پڕۆفیسۆر ( بونج ) لە كتێبە زانستیەكەی خۆی بەم شێوەیە دەنووسێت : (( لە سەردەمەكانی پێشین،ئەژدادی ئادەمیزاد لە سەر درەختەكان ژیاوە و میوەی خواردووە. پێكهاتەی لەشی مرۆڤی هەنووكەیی ئەم شایەتیەمان بۆ دەدات،چونكە ئەو خاوەن ڕیخۆڵەیەكی میوەخۆر و ڕووەكخۆرە. كاتێك كە مرۆڤ دەستبەرداری ئەو ژیانەی خۆی بوو و ئەم ژیانەی هەڵبژارد،خۆراكیشی گۆڕا و گۆشت و ڕووەكەكانی پێكەوە خوارد...بەڵام ئەم گۆڕینی خۆراكە،نەخۆشینی بە دوای خۆیدا هێنا. خۆراكی گۆشتی، پێویستی بە ڕیخۆڵەی كورت هەیە و لە بەر ئەوەی كە مەودای بۆری هەرسكەر زۆر درێژە،بە زووترین كات لەوێ دەگەنێت و ئەو نەخۆشیانەی كە بەم هۆیەوە درووست دەبن،وەك نەخۆشینێكی بۆماوەییان لێدێت و بەردەوام سەختتر دەبن؛بە تایبەت لای ئەو مناڵانەی كە لە ئاكامی ژن و ژنخوازی خزمایەتی لە دایك دەبن )) .
پڕۆفیسۆر ( هی ئێر )ی ئەڵمانی سەبارەت بە خۆراكی مرۆڤە سەرەتاییەكان دەڵێت : ((چاندنی درەخت و دانەوێڵە بۆ سەردەمانێكی زۆر دێرین دەگەڕێتەوە و ئەو سەردەمانە میوەجاتیان بەكارهێناوە...سێو و هەرمێی بە خەڵووزبوویان دۆزیوەتەوە و دوو كەرتیان كردووە و وەك تێشووی زستانی خۆیان وشكیان كردووە )) .
لە دەوروپشتی كۆنترین شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو نەژادانەی كە لە كەنار دەریاچەكان، لە ناو خانووی دارین ژیاون،لە سویسرا (( وانگێن ڕۆبینهۆزێن كۆنسیز ))* ،پاشماوەی بەخەڵووزبووی ئەو میوە دارستانیانەیان دۆزیوەتەوە كە بۆ خواردنی زستان وشككرابوون و جگە لە كوخە بچكۆلانەكانیان هەندێك ئاشی دەستیش دۆزراوەتەوە .
( بۆردۆ ) لە كتێبی (( مێژووی خۆراك ))ەكەی خۆیدا نووسیوێتی : (( هیچ خۆراكێك نادۆزرێتەوە كە مێژووی بەكارهێنانی،ئەوەندەی میوەجاتەكان كۆن و گشتی بووبێت. داڕنینیان مایەی ژیانی مرۆڤە سەرەتاییەكان بووە. لە ناوچە نیمچە گەرمەكان كە میوەجاتێكی باش بەردەست كەوتووە،خەڵكانی نیشتەجێی ئەو شوێنە بە درێژایی ساڵ بە هۆی ئەو بەرهەمە ئاسانەوە ژیانیان بە سەر برددوە. لە هەر شوێنێك درەختی میوە چاندرابێت شارستانێتی كشتوكاڵیش دەستیپێكردووە )) .
پڕۆفیسۆر ( فیڤیەر ) دەنووسێت : (( بە پێی زانستی ئەندامەكان،مرۆڤی سەرەتایی گۆشتی نەخواردووە و میوەخۆر بووە. كەواتە دەشێت بڕوا بە وتەكەی ( داروین ) بكەین كە دەڵێت: مرۆڤ،هیمن و ئارام بووە نەك دڕندە. ( گۆستاۆ لۆبۆن ) یش هەر لەم بڕوایەدایە. گورگەكان یەكتر ناخۆن،هەروەها شێر و پڵنگەكانیش،بەڵام دیار و ڕوون نیە كە بۆچی ئەم پێویستیە ناسرووشتیە لە مرۆڤدا پەیدا بووە .
خراپ مامەڵەكردن و بەدڕەفتاریكردن بەرامبەر بە ژنان و دەستبەسەرداگرتن و زەوتكردنیان لە نێوان زۆرێك لە خێڵ و هۆزە وەحشیەكان،هەروەها ئەو خو و عادەتەی كە گەیشتنە تەمەنێكی دیاریكراو دەبێ نان بخۆن،هۆی هەموو ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ وەحشیگەری و بەربەریەتی مرۆڤەكان و لە سەرەتادا نەبووە )) .
هەندێك بیروڕایان وایە كە گوایە ئەژدادی ئادەمیزاد ماوە و فەترەیەكی دوورودرێژ لە بەرهەمی ماسیگری و ڕاوەوە ژیانی خۆی دابینكردووە بە بێ ئەوەی زیانێكی ئەوتۆی لە سەر تەندرووستیی هەبووبێت. بەڵام ئەم بیروڕایە پەسەند نیە،چونكە ئەگەر مرۆڤی
سەرەتایی بە شێوەیەكی كاتی خانووی دارینی لە كەنار دەریاچەكان درووستكردووە تەنها بۆ پارێزگاریكردنی خۆی لە دەست گیانلەبەرە دڕندەكان بووە نەك بۆ ئاسانتر كردنی ئیش و كاری ماسیگری؛چونكە ئەگەر وا بوایە ماسیەكان بە شێوەیەكی سرووشتی لە بەرامبەر ئەو كوشت و كوشتارە هەمیشەییە هەڵدەهاتن یانیش ڕێژەكەیان كەمیدەكرد. لەلایەكیتریشەوە مرۆڤی سەرەتایی وەك مرۆڤی هەنووكەیی ئامرازی ئەوتۆی ماسیگری نەبووە وەك:قولاب و تۆر و ... . هەروەها ئەم ئامرازە سەیر و سەمەرانەی كە هەنووكە لە كوشتارگەكان بەكاردەبرێن،لە سەردەمی ئەواندا نەبووە و نەیانتوانیوە بە ئاسانی گۆشتی گیانلەبەركان بەبێ ئامرازە پێویستەكانیان وەكوو: كێرد و كوشتارگە و ئاگر و بەهارات و ...هتد،بخۆن.بەڵام لە هەمانكاتدا ڕووەكێكی فراوان و زۆر و زەبەندە لە دەوروپشتیان بووە و بە هۆی بەكارهێنانی میوە بەچێژ و بەتامەكان توانیویانە ژیانی خۆیان دابین بكەن. بە پێچەوانەوە،ئەوان میوەخۆر بوون و ڕۆژانێكی خۆشیان بە سەر بردووە.
بە هەر حال،با لەمە زیاتر لە بابەتەكە دوورنەكەوینەوە. بە پێی ئەم قسەوباسانەی سەرەوە بە دیاردەكەوێت كە ڕووەكخۆری داهێنانێكی نوێ نیە. ئێمەش دەڕۆین نیشانتان بدەین كە ڕووەكخۆری لە هەر جۆرە كەش و هەوایەكدا و بە لای هەر چینێكی جیاوازی خەڵك ڕەنگدانەوەیەكی باشی هەبووە .
بلیمەتترین زانا و بیرمەندەكانی هەر سەردەمێك و زۆربەی پێغەمبەر و پێشەوا ئایینیەكان و هەموو ئەو كەسانەی كە بۆ چاكسازی ئەخلاقیی ئادەمیزاد تێكۆشاون،هەموویان بە ڕووەكخۆر ناسراون و دوورەپەرێزی لە گۆشتخۆریان بە یەكێك لە گەورەترین هۆكارەكانی رەوشتبەرزی مرۆڤ زانیوە و شوێنكەوتووانی خۆیانیان ڕاسپاردووە. هەروەكوو بە پێی داستان و چیرۆكی نەتەوەكان دەردەكەوێت،پێشكەوتنی ئەخلاقی و پەرەپێدانی هزری،پەیوەندیەكی نزیكی لە گەڵ خۆراكەكانیاندا هەبووە و ئێستاكەش زۆرێك لە گەورە بیرمەندەكانی جیهان ئەم شێوازی خواردن و خۆراكە پەیڕەوی دەكەن. بۆ نموونە: بوودا،زەردەشت،فیساگورس،موغانی ئێران،زانایانی هیند،كاهینەكانی میسر و فەیلەسووفەكانی یۆنان: هومێر،سوكرات،ئەفلاتون،ئەرەستۆ،پلۆتارك،ئێپیكۆر،سێنێك، ماركۆرل،ڤیرژێل . قەشە ناودارەكان: ئێریژێن،كریزێستیم،سێن كێلمان دالێكساندری . فەیلەسووف و سۆفی و زانا ئیسلامیەكان: ئیمامی عەلی،ئیبن سینا،شێخ نجم الدینی ڕازی،ابوالعلاو معری،شێخ عەتار . هەروەها گاسێندی،میلتێن،شودین بێرگ،نیۆتۆن، پاسكال،فینەلۆن،مۆنتێنی،بێرنارد دۆسێن پییەر،جان جاك ڕۆسۆ،فرانكلین،لامارتین، ڤاگنێر،میشلە،شۆپێنهاوەر،تۆلستۆی،ڤیبەر،بۆسۆئە،ڤۆڵتێر،ئەدیسۆن،مێتێرلینگ و ... هتد .
لە زۆربەی ئایینەكاندا دوورەپەرێزی لە گۆشت جەختی لە سەركراوە. هیندیە بەرەهمایی و بووداییەكان بە شێوەیەكی گشتی خۆراكی ئاژەڵی بەكارناهێنن،چونكە ئایینەكەیان قەدەغەی كردووە. میسریە كۆنەكانیش لە خواردنی گۆشت پارێزیان كردووە چونكە ئاژەڵەكان بە لایانەوە پیرۆز بوونە و فیساگورسیش كە كارتێكراوی تەریقەتی ئەوان بوو،ئەم بیروڕایەی لە یۆناندا پەرەپێدا .
بە پێی كتێبە كۆنەكانی هیندیەكان،نەژادی ئاریەن سەرەتا لە خواردنی گۆشت پارێزی كردووە و لە یاساكانی مانۆ ( ماناڤاد هارما ساسترا ) كە یەكێك لە كتێبە كۆنەكانی هیندیەكانە،نووسراوە : (( ئەو كەسەی كە پەیڕەوی یاساكان بكات و وەكوو دێوی تینووی خوێن،گۆشت نەخوات،لەم دنیایەدا دەگاتە بەرزترین پلەوپایەی ڕەوشت و دوچاری ئازار و ئەشكەنجەی نەخۆشیەكان نابێت )) .
یەكەمین یاسای بوودا دەڵێت : (( مەكوژن! میهرەبان بن و ڕەوتی بازنەی تەواوكاری گیانلەبەرەكان خراپ مەكەن )) . لەم ڕووەوە خەڵكانی ژاپۆن،چین و هیندستان كە زۆربەی دانیشتووانی سەر ڕووی زەوی پێكدێنن،ڕووەكخۆرن .
زەردەشت لە پەند و ئامۆژگاریەكانی خۆیدا كوشتنی گیانلەبەرە بێ ئازارەكان كە درووستكراوی دەستی ئەهورامەزدان،بە تاوانێكی چەپەڵ دەزانێت. لە كتێبی ئاڤێستادا،كشتوكاڵ یەكەمین كاری پیرۆزی مرۆڤە.هەروەها ستایشی ئەو خۆراكە خاوێنانە دەكات كە زەوی وەكوو میوە پێشكەشی ئێمەی دەكات. بە لای ئەم نەتەوە جوتیار و لادێیانە،مەرگی هەر ئاژەڵێك كە لە ڕیزی مەخلوقاتی ئەهورامەزدا بووە،لە سوود و قازانجی ئەهریمەن لە قەڵەمدراوە. لە گاتاكانی 32 دەخوێنین كە : ((ئەهورامەزدا نەفرەت لەو كەسە دەكات كە ئاژەڵە چوارپێكان دەكوژێت )) . بە پێی چیرۆكی فارسەكان،خۆراكی زەردەشت شیر و ڕووەك بووە .
ئێرانیە كۆنەكان لە چەپەڵی خۆراكی ئاژەڵی پارێزیان كردووە. لە كتێبی سەرەتاییدا نووسراوە : (( یەزدانیە گەورەكان هەرگیز دەمیان بە گۆشتەوە نەداوە چونكە گۆشتخواردن سیفەتی مرۆڤ نیە و هەركاتێكیش بە مەبەستی ژیانی خۆی،بكوژێت،دڕندەیی و وەحشیگەری بە سەر سرووشتدا زاڵدەبێت )) .
ئەو دوو یاسادانەرانەی كەپاش زەردەشت هاتن،واتە مەزدەك و مانی،وەكوو بووداییەكان خواردنی گۆشتیان قەدەغە كرد. شوێنكەوتووانی فیساگورس بە هۆی هەنجیر و سەوزە و میوەجات و هەنگوێن و نان ژیانیان بەسەربردووە, خودی فیساگورسیش كە لە تەمەنی سەد ساڵی مرد،لەبارەی گۆشتخۆریەوە وتوویەتی : (( ئەی ئەو كەسانەی كە ڕۆژێك دادیت و هەر دەمرن،بترسن لەوەی كە خۆتان ئالوودەی ئاوها خۆراكێكی پیس و چەپەڵ بكەن )) .
هۆراس دەگێڕێتەوە كە،( ئورفە ) بۆ هێوركردنەوەی سرووشتی دڕندەیی یۆنانیە كۆنەكان،خواردنی گۆشتی قەدەغە كرد .
ئیمامی عەلی كە ژیانێكی سادە و ساكاری هەبووە،لە بارەی گۆشتخۆریەوە دەفەرموێت: (( لاتجعلوا بگونكم مقابر الحیوانات )) . لە ئیسلامیشدا زۆرێك لە سۆفی و زاناكان ڕووەكخۆر بوون. پزیشكی ناودار،( ئیبن سینا )،موریدی ڕووەكخۆری بووە و لە كتێبەكانی خۆیدا باسی زیانەكانی گۆشتدەكات و دەڵێت : (( خۆتان لە خواردنی گۆشتی گیانلەبەران دوورخەنەوە )) . هەروەها نجم الدینی ڕازی لە كتێبی ( مرصاد العباد ) باسی زیانەكانی گۆشت دەكات و بیروڕاكانی خۆی دردەبڕێت .
( سێنێك :Seneque ) كە یەكێك لە فەیلەسووفە گەورەكان بووە،لە دژی خواردنی گۆشت هەندێك بابەتی گرنگ دەنووسێت كە ئەمەی خوارەوە كورتكراوەكەیەتی:-
(( 1- هیچ شتێك ئەوەندەی ئەو بێز و نەفرەتەی كە لە كاتی خواردنی گۆشت ڕوومان تێدەكات سرووشتی نیە.
2- ئەگەر مرۆڤە سەرەتاییەكان ئەم كارەیان كردووە،تەنها لە ڕووی ناچاری ( فوق العادە ) بووە .
3- سپڵەیی،بەربەریەت و شەهوەت پەرستی لە خواردنی گۆشتەوە سەرچاوە دەگرێت .
4- پێكهاتەی لەشی مرۆڤ بۆ گۆشتخۆری درووست نەكراوە .
ئێوە باسی ئەژدیها وەحشیەكان و پڵنگ و شێران دەكەن كەچی خۆتان لە زوڵم و زۆرداری و ستەمكردن پێشی ئەوانتان داوەتەوە. كوشت و كوشتار بۆ ئەوان وەك خۆراك وایە،بەڵام بۆ ئێوە پاروویەكی بەتام و بەچێژە و دەبێت وردەكاریەكی زۆر بەكاربەرن بۆ ئەوەی ئەو بێز و نەفرەتە داپۆشن )) .
( پۆلۆتارك ) فەیلەسووفی یۆنانی دەڵێت : (( تۆ لە من دەپرسی كە بۆچی فیساگورس لە خواردنی گۆشتی گیانلەبەران پارێزی كردووە؟ بەڵام بە پێچەوانەوە،من پرسیار لە تۆ دەكەم كە،كام مرۆڤ ، یەكەمجار توانی و وێرای گۆشتی مرداربوو نزیكی دەمی خۆی بكاتەوە و لە سەر سفرەی خۆی كەلاك و لاشەی كوژراو بخوات و ئەندامی لەشی گیانلەبەرانێك هەڵداتە ناو ورگی خۆیەوە كە ماوەیەك پێشتر ئاوازیان دەچڕی و دیاننەڕاند و دیانڕوانی و ڕێیاندەكرد ؟ چاوەكانی چۆن توانی بەرگەی بینینی ئەو كوشت و كوشتارە بگرێت؟ چۆن توانیی خوێنمژین و داپڵۆسین و پارچەپارچەكردنی گیانلەبەرێكی بێچارەی بێ دەسەڵات ببینێت؟ ئەو گیانلەبەرانەی ئێوە دەیانخۆن، ئەوانە نین كە كەسانیتر دەیخۆن. ئێوە تینووی خوێنی ئەو ئاژەڵە هێمن و بێ گوناهانەن كە بە هیچ شێوەیەك ئازارتان نادەن،خووتان پێوە دەگرن و كارتان بۆ دەكەن و ئێوەش لە باتی پاداشتی خزمەتەكانیان دەیانخۆن!
ئەی تاوانباری دژی سرووشت! هەندێك كات پێداگری دەكەی لەسەر ئەوەی كە تۆیان درووستكردووە بۆ ئەوەی هاوڕەگەزەكانی خۆت بخۆی،ئەو زیندەوەرانەی كە خاوەن ماسولكە و ئێسقانن،هەستیار و زیندوون. كەواتە خۆت بپارێزە لەو نەفرەتەی كە لە كاتی خواردنی ئەم خۆراكە ترسناكانە ڕووت تێدەكات )) .
نوسینی: صادق هیدایهت
وهرگێڕانی: ناصح مهولهوی زاده
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق