Mountain View
نوێ
چاوه‌ڕێكه‌ بۆ داگرتن
HTML5 Icon

مرۆڤ له‌ روانگای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌ ته‌ماشای جیهان ده‌کات (به‌شی1)

مرۆڤ ئه‌و مافه‌ی به‌خۆی داوه‌ له‌ روانگای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌ ته‌ماشای جیهان بکات. ئه‌و روانگایه‌ی له‌وێڕا دێ که‌ خاوه‌نی
هۆش و عه‌قڵه‌ و ده‌توانێ سامانه‌کانی سروشت بپارێزێ،
هه‌روه‌ها به‌ تواناییه‌ عه‌قڵییه‌که‌ی ده‌شیێ پێکهاته‌ی سه‌ر گۆی زه‌وی بپارێزێ، وێڕای که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ تێکڕای سامان و بوونه‌وه‌ره‌کانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی. ئه‌وه‌ روانگایه‌کی راسته‌. به‌ڵام له‌ شیکردنه‌وه‌ی مافی مرۆڤ له‌و که‌ڵکوه‌رگرتن و ده‌ستێوه‌ردانی سروشت، نابێ پشت به‌و باوه‌ڕ و داب و نه‌رێتانه‌ ببه‌سترێ که‌ له‌ کاروانی پێگه‌یشتنی مرۆڤایه‌تیدا له‌ قۆناغێکی دیاریکراودا هاتوون.
ئه‌گه‌ر ئه‌و دابه‌نه‌ له‌وکاتدا پاساوی خۆیان هه‌بووبێ‌ یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌و باوه‌ڕ و داب و کرده‌وانه‌ ده‌ژمێردرێن که‌ به‌شه‌ر تیایدا نه‌زانی (جه‌هل) و دڕندایه‌تی به‌کارهێناوه‌، له‌ قۆناغه‌کانی دیکه‌ی پێشکه‌وتندا وه‌ک هه‌ر چاکسازییه‌کی دیکه‌ ده‌کرێ به‌لاوه‌بنرێن.
کوشتنی گیانداران له‌و باوه‌ڕه‌ جه‌هلیی و کرده‌وه‌ دڕندانانه‌یه‌ که‌ مرۆڤ نابێ له‌سه‌ری به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ک چۆن له‌سه‌ر کوشتن و خواردنی گۆشتی بنیاده‌م به‌رده‌وام نه‌بوو، له‌ بڕوا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ئاینه‌کاندا قه‌ده‌غه‌ و حه‌رامی کردن.
کۆمه‌ڵگای جیهانی، به‌رده‌وام بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی مه‌نتقی و واقعیی کێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانی گێتی له‌کاری جدیدا بووه‌ و هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ی هاویشتووه‌ که‌ گه‌شبینی به‌ ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تی راسته‌قینه‌ ده‌دات. پێشکه‌وتنی فکر و تکنۆلۆژیا توانایی به‌ مرۆڤ داوه تا ئه‌لته‌رناتیف(بدیل) بۆ ئه‌نجامی کرده‌وه‌ دزێو و دڕنده‌ییه‌کانی پێشوو پێشکه‌ش بکات، به‌مه‌ش ناوه‌رۆکی ئینسانییه‌تی قوڵتر کردۆته‌وه‌. ده‌بێ گه‌شبین بین که‌ له‌م رۆژگاره‌دا کۆیله‌یی، نه‌ژادپه‌رستی،نه‌زانی،برسێتی و نه‌خوێنده‌واری موتڵه‌ق له‌ به‌شێکی فراوانی دنیا،داگیرکاری، کۆڵۆنیالیزم، جه‌نگی جیهانی نه‌ماون. ئه‌وانه‌ گشتیان له‌سه‌ر بنچینه‌ی باوه‌ڕی خوڕافاوی و نه‌زانی و ره‌فتاری دڕنده‌یی ده‌کران، که‌چی له‌مڕۆژگاره‌دا به‌ شه‌رم و نه‌نگ داده‌ندرێن و عه‌قڵی ئه‌مڕۆ بۆ ساتێکیش قبووڵیان ناکات. بایه‌خدان به‌ سه‌وزایی جیهان و بوژاندنه‌وه‌ی جه‌نگه‌ڵه‌کان و پارێزگاریکردن له‌ به‌رده‌وامی نه‌ژادی ئه‌و گیاندارانه‌ی له‌ قڕبوون نزیک که‌وتبوونه‌وه‌، هه‌وڵدان بۆ پاک راگرتنی ژینگه‌ و ده‌ریاکان و پاراستنی گیاندار و رووه‌که‌ ده‌ریاییه‌کان ئه‌وانه‌ هه‌مووی تا چه‌ند ده‌یه‌ له‌مه‌وبه‌ر خه‌یاڵ بوون.
له‌لایه‌کی دیکه‌ کۆتاییهێنان به‌ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌تان و منداڵان بووه‌ته‌ غه‌می هه‌موو جیهانیان و له‌ پێناویدا هه‌موو باوه‌ڕ و سیسته‌مێک به‌ دینیشه‌وه‌ ده‌سکاری و چاک ده‌کرێن. بۆیه‌ زۆر ره‌وا و ئینسانییانه‌یه‌ کوشتنی گیاندارانیش قه‌ده‌غه‌ بکرێ. له‌ هه‌مانکاتدا سه‌رمایه‌یه‌کی شایان بۆ رۆشه‌نگه‌ری و تێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ کردنی دانیشتوان بۆ ئه‌م ئامانجه‌، ته‌ر‌خان بکرێ. ئافره‌تێک ئه‌گه‌ر بزانێ کوشتنه‌وه‌ی به‌رخێک یان مریشکێک ژانی وه‌ک سه‌ربڕینی منداڵێکه‌، هه‌روه‌ها تێبگه‌یه‌ندرێت که‌ دیمه‌نی کوشتنه‌وه‌و خواردنی گۆشته‌که‌ی چۆن ده‌روونی منداڵه‌که‌ی ده‌شێوێنێت و ره‌فتاری تووند و لاساری و لاوازی سایکۆلۆجی بۆ ده‌خوڵقێنێ، زۆر به‌ ئاسانی ده‌ست له‌ گۆشتخواردن هه‌ڵده‌گرێ و دژی کوشتنی گیانداران ده‌وه‌ستێ و منداڵه‌که‌شی هه‌روا په‌روه‌رده‌ ده‌کات. له‌وه‌ ئاسانتر، ئه‌گه‌ر هه‌مان ئافره‌ت رێنوێنی بکرێ که‌وا خواردنه‌ غه‌یره‌ گۆشتییه‌کان چه‌ند ئاسان و زۆرن و تکنۆلۆژیا و زانست به‌رهه‌مه‌ رووه‌کییه‌کانی چه‌ند زۆر و ئاسان و هه‌رزان کردووه‌، ئامانجه‌که‌ش ئاسانتر ده‌بێت

نوسینی: سه‌رۆ قادر

له‌باره‌ی ruakxor

ڕووه‌كخۆر‌ : پاراستنی ژیانی هه‌موومانه‌‌ .~ . .

    كۆمێنتی بلوگه‌ر
    كۆمێنتی فه‌یسبووك

0 كۆمێنته‌كان :

إرسال تعليق

HTML5 Icon