خواردن ناتوانێت لەتۆدا مەعنەوییەت دروست بكات، بەڵام كەسێك مەعنەوی بێت ئەخلاقی خواردنیشی مەعنەوی دەبێت.
خواردنەكان جیاوازێكی ئەوتۆیان پێكەوە نیە، لەوانەیە تۆ تەنیا خواردنی رووەكی بخوێت، بەڵام كەسێكی زۆر توندوتیژ بیت و بەپێچەوانە دەكرێت گۆشتخۆرێكی بێ ئامان بیت، بەڵام كەسێكی زۆر هێمن و لەسەرەخۆ بیت.
بە پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی لەم بوارەدا باوە، خواردن رۆڵێكی چارەنووسساز ناگێڕێت. بۆ نمونە هەندێ كۆڕ و كۆمەڵەی هیندوستانی لە لایەك بە تەواوی رووەكین و لە لایەكی دیكەوە بە هیچ شێوەیەك مەعنەوی نین،
براهمەنەكان و جاینیەكان نمونەیەكن لەو جۆرە ئەنجوومەنانە، تەنانەت كۆمەڵەی جاینیەكان زۆر ماددین و ئەندامەكانی ئەو كۆمەڵەیە حەزێكی زۆریان لە ماڵی دونیا و سەروەت و سامانە، واتە هەر لەبەر ئەوە، ئەو جۆرە ئەنجومەن و كەسانەیان بە جولەكەكانی هیندوستان ناوزەد كردوون، كەواتە لێرەوە رووەكییەكان و گۆشتخۆرەكان بە قەرا یەكتری ئاشقی كۆكردنەوەی سەروەت و سامانن، تەنانەت لەوەدا كە هەردوولا حەز دەكەن دەوڵەمەند بن، هیچ جیاوازێكیان پێكەوە نیە.
پێویستە ئەوە بزانی ئەگەر كەسێكی توندووتیژ و هاوكات رووەكخۆریش بیت، بۆ بەتاڵكردنی توندوتیژییەكەی دەروونت پێویستت بە شێوازێكی دیكە دەبێت، ئەوەش شتێكی سروشتییە، چونكە خواردنە گۆشتییەكان بەشێك لە توندوتیژییەكەی دەروونت دادەمركێنن، بۆ نمونە زۆربەی راوچییەكان خەڵكانێكی بەسۆز و رووخۆشن، چونكە بەشێكی زۆر لە توندووتیژییەكەی دەروونیان لەكاتی راوكردن دا دادەمركێتەوە، بەڵام بازرگانێك كە خواردنە رووەكییەكان دەخوات، رێگایەكی بۆ بەتاڵ كردنەوەی توندوتیژییەكەی دەروونی دەست ناكەوێت، كەواتە هەمیشە ئەو توندوتیژییە لە حەزی بەدەستهێنانی پارەی زیاتر دا بەكاردێنێت و دەردەكەوێت.
مەهاویرا لە بنەماڵەیەكی توندوتیژ دا لە دایك بوو، كەواتە توندوتیژی بۆ ئەو دەبوو شتێكی سروشتی و ئاسایی بێت، بەڵام لەپڕ وشیاری و بیدەنگێكی چەند ساڵە تووشی ئاڵوگۆرێكی دەروونی قووڵی كرد، كاتێك دەروونی گۆڕا، رواڵەتیشی ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات، هەڵسوكەوتیشی گۆڕا، بەڵام گۆڕانی رواڵەت و هەڵسوكەوتی مەهاویرا یاسا و رێسا نەبوو، بەڵكو پەیڕەوی كردن لە گۆڕانی دەروونی خۆی بوو.
كەواتە ئەگەر زیاتر و زیاتر وشیار بیت و هەڵوەستە بكەیت، بە شێوەیەكی سروشتی بەرەو خواردنە رووەكییەكان دەڕۆی، بەڵام پێویست ناكا رووەكخۆری بەسەر خۆت دا بسەپێنی، كاتێ ئەو كارە بكەیت، هێمایە بۆ ئەوەی كە تا ئێستاش مێشكت ئەكتیڤ و بەشدارە، مەبەست ئەوەیە مێشكت دەست لە كاروبارەكانت وەرنەدات. لێرەوە ئەوەی چی دەخۆیت یا چی ناخۆیت زۆر گرنگ نییە، ئەگەر دونیابینیت نەگۆڕابێت تەنیا رووەكخۆریی بە پاكژی دەروونیت ناگەیەنێ، بەڵام كاتێ روانینت گۆڕا، كاتێ رووندەبیتەوە و بە رووناكی دەگەیت، پرۆگرامی خواردنت، جل و بەرگەكانت، رواڵەت و هەموو شتەكانت ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕە بنەما یا یاسا و رێسایەكی دیاریكراو نابێ، بەڵكوو دەرئەنجامی ئەو روانین و دونیابینییە نوێیەی تۆ دەبێت.
ئەگەر وشیار بی، هەڵوەستە بكەیت و بە رووناكی و پاكژی دەروونی بگەیت، هەرگیز ناتوانی بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆت ژیانی بوونەوەرەكانی دیكە بخەیتە مەترسییەوە. هەرچەند هەر وەك پێشتر باسم كرد ئەوە بەو مانایە نییە ئەگەر تەنیا لە خواردنی گۆشت خۆت بپارێزی رووندەبیتەوە و بە پاكژی دەروونی دەگەیت.
ئاگایی دەروونی تەنانەت شێوەی جل و بەرگ پۆشینیشت دەگۆڕێت، وردە وردە حەز دەكەیت جلی سادە و ساكارتر بپۆشیت، هەرچی لە دەرووندا سادە و ساكارتر بی لە دەرەوەشدا سادە و ساكارتر دەنوێنیت، ئەو گۆڕانكارییە خۆی لە خۆی دا روو دەدات، پێویست ناكات بە مەبەستی گەیشتن بەو گۆڕانە دەروونییە رواڵەتی خۆت توشی زەحمەت بكەیت.
سەرەتا دەبێت دەروونت بگۆڕێت، ئەو كات هەموو شتەكان خۆیان ئاڵوگۆڕیان بەسەر دا دێت، بەڵام ئەگەر بتەوێت ئەو یاسایە هەڵگەڕێنیتەوە و لە گۆڕینی رواڵەتەوە بەرەو گۆڕینی دەروون بڕۆیت، هەرگیز سەرناكەویت، واتە گۆڕینی رواڵەت دەروون ناگۆڕێت.
خواردن گرنگ نییە، جۆری بوونی تۆ گرنگە نەك جۆری ئەو خواردنەی كە دەیخۆیت. كاتێ جۆری هەبوونی تۆ دەگۆڕێت جۆری پەیوەندی تۆ بە بوونەوە ئاڵوگۆڕی بەسەر دا دێت، هەموو شتێكت دەگۆڕێت، بەڵام ئەو ئاڵوگۆڕە دەرئەنجامی چالاكبوون و بەشداری كردنی مێشكت نییە، بەڵكوو دەرئەنجامی ناوكی ناوەندیی بوونی تۆیە.
سەركوتكردن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی وارسكە و هەوا و هەوەسەكان رێگایەكی دروست نیە، ئەو كەسانەی حەزەكانیان سەركوت دەكەن چاوچنۆكتر دەبن، لەبەر ئەوەی سەركوتكردنی حەز و هەوا و هەوەسەكان دەبێتە هۆی ئەوەی مێشك زیاتر پێیانەوە سەرقاڵ بێت، لەو حاڵەتەدا هەموو ژیانت ژاراوی و پیس دەبێت، فرۆید دەڵێت: ( 90 لە سەدی مرۆڤەكان بە هۆی سەركوتكردنی حەز و ئارەزوەكانیانەوە شێتبوون و تووشی نەخۆشی دەروونی بوون).
هەندێ كەس هەوەس پیشەن، بۆ؟ لەبەر ئەوەی تووڕە و نائارامن، ئەو جۆرە كەسانە لە رێگای تێركردنی هەوەسەكانیانەوە بۆ ئارامبوونەوە دەگەڕێن، كەچی بەو هۆیەوە شەكەت دەبن و دادەهێزێن و ئەو شەكەت بوون و داهێزانانەش بەئارامی و هێوربوونەوە دەزانن، كەواتە كاتێك حەز و ئارەزووەكان سەركوت بكرێن نائارامی و تووڕەیی پەرە دەستێنێت، كەواتە نوقمبوون لە هەواوهەوەسەكان دا بە رواڵەت رێگایەكە بۆ ئارامبوونەوە و نەهێشتنی تووڕەیی و شڵەژانی دەروونی، كەچی دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە.
لەبەر ئەوەی لەشی تۆ پێویستی بە خۆراكه خواردن دەخۆیت، بەڵام لەش تەنیا ئەو بەشەخۆراكە دادەنێتەوە كە پێویستی پێی نییە. هەر شتێك بخۆیت لەش بە جۆرێك لە جۆرەكان پێویستی پێیەتی، كاتێ گۆشت دەخۆیت، میشك و لەش و هەموو بونت سەرقاڵی توندوتیژی دەبێت، بەڵام تۆ پێویستت بە خۆراكە، كەواتە خۆراكەكە مەگۆڕە، بەڵكو خۆت بگۆڕە، چونكە ئەگەر خۆراكەكە بگۆڕیت توندوتیژییە شاراوەكەی دەروونت بەرەو رەهەندێكی دیكە پاڵ پێوە دەنێیت و بە شێوەیەكی دیكە بەتاڵی دەكەیتەوە.
خۆت بگۆڕە، لێرەوە خواردن ـ جل و بەرگ ـ حەز و هەواوهەوەسەكان بۆخۆیان و بە شێوەیەكی سروشتی دەگۆڕێن. ئەو گۆڕانكارییە دەبێت لە قوڵایی دەروونتەوە هەڵقوڵێت و نابێت لە رواڵەتت دا رووبدات. هەموو برك و ژانەكان لە رواڵەت دان، لە قوڵایی تۆدا هیچ خەم و پەژارەیەك بوونی نییە. تۆ لە دەریا دەچیت، برۆ سەیری دەریا بكە، هەموو دەرد و كەسەر و شەپۆل و ئاڵۆزییەكان لەسەرەوە روودەدەن و لە قوڵایی دا هیچ شەپۆل و شڵەژانێك نابینی، ئەوەی لەوێ دا هەیە كەش و هەوایەكی مەند و ئارامە.
كەواتە سەرەتا بڕۆ ناو قوڵایی دەریای بوونت، لەوێدا تووشی ئارامێكی روون دەبیت كە دەستی هیچ نیگەرانییەك ناگاتە قووڵایی ئەو ئارامییەوە. ئەو خاڵە سەرچاوەی هەموو گۆڕانكارییەكانە. لەو خاڵەدا تۆ سوڵتانی بوونی خۆتی، ئێستا دەتوانی دەستی كەسانی دیكە بگریت و رێگا دروستەكەیان پێ نیشان بدەیت، ئێستا بەبێ ئەوەی تین بۆ خۆت بێنی دەتوانی شتە زیادە و بێ كەڵكەكان لە خۆت دووركەیتەوە.
نوسینی: ئۆشۆ
وهرگیڕانی: مەحمود شێرزاد
سهرچاوه: كۆمهڵگای یۆگا
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق