆی بیدعه‌یه‌ و له‌ ده‌قه‌كانی قورئان و فه‌رمووده‌دا باسیان نه‌كراوه‌، ئیدی بۆچی و له‌پای چی موسوڵمانان بچن سه‌دان ئاژه‌ڵ بكه‌ن به‌ مه‌ولود ؟!. باشه‌ بۆچی ئه‌وان له‌كاتی قسه‌كردن له‌ قوربانی ئه‌وه‌نده‌ی باسی سیفه‌ته‌كانی ئه‌و جۆره‌ ئاژه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ قوربانی ده‌شێت، ئه‌وه‌نده‌ باسی سیفه‌ته‌كانی هه‌ندێك له‌ ئه‌و موسوڵمانانه‌ ناكه‌ن كه‌ قوربانییه‌كه‌ ده‌كه‌ن و پێیان ناڵێن: به‌په‌نابردن به‌ سرووته‌ ئاینییه‌ دیاره‌كان خۆتان له‌ گوناهه‌كانتان مه‌شارنه‌وه‌ و هه‌وڵ مه‌ده‌ن به‌م كارانه‌ ڕووتان ماكیاژ بكه‌ن. یان بۆ ئه‌وه‌نده‌ باسی ئسلوبی هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌ربڕه‌كان و بازرگانه‌كانی ئاژه‌ڵ و ئاژه‌ڵداره‌كان له‌ته‌ك ئاژه‌ڵه‌كانیان ناكه‌ن و پێیان ناڵێن: به‌پێی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ترساندنی ئاژه‌ڵ و زیاد له‌پێویست ئیشپێكردنی و ئازاردانی و سه‌بڕینی به‌ ناته‌ندروستانه‌و ناشایستانه‌ به‌ كه‌سایه‌تی ئاژه‌ڵ و خواردن پێنه‌دانی گوناهه‌ و له‌ قیامه‌تدا تاوانه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی خاوه‌نه‌كه‌یدایه‌، بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌قی ئاینی پێویستمان هه‌یه‌ كه‌ لێره‌دا بواری ئه‌وه‌مان نییه‌ ریزیان بكه‌ین. یان بۆچی باس له‌وه‌ ناكه‌ن هه‌ر جۆره‌ خۆحه‌شاردان و خۆجوانكردنێك له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی سروتی ئاینی قوربانی و مه‌ولودكردن كارێكی نه‌شیاوه‌، بۆ باس له‌وه‌ ناكه‌ن ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ مه‌ولود و قوربانی پێده‌كرێت ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی حه‌ڵاڵ بێت، نه‌ك وه‌ك هه‌ندێك كه‌س بچن گیرفان و قۆڵی ئه‌م و ئه‌و ببڕن و گه‌نده‌ڵی بكه‌ن و دواجار له‌ڕێگه‌ی خوێنی ئاژه‌ڵێكی به‌سته‌زمانه‌وه‌ ڕووی خۆیان سوور بكه‌ن له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا. خوازیارم مامۆستایانی ئاینی لایه‌ك به‌لای ئه‌و پرسانه‌ی تایبه‌ت به‌ قوربانی و مافی ئاژه‌ڵدا بكه‌نه‌وه‌. هیوادارم كه‌ خودا قوربانیه‌كانی له‌ موسوڵمانان قه‌بوڵ بكات، هاوكاریی هه‌موومان بكات تاوه‌كو زیاتر له‌ مافه‌كانی ئاژه‌ڵ زیاتر تێبگه‌ین .

له‌باره‌ی ruakxor

ڕووه‌كخۆر‌ : پاراستنی ژیانی هه‌موومانه‌‌ .~ . .

    كۆمێنتی بلوگه‌ر
    كۆمێنتی فه‌یسبووك

0 كۆمێنته‌كان :

إرسال تعليق

HTML5 Icon