ئهخلاق و ڕوهكخۆریی: بهشی یهكهم
پێویستبوون بە خۆراك بە شێوەیەكی سرووشتی سەریهەڵداوە، سەرەتا بەبێ هیچ ڕێكخستنێك هەرچیان دەستدەكەوت، دەیانخوارد، ئەمە خۆراكێكی ناویستانە و ناچاری بووە. زیاتر میوەی خۆشی درەختە خۆڕسكەكان و دانەوێڵە و ڕیشەی گژوگیاكان و هەندێك كاتیش گۆشتی ئەو گیانلەبەرانەی كە بۆ بەرگریكردن لە خۆیان كوشتبوونیان،دەیانخوارد.چونكە وایانزانیوە ئاژەڵەكان یەكتر دەخۆن .
لە سەردەمانی كۆن كە زانست نەبووە، هەندێك لەو كەسانەی كە خاوەن هەڵهێنجانێكی خودادادی و چاوكراوە بوون و پێویستیان بە ڕازیكردن هەبووە، پاش ئەوەی خۆراكە جۆراوجۆرەكانیان هەڵسەنگاند و تاقیانكردنەوە، هەندێك بنەما و یاسایان لە بارەی خۆراكەكان دانا. ئەمانە زانا نەبوون، خەیاڵپەرست بوون. ئەم چینەی خەڵك كە ژیانێكی جیاواز لەوانیتریان لە ناو كۆمەڵگادا هەیە، شاعیری ژیر یان زانا یان فەیلەسووفیان پێدەڵێن .
ئەو ڕاستیانەی كە ئەم كەسانە لە كۆندا ئاشكرایان كردووە بەرهەمی هەست و سۆز و بیروهۆشیان بووە. دڵیان شایەتیداوە كە شتێكی ئەوەندە قێزەون و ئاست دابەزێنەر وەكوو كوشتن،ناتوانێت بۆ مرۆڤ پێویستیەكی سەرەكی و ژیانبەخش بێت. زۆرجار بە سەرزەنشت و هەندێك كات بە شێوازێكی توڕەیی یان دڵسۆزی،هەندێكجاریش بە وێنەگەلێكی ڕۆشن و كاریگەر یان بە هۆی لۆژیكێكی بەهێز،بە درێژایی سەدەكان و لە ناوچە جیاوازەكان،لە بارەی گۆشتخۆریەوە دادوەریان كردووە. نموونەی ژیانیان بەڵگەی بیروباوەڕی ئەوان بەهێز دەكات. جوانترین و زیرەكترین و كاریگەرترینیان، ئەو كەسانە بوون كە ژیانیان نەبۆتە هۆی مەرگی ئەویتریان .
ماوەیەك پاشتر،زانا و سۆفی و فەیلەسووفەكان ئەم بیروباوەڕەیان هاوەڵی كرد و ئەمڕۆكەش خەڵكێكی زۆر بۆ دڵسۆزی بەرامبەر بە ئاژەڵەكان و بە هۆی ڕێز و ئیحترامی خۆیان،لە خواردنی گۆشت پارێز دەكەن .
هەمووان دەزانن كە ئەخلاق،زانست و ڕەفتار و عادەتە و خۆراك هۆكارێكی گەورەی ژیانە كە كاریگەریەكی حاشاهەڵنەگری لە سەر ئەخلاق و ئاكاری مرۆڤ هەیە. پەندێكی فەڕەنسی هەیە كە پێموایە لە ( كانت ) وەرگیراوە ، دەڵێت : (( پێم بڵێ چی ئەخۆیت، پێت ئەڵێم كێیت )) . ئەم قسەیە زۆر ڕاستە. هەركاتێك خۆراكی ئاژەڵە جۆراوجۆرەكان لە گەڵ خو و ئاكاریان هەڵسەنگێنین،دەبینین كە لە گەڵ ڕەفتارەكانیان یەكسانی و پەیوەندیەكی نزیكی هەیە. زۆربەی فەیلەسووف و ڕەوشت بەرزەكان، دڕەندەیی نەژادی ئادەمیزاد دەگەڕێننەوە بۆ خۆراكە خوێنینەكەی .
( فیساگورس )ی زانا،نەفرەتی لە كوشتنی ئاژەڵەكان كردووە و بەرگەی بینینی ئەو دیمەنەی نەگرتووە،ئەو زانیوێتی ئەو كەسانەی كە كوشتنی ئاژەڵەكان بە كارێكی سرووشتی دەزانن،بە ئاسانی كوشتنی مرۆڤیش بە ڕەوا دەزانن. هەروەها هیچ ڕوەەكێكی بریندار نەكردووە و هیچ زیندەوەرێكیشی ئازار نەداوە و باڵندەكانی كڕیوە و لە قەفەس ڕزگاری كردوون .
( ئەفلاتون ) لە كتێبی كۆمارەكەی خۆیدا ڕوونیدەكاتەوە كە خۆراكی ئاژەڵی هۆكاری سەرهەڵدانی شەڕ و خوێنڕشتن لە نێوان خەڵكدایە و خواردنی ئەم خۆراكە تەنها بۆ سەربازەكان بە ڕەوا دەزانێت بۆ ئەوەی دڕندە و شەڕانی دەرچن. (سێنێك) و (پلۆتارك) و زۆربەی فەیلەسووفەكان لەو بڕوایەدان كە،گۆشتخۆری كاریگەریەكی خراپی لە سەر بیر و هۆش هەیە .
( میشلە ) و شاعیری گەورەی ئینگلیزی ( بایرون )،هاوبیرن لە سەر ئەوەی كە خۆراكی ئاژەڵی،مرۆڤ بەرەو دڕندەیی و شەڕ دەبات. ( كانت ) و ( جان جاك ڕۆسۆ )ش لە سەر ئەم بابەتە كۆك و هاوبیرن. ( ڕۆسۆ ) وتوویەتی : (( ئەو كەسانەی كە زۆر گۆشت دەخۆن، زیاتر لە خەڵكانیتر دڕندە و توڕەن. ئەم تاقیكردنەوەیەش لە هەموو سات و شوێنێكدا ئەنجامدراوە )). چونكە خۆپەرستی،ئەخلاقی كەسانێكە زیاتر گۆشت و خوێن دەخۆن.
ئاژەڵە خوێنخۆرەكان لە خەو هەڵناسنەوە مەگەر بۆ پارەپارە كردن و كوشتار نەبێت و ئازار دەگەیەنن بێ ئەوەی خۆیان ئاگادار بن.
( إبن الاثیر )،مێژوونووسی بەناوبانگ،كە بینەر و شایەتی بڕواپێكراوی هێرشی مەغۆلەكان و دڕندەیی و خوێنمژیەكەیان بووە،لە بارەی خۆراكەكەیانەوە دەڵێت :
(( ئەوان پێویستیان بە گواستنەوەی ئازووقە نەبوو،چونكە ڕەوەی ئاژەڵیان لە گەڵ خۆیان هێنابوو و گۆشتی ئەوانیان دەخوارد. هەروەها سەگ و بەراز و ئاژەڵیتریان دەخوارد ... )) . ئەو وڵات و ناوچانەی كە زۆربەی دانیشتووانیان گۆشتخۆرن، خۆپەرست و ئێسك قورسن و شكڵ و ڕووخسارێكی توڕە و وشك و دڕندەیان هەیە. بە پێچەوانەوە،ئەو خەڵكانەی كە بە هۆی ڕووەكەكان ژیان بە سەر دەبەن،ڕووخسارجوان، لەشجوان،خۆشڕەفتار،هێمن و میهرەبانن. ژاپۆنیەكان كە نەتەوەیەكی هێمن و لە سەرخۆ،خۆشڕەفتار و زیرەكن،هەروەكوو نە لە خەتەر دەترسن و نە لە مەرگ، ڕوهكخۆرن .
هیچ گومانی تێدانیە كە گۆشتخۆری دەبێتە هۆی دڕندەیی. هەموو ئەو كەسانەی كە تامەزرۆی پێشكەوتنی ئەخلاقی و چاكسازی كۆمەڵگا بوون،بۆ بڵاوكردنەوە و پەرەپێدانی ئەم بیروڕایە تێكۆشاون. ئەگەر دوكانی قەسابی،ئارەق فرۆشی،ماسی فرۆشی و مریشك فرۆشیان داخستایە،تا ڕادەیەك ئاشتەوایی گشتی و برایەتی مرۆڤەكان، ڕووخسارێكی دەرەكیی بە خۆوە دەگرت. لە پێناو پێشكەوتنی ئەخلاقی، دەبێ ئاواتی ئەوە بخوازین كە خۆراكی خوێنین ئاسەواری نەمێنێت و ڕوهكخۆری جێگای بگرێتەوە. ئەگەر سەروەری ڕاستەقینە لە دڵەوە سەرهەڵدەدات،هەر كەسە و دەبێ دەست لە گۆشتخۆری هەڵگرێت،كە نە دژوارە و نە ئەستەم. زۆربەی ئەوانەی كە بەهانە دەگرن،لە ڕووی نەزانی و خورافات و ترسەوەیە نەوەك گاڵتەیان پێبكرێت. دەبێ بوترێت كە،ڕاستیی ڕوهكخۆری هێشتا هۆكاری گاڵتەپێكردنی ئەو كەسانەیە كە ڕاستیەكەی نازانن.ئێمە فەترەیەكی زۆر،پێكەنینمان بە سادەیی ئەژدادی خۆمان دەهات! ڕۆژێك دێت كە وەچەی داهاتووش بە خورافاتی ئێمە پێدەكەنن .
ڕوهكخۆری،هێمنی و خۆڕاگری و نەرمونیانی بە خەڵك دەبەخشێت.بەڵام بیركورتەكان پێیانوایە كە ئەم خۆراكە مرۆڤ،سست و لاواز و كەمتەرخەم دەكات. ئەگەر لە دەست نەرمونیانی و كەمتەرخەمی توڕەن و دڕەندەییان پێباشە،چاكتر وایە كە هەموو خەڵك كەمتەرخەم بن. وەك چۆن لە نێوان بوداییە ڕوهكخۆرەكان بە دەگمەن تاوان ڕوودەدات. سەرەڕای ئەمەش،نابێت ئەم ڕەخنەیە ئاراستەی ژاپۆنیەكان بكرێت كە بە یەكێك لە نەتەوە پێشكەوتو و گرنگەكانی دنیا دەژمێردرێن .
لە ئاكامی گۆشتخۆریە،كە نەژادی مرۆڤ گەندەڵ بووە و پاكی و سادەیی خۆی لە دەستداوە. خو و ئەخلاقی پڕبووە لە گوناە و تاوان. هۆكاری زوڵم و دڕندەیی و خوێنمژی مرۆڤ ،ئەوەیە كە خوێنی ئاژەڵەكان دەخوات .
لە بەر ئەوەی كە لە سرووشتدا كێشمەكێش و شەڕوپێكدادان لە نێوان هەندێك لە گیانلەبەرە دڕندە و خوێنخۆرەكاندا هەیە،مرۆڤیش ئەو گومانەی لا درووستبووە كە شەڕو خوێنڕشتن و كوشتن بۆ ژیان پێویستە.بەڵام ئەمە بەڵگەیەكی پووچ و بێ مانایە، چونكە لە سەر ڕووی زەوی گیانلەبەرانێكیش هەن كە نە تەنها شەڕ ناكەن بەڵكوو بە شێوەیەكی سرووشتی هێمن و بێ ئازارن و هەموشیان لە ڕووەكەكان كەڵك وەردەگرن وەكوو: ئەسپ،كۆتر و ... . بەڵام مرۆڤ،ئاژەڵە دڕندەكانی كردووە بە نموونە بۆ ژیانی خۆی و وەك ئەوان دڕندە و خوێنمژ دەرچووە .
سۆز و بەزەیی كە لە لای مرۆڤەكان ئەوەندە دەگمەنە،وادەردەكەوێت بەشێكی سرووشت بێت،كە لای ئاژەڵە گۆشتخۆرەكان بەرچاودەكەوێت.باڵندە گۆشتخۆرەكان بە گشتی نێچیرەكەی خۆیان بە لێدانێكی دەنووكیان دەكوژن، جڕوجانەوەرە بچووكەكان،نێچیرەكەیان بە ژەهرەكەیان بێ هەست دەكەن و پاشان دەیخۆن.هەندێك لە ئاژەڵە گۆشتخۆرەكان وەكوو:شێر و مار،تەزوویەكی موگناتیسیان هەیە كە ناوەندی سەرەكی دەمارەكانی نێچیرەكەیان لە كاردەخات و شەپڕەی دەكات.هەرچەند كە ئەم تەزووە موگناتیسیە لە مرۆڤیشدا هەیە بەڵام بۆ كوشتنی گیانلەبەرەكان بەكارنابرێت. كەواتە كوشتارگەی داهێناوە:ئەم داهێنانە جوانەی مرۆڤی شارستانی كە هیچ گیانلەبەرێك بەم سەرشۆڕیە نێچیری خۆی ناخوات و بۆ شاردنەوەی تاوانە چەپەڵ و دزێوەكانیان هەمیشە لە شوێنە دوورەدەستەكان درووستیدەكەن . (كۆتایی بهشی یهكهم)
نوسینی: صادق هیدایهت
وهرگێڕانی: ناصح مهولهوی زاده
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق