ئهخلاق و ڕوهكخۆریی: بهشی دووهم
لە نێوان ئاژەڵە دڕندەكانیش هەریەكەیان دوژمنی ژمارەیەك گیانلەبەری دیاریكراون و ئازاری ئەوانیتر نادەن.بۆ نموونە:شێر،ئاسك و كەڵەكێوی و ... ڕاودەكات و ئازاری باڵندە و گیانلەبەرە بچووكەكان نادات.نەهەنگ،تەنها ماسی دەخوات.پشیلە،مشك و باڵندە بچووكەكان دەخوات.بەڵام ئادەمیزادی ورگپەرست،دەیەوێت هەموویان بخوات و بیانخاتە زیندانەوە و باری خۆی بخاتە سەرشانیان و ئەشكەنجەیان بدات. ورگی ئەو،گۆڕستانی بەربڵاوی هەموو بوونەوەرەكانە و هەموو زیندەورێك دەخوات، لە باڵندەكانی ئاسمانەوە بگرە تا حەلەزونی دەریاكان.هەموو لە ناو گەدەی خۆیدا نقومدەكات و ئەمەش بەڵگەیەكیتری سەروەریەكەیەتی. گا،ئالیك دەخوات،پڵنگ،ورگی گیانلەبەركان هەڵدەدڕێت،مرۆڤیش،لاشەی گیانلەبەركان دەخوات.بەڵام ئاژەڵەكان، ئەو شتەی كە لە سرووشتدا خۆراكیانە،وەدەستیدەهێنن و بە ویستی خۆیان دەیخۆن و بەشیشیان دەكات. ئەوان دەخۆن بۆ ئەوەی بژین،بەڵام زۆرێك لە مرۆڤەكان دەژین بۆ ئەوەی بخۆن .
نادادپەروەری مرۆڤ سەبارەت بە ئاژەڵەكان،ئەو زوڵم و تاوانانەی كە بەرامبەریان ئەنجامیدەدات،بەڵگەیە لە سەر گەندەڵی هەست و سۆز و ڕەوشت نزمیەكەی. لە بەر ئەو زوڵم و ستەمەی كە دەرهەق بەوان ئەنجامیدەدات،بە لە سەرخۆییەكی لەڕادەبەدەر لە بەردەم گیانلەبەری دووپێدا دەڵیین : (( ئەی مرۆڤی زاڵمی خوێنمژ! ئایا هەرگیز بیرت لەوە كردۆتەوە كە ئەگەر لە سەر ڕووی زەوی مەخلوقێكی هوشیارتر و شەڕانیتر و دە ئەوەندە زۆردارتر لە مرۆڤ هەبوایە،لە بەردەم ئەم كەسە بەهێز و ناپهسهنده، كە چارەنووسی تۆ بە دەستی ئەو بوو، ناچار دەبووی سەری كڕنۆش دانەوێنیت و وەك: ئەسپ و هێستر و مەڕ و ... تا تامی بەندیخانە، باری گران، سووكایەتی و سەرەنجام گەوڕ و كوشتارگە بچێژی؟ )) .
ڕۆژانە بە كوشتنی هەزاران ئاژەڵی بێ ئازار كە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن،مرۆڤ نە تەنها خۆی سەرشۆڕ دەكات و ئاستی خۆی دادەبەزێنێت،بەڵكوو بێ ئەوەی پێویست بكات هاواری تۆڵەسەندنەوەی ویژدانی خۆی بە زۆر دەخنكێنێت. هەموو ئەو كەسانەی كە گۆشت دەخۆن لە دابەزاندنی ئاستی ئەخلاقی مرۆڤ هاوبەشن و هەموویان پێكەوە لە ئازاردان و ئەشكەنجەی ئاژەڵەكان بەرپرسیارن .
( كێنان دیل ) نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی دەڵێت : (( هیچ مرۆڤێك لە ڕووی ئەخلاقیەوە بۆی نیە كە گایەك سەربڕێت یان ماسیەك بكوژێت بۆ ئەوی گۆشتەكانیان بخوات. مرۆڤ گیانی بەوان نەبەخشیوە و لە ڕاستیدا مۆڵەتی لە پەروەردگاری گەورە و توانا وەرنەگرتووە كە ئەوان لە ژیان بێبەش بكات؛مەگەر ئیتر ناچار بێت و بگاتە ئەپەڕی پێویستی )) .
پێشەوای ئێستای یەزدانیەكان(هەڵبەت لەو سەردەمەی كە نووسەر ئەم كتێبەی نووسیوە)، خانمی (ئانی بزان) كە زیاتر لە چڵ سالە ڕووەكخۆرە،لە كۆنفرانسەكەی خۆی سەبارەت بە ڕووەكخۆری وتوویەتی : (( ئاشكرایە كە نە من و نە ئێوەش،بەبێ ئەوەی كە بكوژین یان یەكێكیتر ناچار بە ئەنجامی ئەم كارە بكەین، ناتوانین گۆشت بخۆین. كەواتە ئێمە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەرپرسی سووك كردن و ڕیسواكردنی ئەخلاقی ئەو كەسانەین كە ئەم پیشە سامناكە دەسەپێنین بە سەریاندا )) .
( تۆلستۆی )،پارێزكردن لە گۆشتخۆریی بە یەكەمین هەنگاو بۆ بەرەو پێشكەوتنی ڕاستەقینەی مرۆڤ زانیوە .
( نیچە )،نووسەری بەناوبانگی ئەڵمانیش بەم شێوەیە ستایشی ڕووەكخۆری دەكات : (( من گومانموایە كە ڕووەكخۆری بەهۆی خۆپارێزیە ناچاریەكەی خۆی،زیاتر لە هەموو بەشە ئەخلاقیە یەكگرتووەكان خزمەتی كردووە و ئەم بابەتەش بە زیادەڕۆیی كردن و تاریفكردنێكی نابەجێ لە قەڵم مەدەن. بێگومان ڕاهێنەر و فێركەرەكانی داهاتوو، شێوە خۆراكێكی سەختتر ڕادەسپێرن و بە ڕەوای دەزانن )) .
بە تایبەت جیهانی ئافرەتان دەبێ زیاتر لە هەمووان ئاگاداری سەروەری و تایبەتمەندیەكانی خۆراكی ڕووەكی بێت و خۆراكێكی ئاوا خوێنین و چەپەڵ لە خۆی دوورخاتەوە،چونكە یەكێك لەو خورافاتەی وا باوە ئەویە كە ژن دەبێت هەموو هێز و توانای خۆی بۆ چێشت لێنان بەكاربەرێت.هەربۆیە ئەگەر هاتوو دەستی لە ڕەنگڕێژی و ڕازاندنەوەی لاشەی گیانلەبەران هەڵگرت،ئەوا زۆربەی كاتەكان سەرقاڵی كارگەلێكی بەنرختر و پڕبایەختر دەبێت. ژن كە ژیان پێكدەهێنێت،نابێ ڕازی بە كوشتار بێت و لێوەكانی خۆی ئالودەی گۆشتخۆری بكات .
دوكانێكی میوەفرۆشی كە بە هەندێك ڕەنگی دڵڕفێن و ژیانبەخش ڕازاوەتەوە و لووتمان چێژ لە بۆنەكەی وەردەگرێت وەكوو:سێو،پرتەقاڵ،قۆخ،ترێ،هەنار،كاڵەك و ڕەنگی سرووشتی سەوزە جۆراوجۆرەكان، لە گەڵ دوكانێكی قەسابی بەراورد بكەن كە دڵ و ڕیخۆڵەی هەڵواسراو،لاشە سەربڕاوەكان،ورگە هەڵدڕاوەكان،قاچە شكاوەكانی تێدا هەڵواسراوە و دڵۆپە دڵۆپە خوێنی لێدەتكێت و بۆنی لاشە بۆگەنەكە لە هەوادا پەرش و بڵاو دەبێتەوە .
مرۆڤی میوەخۆری هێمن،دێوێكی خوێنمژی لێدەرچووە و دەبیتە وێرانكەرێكی ڕەوشت نزم و پێویستیی بە نابووتكردن و ئەشكەنجەدان، تا ئەوپەڕی سووكایەتی دەچێت.ئەو تێدەكۆشێت،هۆش و هزری خۆی تەرخاندەكات بۆ ئەوەی ئامرازەكانی كوشتن درووستبكات.ئەگەر بەربەرەكانێ بۆ مانەوە و نەمری ڕاستە،مرۆڤ بەربەرەكانێ بۆ نابووتی و لەناوچوون دەكات. ئەو دەكوژێت،بۆ خواردن،بۆ چاكبوونەوە و چارەسەری، بۆ لێبوردن،بۆ پۆشاك،بۆ سەروەت و سامان،بۆ شەڕكردن،بۆ زانست،بۆ خۆشی و شادی و سەرەنجام دەكوژێت تەنها بۆ كوشتن. پاشایەكی زاڵمی چاوچنۆكی خوێنمژە كە هەموو شتێكی دەوێت و هیچ شتێك ناهێڵێت و هێشتاش دڵنەوایی خۆی دەداتەوە بۆ ژیانێكی باشتر لەو دنیا!ئەو،مەڕەكان گەورە دەكات بۆ ئەوەی لە پارە نزیكی بكاتەوە ، ئەم نۆكەرە بێ ئازار و هێمنەی كە هاویاری مناڵەكانێتی. ڕۆژێكیش بەرخە بچكۆلانەیەك لە پێش چاوی مناڵەكانی سەردەبڕێت و مناڵەكانیشی كە لە ژینگەیەكی پڕ لە تاوان و سووكایەتیكردن بە یاسا ئەخلاقی و مرۆڤایەتیەكان گەورە دەبن،دواتر لە باوكە دڕندەكەیان خراپتر دەردەچن. ئەگەر مرۆڤ هەندێك كات ئاژەڵانێك بەخێو دەكات یان خۆشیانی دەوێت،لە بەر ڕێزلێنان لە ژیان و هەستی ئەخلاقی نیە بەڵكوو تەنها لە بەر خۆویستی و ئەو بەرژەوەندیەیە كە بە هۆی ئەوانەوە دەستیدەكەوێت بۆ ئەوەی كاتی خواردنیان بێت. لە ڕاستیدا ئەمەش فریو دان و دووڕوویی و گاڵتەكردن بە مرۆڤایەتیە .
ئەی گورگانی جەنگەڵە چڕوپڕەكان!ئەی گیانلەبەرانی دڕندەی دارستانەكان! كە لاجانگە لاواز و پێكەوەنووساو و چاوە درەوشاوەكانتان شایەتی ژیانێكی خەشن و سەرگەردان بەڵام ئازاد دەدات،بە پێی یاساكانی سرووشت ژیان بە سەر دەبەن و بۆ بەرگریكردن جگە لە چنگ و ددانەكانتان هیچ شتێكیترتان نیە،ئافەرینتان لێبێت كە نۆكەر و بەكرێگیراوی شارستانیەتێكی دڕندەی دەستكرد و سووك نین . كۆتایی
نوسینی: صادق هیدایهت
وهرگێڕانی: ناصح مهولهوی زاده
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق