یه‌کێک له سه‌ختییه‌کانی ژیانی مرۆڤ، بوونی ره‌فتاری توندوتیژییه که وه‌ک په‌تایه‌ک رۆژانه له گیانه‌وه تا کار و به‌رژه‌وه‌ندی و ماف و ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و ده‌روونی ئه‌و ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه یان ده‌یدورێته‌وه. ئه‌گه‌ر ره‌گه‌زی پاشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی و مانه‌وه‌ی هه‌ندێک نه‌خۆشی ژێنه‌تیکی، هۆکاری تووندوتیژی بن، نابێ گومانی لێبکه‌ین که کوشتنهوهو خواردنی گۆشتی گیانداران ره‌گه‌زی سێیه‌م و هه‌ره به‌هێزی ئه‌و ره‌فتاره‌ی مرۆڤی ئه‌م زه‌مانه‌یه. کوشتن و کوشتنه‌وه‌ی گیانداران پڕۆڤه‌ی راهاتن له‌سه‌ر کرداری کوشتن به مرۆڤ ده‌کات و له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه توشی لادان به‌ره‌و ره‌فتاری تووند و دوورکه‌وتنه‌وه له مه‌نتق و هێمنی ده‌کات. له‌لایه‌کی دیکه‌وه هۆکارێکی کاریگه‌ره بۆ چاندنی لاوازی و نه‌خۆشی ده‌روونی له‌ناو کۆمه‌ڵگا.
جیا له‌و زیانانه‌ی باسکران، کوشتنه‌وه‌ی گیانداران هیچ کاتێک نابێته مایه‌ی شادی بێگه‌رد و قوڵی ئه‌و که‌سانه‌ی کاره‌که ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئه‌وانه‌ش که ته‌ماشای ده‌که‌ن. له‌لای هه‌ردوو لایان جۆرێک له هه‌ستی بێزاری و به‌زه‌یی و دڵته‌نگیی دروست ده‌کات چونکه راسته‌وخۆ ده‌زانن روحی گیاندارێکی بێزمانیان ده‌رکرد که هه‌وڵیده‌دا خۆی قورتار بکات به‌ڵام زمانی نه‌بوو قسه بکات، هه‌ر چه‌ند ده‌یبۆڕاند یان ده‌یقیڕاند. سروشتی مرۆڤ وا هه‌ڵکه‌وتووه کاتێک راستییه‌ک ده‌رنابڕی یان کارێکی راست ئه‌نجامنادات، قێز و دڵته‌نگی دایده‌گرێت. سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی نه‌خۆشییه ده‌روونیه‌کان به‌تایبه‌تی خه‌مۆکی(که‌ئابه- دیپڕاسیۆن) به‌زۆری له‌و دڵته‌نگییه وردانه‌وه دێت.
کاریگه‌ری کوشتنه‌وه‌ی گیانداران له‌سه‌ر منداڵ زۆر تێکده‌ره. هه‌ر یه‌کێک له ئێمه دیتویه‌تی یان دێته‌وه بیری کاتێک منداڵ ته‌ماشای کوشتنه‌وه ده‌کات چۆن ده‌گری و زیڕه ده‌کات، لای هه‌ندێکیان تا ماوه‌یه‌کی زۆر وه‌ک پرسیار له دایک و باوکیان ده‌مێنیته‌وه و به ترسه‌وه باسی ده‌که‌ن. ئه‌مه لای زۆر له منداڵان ده‌بێته گرێی ده‌روونی، ترسی ون و مه‌نگ له ره‌فتار و ناخیان یان به پێجه‌وانه‌وه حه‌ز و ره‌گه‌زی رهفتارئازاری(سادیسم) و کۆمهڵئازاری(سایکۆپاتی) دروست ده‌کات و خاوه‌نه‌کانیان ههرئاگاشیان ڵیی نیه و له ته‌مه‌نی گه‌وره‌ییدا لێیدهردهکهوێ. من ئێستاش تڕاژیدیای کوشتنه‌وه‌ی کهڵهگامێشیکـم له یاد و چاو لاناچێت که له گونده‌که‌مان بۆ قوربانی ئه‌نجامدرا؛ هه‌ر له ئێواره‌وه له ته‌ویله دریانهێنا و له‌وانیدیکه جیایان کرده‌وه. به‌یانییه‌که‌ی رۆژی دوایی هه‌موو گاڕانی گوند به‌ردران و به‌ره‌و چیای قه‌شان رۆیشتن. کهڵهگامێشی قوربانی له مه‌چه‌کی قاچی پیشه‌وه توند له سنگ به‌سترابۆوه و هه‌وڵی به‌ردان و ئازاد کردنی خۆی ده‌دا و ده‌یبۆڕاند و له چاوه گه‌وره‌و گه‌شه‌کانیدا- که ئه‌و رۆژه له رۆژانی دیکه ته‌ڕتر و سهرکهشتردهینواند- وه‌ک ئاوینه‌یه‌ک ده‌شته‌که‌ی پشت ماڵانی تێدا رهنگدهدایهوه به گاڕانهکهشهوه. گامێشهکهی دایکی و کهڵیجه و مێنگونهکانی خوشک و برای، چه‌ند جارێک به ده‌م بۆڕاندنهوه، به مله درێژ و ئهستورهکهیان ئاوڕیان لێیدایه‌وه‌و ده‌یانویست بگه‌رێنه‌وه لای به‌ڵام گاوان به بێڕوحمانه گۆچانێکی لێدان و دووریخستنه‌وه. زستان بوو و رۆژه‌که که‌مێک بارانی بوو، پیاوه به‌وه‌جه‌کانی گوند لێی کۆبوونه‌وه‌و عومه‌ر چیوه‌یی بکوژی ئاژه‌ڵانی گونده‌که‌مان به خه‌نجه‌رێکی گه‌وره وتیژهوه هات،قۆڵی خۆی ههڵماڵیبوون و جلێکی شڕی له‌به‌ر کردبوو.
به گوریسه‌وه چه‌ند جارێک به‌ده‌وریدا خولیاندایهوه و چوار قاچیان بۆیهکهێنایهوه و به‌سه‌ر پاشواندا نیوه خستیان. زۆریان هه‌وڵدا ملی به‌رزه‌م بکه‌ن به‌ڵام کارێکی ئاسان نه‌بوو و پێینهدهوێران. که‌ڵ په‌له‌قاژه‌ی ده‌کرد و به قۆچه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌کانی شه‌ڕیشی ده‌کرد. سه‌ره‌نجام ماندویان کرد و که‌وت. چه‌ند زه‌لامێک به پارێزه‌وه گوریسی مل و قاچه‌کانیان به‌رزه‌فت کرد، چه‌ند که‌سێکیش پشت و سکیان به زه‌ویه‌وه راگرتبوو. ملی کهڵزۆر ئه‌ستور بوو، عومه‌ر چیوه‌یی که ئێستا به په‌ڕۆیه‌ک هه‌ردوو چاوی که‌ڵه‌که‌ی به‌ستبوو، خه‌نجه‌ری گه‌یانده ملی و خوێن فچقهی کرد.
دوایی که هاتینه شار بیرم هاته‌وه فچقهی خوێنی ملی که‌ڵه‌که له فچقهی ئاوی سۆنده ده‌چوو. له‌پڕێکا که‌ڵ ته‌کانێکی دایه‌خۆی و هه‌ڵسایه سه‌ر قاچ و رای‌کرد به‌ڵام راکردنێکی پڕ له ئازار و ترس، به هه‌موو هێزه حه‌یوانییه رههایهکهیهوه پڕتاو ببوو، خه‌نجه‌ریش له‌ناو ملیدا مابوو. پیاوه‌کان جاری یه‌که‌م ترسان و خێرا کشانه‌وه، به عومه‌ر چیوهییشهوه.
ئه‌وجا به کۆڵانه قوڕاویهکانی گونده‌که‌ماندا به‌دوای که‌وتن. تڕاژیدیا بوو، هه‌موو ژن و منداڵه‌کان له‌سه‌ربان و بهردهرگایانهوه لێیاندهروانی و ناخوداگا جار جار ده‌یانقیژاند و له‌رز ده‌یانگرت و قرچه‌ی ددانیان ده‌هات. من له هه‌موویان په‌رێشانتر بووم. ئه‌گه‌ر زه‌لامێکیان کوشتبایهوه هه‌ر ئه‌وه‌نده گوندی ئاگادار ده‌کرده‌وه‌و ده‌یهه‌ژاند. دوای چه‌ندجار که‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه‌ی خوێنرێژان ،په‌کی که‌وت. پاشنیوه‌ڕۆ دره‌نگ داهاتبوو به‌ڵام هێشتا کاری که‌وڵ و پارچه پارچه کردنی ته‌واونه‌ببوو.
نوسینی: سه‌رۆ قادر
0 كۆمێنته‌كان :
إرسال تعليق