( میشلە ) مێژوونووس و نووسەری ناودار دەڵێت : (( ئەمە میهرەبانی و بەخششێكە بۆ ژن و مناڵ كە بە تایبەت،میوەخۆر بن،لە پیسی و چەپەڵیی گۆشتەكان خۆیان بپارێزن و بە هۆی خۆراكەكانی بوونەوەرە بێ گوناهەكان كە نابنە هۆی مەرگی هیچ كەسێك، خۆراكی بۆنخۆش و تامخۆش درووستكەن و لە گەڵیاندا بژین ... )) .
لە جێگایەكیتر وتوویەتی : (( ئاژەڵیش مافی خۆی هەیە...ئاژەڵ پڕە لە نهێنیە تاریكەكان...دنیای بێ سنووری خەون و ئازارەكان! ...بەڵام هێما ڕوون و ئاشكراكانی ئەم دەرد و ئازارانە،بە زمانی بێ زمانی دەردەبڕێت. هەموو سرووشت لە دژی بەربەریەتی ئادەمیزاد ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و لە بەردەم ئەو كەسەی كە هەردووكیانی درووستكردووە،مەحكوومی دەكات ... .
ژیان،مەرگ و ئەو كوشت و كوشتارەی كە خۆراكی ئاژەڵی دەیسەپێنێت،هەموو ئەم دیمەنە تاڵ و خەماویانە لە پێش چاوم تێدەپەڕێت. چ كێشمەكێشێكی دڵتەزێنە! با ئارەزووی هەسارەیەكیتر بكەین بۆ ئەوەی دڕندەیی و چارەنووس و كردارە ناشیرین و چەپەڵەكانی سەر ئەم زەویە لێمان دووركەوێتەوە )) .
( لامارتین ) هۆنیاری هەستناسكی فەڕەنسی پارچە شیعری زۆری لە بارەی ڕووەكخۆریەوە نووسیوە،بۆ نموونە : (( گۆشتی ئاژەڵ وەكوو ئەشكەنجەی ڕۆح هاواردەكات و مەرگ لە ناختدا،مەرگ بەرهەم دەهێنێت )) .
فەیلەسووفی گەورە و نووسەری ناوداری ڕووسی،(تۆلستۆی)،دەنووسێت : (( عادەت و خوی گۆشتخۆری لە سەردەمانی بەربەریەتەوە بۆمان ماوەتەەوە و سەرهەڵدانی ڕووەكخۆری دەبێت زۆر سرووشتی و بە یەكەمین سەرچاوەی پەروەردە و فێركردن لە قەڵەم بدرێت )) .
زانای گەورە ( ڤیبەر ) نووسیوێتی : (( ئەمەیە گۆشتی گا و مەڕ و باڵندەكان،چەنێك ترسناكە. ئەمە بۆنی خوێنی لێدێت،ئەمە لە كوشت و كوشتار دەدوێت. ئەگەر كەسێك كەمێك بیركردنەوەی هەبوایە هەرگیز نەیدەوێرا لە سەر سفرە دانیشێت )) .
( گوتیە ) كە یەكێك لە ئوستادە گەورەكانی كیمیای (ناسینی ژیانە)،لە بارەی ڕووەكخۆریەوە دەڵێت : (( دەشێت ئەم شێوازی خۆراكە لە ڕووی عەقڵەوە پەسەند بكرێت، هەموو ئەو كەسانەش كە هەوڵ بۆ پێكهێنان و پەروەردەیەكی ئایدیاڵی نەژادە هێمن و هۆشیار و ئاكارجوانەكان،بەڵام بەهێز و زیرەك و وەچەزۆر دەدەن،ستایشی دەكەن و بە پیرۆزی دەزانن )) .
پڕۆفیسۆر ( چارڵ ڕیشە ) دەڵێت : (( هەر ئەوەندە دەمێنێتەوە كە بزانین خۆراكی ئاژەڵی پێویستە یان نا . هەزار كەڕەت نا،ئەم خۆراكە پێویست نیە. هەموو شتێك شایەتیدەدات و ئەمەش ئەلف بای زانستی ئەندامەكانە )) .
پڕۆفیسۆر ( لاندوزی ) كە توێژینەوەیەكی زۆری لەبارەی خۆراكەوە ئەنجامداوە،وتوویەتی : (( ئەم خۆراكە ئاژەڵیە كە دەیخۆین و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە پێشان زیادەڕۆیی تێدا دەكەین،خۆراك نیە؛ژەهرێكی كوشندەیە بۆ لەشی ئێمە )) .
( مێتێرلینگ ) یەكێك لە نووسەرە گەورەكانی هاوچەرخ،بە نۆبەی خۆی سەروەری ڕووەكخۆری لە ڕووی زانستیەوە ڕادەگەیەنێت : (( سەرەنجام ناچار دەبن دان بەوەدابنێن كە هیچ یەك لەو ڕەخنانەی كە ئاراستەی خۆراكی گیایی و ڕووەكیان كردووە،لە بەردەم لۆژیكی زۆر سادەش ناتوانێت خۆڕاگری بكات. من،خۆم دان بەوەدا دەنێم كە هەموو ئەو كەسانە كە ناسیومن و پەیڕەوی ڕووەكخۆریان كردووە،سەلامەتی و تەندرووستیان چاكبوونەوەیەكی گەورەی بەخۆوە دیوە و هۆش و بیریشیان تیژ بووە. وەك ئەوە وایە كە لە زیندانێكی خنكێنەر ڕزگاریان بووبێت )) .
هەروەها دەڵێت : (( هەركاتێك دنیا بیتوانیبایە دەست لە خۆراكی ئاژەڵی هەڵگرێت،نە تەنها شۆڕشێكی ئابووری سەریهەڵدەدا،بەڵكوو چاكسازیەكی ئەخلاقیشی لێدەكەوتەوە)).
( ڕۆمەن ڕۆلان ) لە كتێبی ( جان كریستۆف ) نووسیوێتی : (( هەزاران هەزار،هەموو ڕۆژیك بە بێ كەمترین شەرم و پەشیمانی و بە بێهوودە قەتڵوعام دەكرێن. ئەگەر كەسێك بیری لێبكاتەوە،گاڵتەی پێدەكەن. بەڵام ئەمە تاوانێكە بە هیچ شێوەیەك نابەخشرێت و بە تەنهایی شایەتی لە سەر ئەوە دەدات كە بۆچی مرۆڤ ڕەنج و دەرد دەكێشێت. ئەو هاوار دەكات لە دژی نەژادی ئادەمیزاد.
ئەگەر خوایەك هەیە و چاوپۆشی دەكات،ئەو هاواری تۆڵەسەندنەوە سەردەدات لە دژی. كاتێك خوایەكی باش و میهرەبان هەیە،دەبێت بێچارەترین بوونەوەرەكانیش سەربەست و ئازاد بن. ئەگەر خوایەك هەیە و تەنها بۆ زۆردارەكانە،ئەوا دادگەریش بۆ چارەڕەشەكان نابێت، ئەو بوونەوەرە بێهێزانەی كە دەبنە قوربانی مرۆڤەكان. نە چاكە و نە دادگەریش بوونی نیە )) .
( ڕیچاردسن ) دەڵێت : (( من بە دڵ و گیانەوە هیواخوازم كە پێش كۆتایی سەدەی بیستەم نە تەنها كوشتارگەكان داخرێن،بەڵكوو خواردنی گۆشتیش وەكوو خۆراك نەمێنێت )) .
خۆشبەختانە پزیشك و زانا و ئەدیب و فەیلەسووفانێكی زۆر لایەنگری ڕووەكخۆرین و هەنووكە لە هەموو ولاتانی دنیا تاقمێكی زۆر ئەم شێوازی خۆراكەیان پەسەند كردووە. هەروەها شوێنكەوتووانی بیروباوەڕی مەزداسنان و یەزدانیەكان و ...،كە ڕێژەیەكی زۆریشن،ئەم شێوازی خۆراكە پەیڕەوی دەكەن كە باسكردنی بە شێوەیەكی كورت لێرەدا ناگونجێَت .
نوسینی: صادق هیدایهت
وهرگێڕانی: ناصح مهولهوی زاده
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق