خواردنی مادە سڕكەرەكان و گۆشت هاوتا و هاوزادی یەكترن،واتە هەردووكیان ( لازم و ملزوم )ن .
دكتۆر ( هوشیار ) نووسیوێتی : (( لایەنگریكردن لە ڕووەكخۆری، وەكوو جەنگ لە دژی مادە سڕكەرەكانە(بەڵای دنیای ئەمڕۆ) )) .
ئێستاش بیروڕای هەندێك لە پزیشكان لەبارەی گۆشتخۆری دەخەینە پێش چاوتان و باسیاندەكەین .
دكتۆر ( جێمس ) دەنووسێت : (( من هیچ خۆراكێكم نەدیوە كە ئەوەندەی گۆشتی گا ، ورووژانێكی ناسرووشتی لە سەر زنجیرەی دەمارەكانی مرۆڤ درووستبكات )) .
دكتۆر ( پاسكۆل ) دەڵێت : (( با خۆمان فریو نەدەین! گۆشت زیاتر هاندەر و بزوێنەرێكە نەك وزەبەخش،هەروەها ژەهریشی تێدایە )) .
دكتۆر ( لۆگران ) دەڵێت : (( ئێمە دەبێ بزانین كە ئەو هەموو گۆشتە هی مرداربووە و ئێمەش لە ڕێگای گۆشتخۆری و بە ئارەزووی خۆمان،ڕێژەیەك لە ژەهری (تۆكسین) ئەكەینە ناو لەشمانەوە )) .
دكتۆر ( ڤیكتۆر پوشە ) وتوویەتی : (( ئێمە دەتوانین دڵنیابین لەوەی كە مرۆڤێكی ڕووەكخۆر هەرگیز تووشی نەخۆشی ڕیخۆڵەكوێرە نابێت و خواردنی گۆشت هۆكاری ئەو نەخۆشیەیە )) .
دكتۆر ( پاپوس ) دەڵێت : (( لەو كاتەوە كە جووتیارەكان دەستیانكرد بەوەی كە هەموو ڕۆژێك گۆشت بخۆن،نەخۆشی جمگەئاوسان لە نێوانیاندا سەریهەڵدا و بە هەمان ڕێژەش كە شاریەكان لە باتی قاپێك نیسك و سووپێكی خۆش،گۆشتی برژاویان خوارد، نەخۆشیەكانی گەدە و ڕۆماتیزمیش زیادیكرد )) .
دكتۆر ( دەك ) دەنووسێت : (( تا سادەتر بژین،زیاتر دەتوانین لە بەردەم نەخۆشی و میكرۆبەكان خۆڕاگری بكەین.هەروەها ئەندامانی لەشیش باشتر كاردەكەن )) .
پڕۆفیسۆر ( بۆشار ) دەڵێت : (( گۆشتخۆرەكان زمانی چڵكن،هەناسەی بۆگەن،پاشەڕۆی پیس و بۆگەنیان هەیە. هەروەها نەخۆشیەكانی گەدە و ڕیخۆڵە،برینەكانی پێست، سەرئێشە،ڕۆماتیزم،قەڵەوی و لاوازیی لە ڕادەبەدەر لە نێوانیاندا دەبینرێت )) .
زۆربەی كات ئەو ئاژەڵانەی كە بۆ فرۆشتن ئامادە دەكرێن زۆربەیان نەخۆشن و تا ئەو كاتە زیندوو دەمێننەوە كە بۆ كوشتن ئامادەیان دەكەن بۆ ئەوەی بە مەرگی سرووشتی نەمرن و ئەو نەخۆشی و میكرۆبانە بە ئاسانی دەگوێزنەوە. لەو ناوچانەی كە دوو نەژاد بە دوو خۆراكی جیاواز لە یەك كەش و هەوادا دەژین،وا بەرچاو دەكەوێت ئەو تاقمەی كە گۆشتخۆرن،دوچاری نەخۆشی شێرپەنجە دەبن بەڵام ڕووەكخۆرەكان لەم نەخۆشیە پارێزراون. لە هیندستان،لە نێوان ڕووەكخۆرەكان نەخۆشی شێرپەنجە بە دەگمەن دەبینرێت بەڵام گۆشتخۆرەكان بەردەوام گرفتاری ئەم نەخۆشیە دەبن. لە میسر،لە نێوان قبتیە گۆشتخۆرە شارستانیەكان و جوتیارە ڕووەكخۆرەكان و هەروەها لە ئێرلەندا،لە نێوان خەڵكانی باشووری ڕۆژهەڵات كە ڕووەكخۆرن و خەڵكانی ( ئۆلستێر ) كە خۆراكی ئینگلیزیەكان دەخۆن،لە نێوانیاندا شێرپەنجە باوە و بە هۆی گومڕایی لە بارەی خۆراكی خۆیان ڕێژەیەكی زۆریان لێدەفەوتێت .
ژمارەی قوربانیانی نەخۆشی شێرپەنجە لە ئینگلستان و ئەو وڵاتانەی كە زۆر گۆشت دەخۆن،لە هەزاران هەزار كەس تێدەپەڕێت .
دكتۆر ( ڕۆبێرت بێڵ ) پزیشكی ئینگلیزی دەڵێت : (( ئەو خۆراكەی كە لە سەوزە و میوە پێكهاتبێت،بایەخەكەیم بۆ دەركەوتووە و بە بێ هیچ گومانێك دەتوانم ئەوە ڕابگەیەنم كە ئەگەر بە ڕێژەیەكی زۆر سەوزە و میوە لە خۆراكەكانماندا بەكارهاتبایە،نەخۆشی شێرپەنجە تەنها یادگارێكی مێژوویی لێدەمایەوە )) .
دكتۆر ( جەج بلاك )یش دەنووسێت : (( دەكرێت بە هۆی خۆراكی میوە و دانەوێڵە و سەوزە،تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە دەرد و ئازاری ئەم نەخۆشیە ڕزگار بكرێن. من زۆرجار تاقیمكردۆتەوە و لە تاقیكردنەوەكانم پاش ئەوەی ئەم شێوازی خۆراكەم دۆزیەوە،دەرگای خۆشبەختی لە ڕووم كرایەوە )) .
چاكترین پێشبینی بۆ بەرگریكردن لە نەخۆشیەكان،كەمخۆری و پارێز لە خواردنە. بە تایبەت بەكارهێنانی خۆراكی سرووشتی كە لە ڕووەكەكان وەرگیرابن. هەوای ئازاد، وەرزش،شۆردنی لەش و بیروهزری ئارام،هەمیشە مرۆڤ ساغ و سەلامەت و لەشجوان و گەشبین دەكات .
مرۆڤ بە هۆی خواردنی خۆراكە دەستكردەكان،سەلامەتی خۆی لە دەستداوە و بە زووترین كات تۆی نەخۆشیە جۆراوجۆرەكان لە لەشیدا گەشە دەكات و پەرە دەستێنێت و پێكهاتەی لەشی،ئەو جوانی و ڕێك و پێكیەی لە دەستدەدات. جوانی ئاژەڵی ئازاد و سەربەست و ناشیرینی ئاژەڵی خۆماڵی، وەكوو جیاوازی نێوان مرۆڤی شارنشینی شارستانی و مرۆڤی لادێی و ئازادە كە لە باوەشی سرووشت پەروەردە كراوە. مەگەر ئەو كەسانەتان نەدیوە كە وەكوو كوپە ئاوساون،خوێن لە سەر و ڕووخساریان دەتكێت، دەور و پشتی چاویان شین و مۆر بۆتەوە،سەری كەچەڵ و ورگی زلیان هەیە و ناتوانن ڕێبكەن. ئارەق دەڕژێنن و هەناسەبڕكێیانە. یان ئەو كەسەی كە بە هۆی كەمخوێنی ڕەنگی لە ڕوو بڕاوە و ئەڵێی لە گۆڕستان هەڵاتووە. ئەمانەتان نەدیوە؟ سەردەمی كۆن، مرۆڤەكان،ژیانێكی لادێی و سادە و پاكیان هەبووە،ڕەنجیان دەكێشا،هەوای بێگەرد و پاكیان هەڵدەمژی،بەرەبەیان لە گەڵ هەتاو هەڵدەستان و ئێوارانیش هەر لە گەڵ ئەو دەنووستن. نەخۆشی سینگ نەبووە و دەرمانی سەیروسەمەرەیان بەكارنەدەهێناو باشترین ژیانیان بە سەر دەبرد. ژن و پیاو،برایانە و بە پێ خاوست لە گەڵ یەكدا كشتوكاڵیان دەكرد و مناڵەكانیان خۆشحاڵ و شادومان و خاوەن تەندرووستیەكی باش بوون. مامایان پێویست نەبوو،هەروەكوو ئاژەڵە ئازاد و سەربەستەكان كە پێویستیان نیە .
نوسینی: صادق هیدایهت
وهرگێڕانی: ناصح مهولهوی زاده
ئهی بۆ دكتۆرهكانی وڵاتی من خهڵك لهم ژههره هۆشیار ناكهنهوه؟!
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق