تیمێك له توێژه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ڕووپه‌ری گۆڤاری "American Journal of Clinical Nutrition"دا باس له ناههموارێکی دیکه‌ی گۆشتی سوور بۆ سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌که‌ن: ئه‌وانه‌ی بڕێکی زۆر له گۆشتی سوور ده‌خۆن، زووتر دووچاری نه‌خۆشی شه‌کره ده‌بنه‌وه. به‌تایبه‌ت خواردنی گۆشتی ئاماده‌کراو که به هۆکاری به‌رزکردنه‌وه‌ی تووشبوونن به جۆری دووه‌می شه‌کره داده‌نرێن، هه‌روه‌ك لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر زیاتر له 200 هه‌زار به‌شداربوو ده‌ریده‌خات.
پاش ئه‌وه‌ی زاناکان هه‌موو هۆكاره مه‌ترسیداره‌کانیان بۆ تووشبوون به شه‌کره لێکدایه‌وه، بۆیان ده‌رکه‌وت، که ڕۆژانه خواردنی 100 گرام له گۆشتی سوور ده‌بێته هۆکاری به‌رزکردنه‌وه‌ی تووشبوون به شه‌کره، به‌ڕێژه‌ی 8% بۆ 16%.
ڕۆژانه خواردنی 50 گرام له ڕیخۆڵه، ئه‌گه‌ره‌کانی تووشبوون به شه‌کره له 25% بۆ 40% به‌رز ده‌کاته‌وه.
به‌پێی ئاماره‌کانی ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) نزیکه‌ی هه‌شت ملیۆن که‌س له ئه‌ڵمانیا دووچاری شه‌کره بوونه‌ته‌وه؛ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ئه‌م ژماره‌یه ده‌گاته نزیکه‌ی 346 ملیۆن که‌س - نزیکه‌ی له 90%یان تووشی جۆری دووه‌می شه‌کره هاتوونه‌ته‌وه.
تووشبوون به شه‌کره ته‌نها په‌یوه‌ندی به بۆماوه‌ییه‌وه نییه، به‌ڵکو شێوازی ژیان کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر تووشبوون به‌م نه‌خۆشییه هه‌یه. ئه‌وانه‌ی زۆر به که‌می ده‌جووڵێن، زۆر ده‌خۆن و کێشیان زۆره، میتابۆلیزمییان ڕوو له ناهه‌مواری ده‌کات. هه‌ربۆیه ڕۆژێك له ڕۆژان جه‌سته چیتر کاردانه‌وه‌ی بۆ ئەنسۆلینی دهرهاوێژتوو له‌لایه‌ن په‌نکریاسه‌وه نامێنێت: ئاستی شه‌کری خوێن به‌رز ده‌بێته‌وه، که ده‌رئه‌نجام په‌لاماری بۆرییه‌کانی خوێن و ده‌مارگیری ده‌دات. به‌ردوامبوون ئاکامی مه‌ترسیداری بۆ سه‌ر جه‌سته ده‌بێت، وه‌ك تێکچوونی سووڕی خوێن، گورچیله و کوێربوون.
توێژه‌رانی هارڤارد پشتیان به داتاکانی سێ لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌زن به‌ستبوو. له یه‌که‌م و دووه‌مدا له‌نێوان ساڵه‌کانی 1980 تا 1991 په‌رستارانی نه‌خۆشخانه‌کانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا "Nurses Health Study" به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام و ڕێکوپێك زانیاریان له‌سه‌ر شێوازی ژیانیان و ته‌ندروستیان تۆمارکردبوو. له‌ساڵی 1986ه‌وه پزیشکان له‌میانه‌ی "Health Professionals Follow-Up Study"دا ڕاپرسیان له پیاوان له‌هه‌مبه‌ڕ بینایی و تا ده‌گاته ته‌ندروستی پێ یه‌کانیان کردبوو.
بۆ گه‌یشتن به‌ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌که‌یان توێژه‌ران داتای نزیکه‌ی 167 هه‌زار ژن و 37 هه‌زار پیاویان هه‌ڵسه‌نگاند، که له‌ماوه‌ی 14 بۆ 28 ساڵ به‌شداری لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کیان کرد. له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌شدا 13759 دووچاری جۆری دووه‌م له شه‌کره هاتبوونه‌وه.
هه‌ر دووساڵ جارێك به‌شداربووان به نووسین وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکان سه‌باره‌ت به‌ڕه‌فتاری خواردنیان ده‌دایه‌وه. توێژه‌ران ویستبوویان کێش، جگه‌ره‌کێشان، ئه‌نجامدانی وه‌رزش و تووشبوون به‌نه‌خۆشی بزانن و هه‌روه‌ها بزانن، ئایا که‌سێك له‌ناو خانه‌واده‌که‌یاندا دووچاری شه‌کره هاتۆته‌وه. به‌مجۆره توێژه‌ران توانییان له‌کاتی شیکارکردنهوهکانیان هۆكاره‌کانی دیکه‌ی له‌به‌رچاوبگرن.
ده‌رئه‌نجام: ئه‌و به‌شداربووانه‌ی بڕێکی زۆر له گۆشتی سووریا‌ن خواردبوو، بڕێکی زۆرتریان له یه‌که‌ی گه‌رمیان پاشکهوتکردووه، "Body-Mass-Index"یان به‌رزبۆته‌وه و که‌متر وه‌رزشیان ئه‌نجامداوه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی خواردنی گۆشت پاپهندبووه به شێوازێکی ناته‌ندروستی ژیان.
توێژه‌ران باس له چه‌ند خاڵێك ده‌که‌ن، که زۆری گۆشتخواردن میتابۆلیزم به‌ره‌وو ئاڕاسته‌ی شه‌کره ده‌بات:
- گۆشتی سوور بڕێکی زۆر له ئاسنی تێدایه. ناسراوه، که به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاسن له جه‌سته‌دا ئه‌گه‌ره‌کانی شه‌کره به‌رز ده‌کاته‌وه. ئاسن ئۆکسیدبوون له‌ناو خانه‌کاندا به‌رز ده‌کاته‌وه و له‌وانه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت زیان به وه‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌نسۆلینی خانه‌کانی په‌نکریاس بگه‌ێنێت
- لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی فنله‌ندی ڕوونی ده‌کاته‌وه، که ئاستی به‌رزی خوێی سۆدیۆمی ناو گیپه‌ی ڕێخۆڵه ده‌بێته به‌رزبوونه‌وه‌ی تووشبوون به شه‌کره.
- گیپه‌ی ڕێخۆڵه بڕێکی یه‌کجار زۆر له نیترات و نیترتی تێدایه، که ئه‌وانیش له جه‌سته‌دا بۆ نیترۆزامین ده‌گۆڕدرێن. ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانی سه‌ر ئاژه‌ڵ ده‌ریانخستووه، که نیترۆزامین ژه‌هراویانه کار له‌سه‌ر خانه‌کانی په‌نکریاس ده‌که‌ن. ئه‌و ههراشانهی ئاستێکی زۆر له نیتریت له خوێنیاندا هه‌یه، که‌متر سوود له ئه‌نسۆلین وه‌رده‌گرن.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانیان تویژه‌ران ئامۆژگاری ده‌ده‌ن، که مرۆڤ بۆ خۆپاراستن له تووشبوون به نه‌خۆشییه‌کان شه‌کره، باشتره خۆی له خورادنی گۆشتی سوور به‌دوور بگرێت.
سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ:
Spiegel
خۆزگه
لینکی په‌یوه‌ندیدار:
Harvard Medical School
American Journal of Clinical Nutrition
0 كۆمێنته‌كان :
إرسال تعليق