مرۆڤ، 2- مانگا، 3-پشیله، 4-سهگ، 5- ئهسپ |
ددانەكانی ئاژەڵێكی گۆشتخۆری وەك سەگ و كاكیلەكانی ئەسپ و هەروەها دەمی بەراز كە هەمووشتێكخۆرە بە هیچ شێوەیەك لە ددانەكانی مرۆڤ ناچێت .
گەدەی مرۆڤ لە گەدەی ئاژەڵە گۆشتخۆرەكان زۆر ناسك و كەم هێزترە و ناتوانێت وەكوو ئاژەڵەكان ئەو پارچە گۆشتانەی كە نەیجووە و قوتیداوە بە باشی ورد و هەرسبكات،چونكە ددانی گۆشتخۆرەكان پان نیە و لە یەك ئاستیشدا نیە،گۆشتی كاڵ ناجوون و هەروا حەپەلووشی دەكەن و ئەركی هەرسكردنەكەی بە گەدەیان دەسپێرن. ڕژێنی گەدەی مرۆڤ ،ناتوانێت وەكوو گۆشتخۆرەكان ئەو ئازۆتە زۆرەی كە لە گۆشتدا هەیە بگۆڕێت بۆ ئامۆنیاك. ڕژێنەكانی گەدە و پانكریاسی مرۆڤیش بە باشی گۆشت هەرس ناكات. جەرگی مرۆڤ ناتوانێت ئازۆتی گۆشت پاڵنێت و دووریخاتەوە،هەر بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشیەكانی (أعصاب) و جمگە ئاوسان و ڕۆماتیزم .
هەروەها لە لایەكیتریشەوە ڕیخۆڵەی گۆشتخۆرەكان كورتە و گۆشتی گەنیو تیایدا ناوەستێت و نامێنێتەوە.درێژی ڕیخۆڵەكانی مرۆڤیش بەڵگەیەكیتری گۆشتخۆر نەبوونی مرۆڤە؛چونكە ئەو گۆشتەی كە لە ناو ڕیخۆڵەكانی مرۆڤ دەمێنێتەوە،دەگەنێَت و میكرۆب گەلێكی كوشندە درووستدەكات و ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشی ڕیخۆڵەكوێرە و هەوكردنی ڕیخۆڵەكان .
وانەزانین كە نینۆكەكانمان چنگ و پەنجەی شێرە. خواردنی گۆشتێ بێ ئێسقان نیشانەی ئەوەیە كە ئەو ماسولكانەی وا مرۆڤ لە ئێسقان جیایدەكاتەوە و دەیخوات، خۆراكی سرووشتی ئەو نیە،چونكە هەبوونی خوێ بۆ لەش زۆر پێویستە و گۆشتخۆرەكان ئەو بڕە خوێیە لە ئێسقان وەردەگرن و ئەگەر بمانەوێت خۆراكی تەواوی خۆمان لە گۆشت وەرگرین،دەبێ وەكوو ئاژەڵە دڕندەكان ئێسقانەكەش بخۆین بۆ ئەوەی فۆسفاتەكانیشی بە لەشمان بگات .
هەموو شتێك شایەتی ئەوە دەدات كە مرۆڤ گۆشتخۆر نیە. نە تەنها پێكهاتەی ناوەوەی لەشی مرۆڤ بە شێوەی میوەخۆرێك درووست بووە بەڵكوو پێكهاتەی دەرەوە و شێوازی ژیانی و خو و ڕەفتار و ئەخلاقیشی شایەتی دەدەن كە گۆشتخۆر نەبووە. دەمی ئەو وەكوو شەویلگەی گۆشتخۆرەكان ناكرێتەوە تا نێچیرەكەی قووتبدات،زمانی نەرمە و لە كاتی ئاوخواردن نالێسێتەوە و دەستەكانی چنگی نیە،ددانە كەڵبەكانی لە ددانەكانیتری درێژتر نیە،چاوی وەكوو گۆشتخۆرەكان لە تاریكیدا نابینێت و بۆنی گیانلەبەری زیندوو لە دوورەوە نابیستێت و ئەگەر لێگەڕێن كە نینۆكەكانی درێژ بێت،بەو نینۆكانەی ناتوانێت سكی بچووكترین باڵندە یان ئاژەڵ هەڵدڕێت. بە ئاسانی بۆ سەر درەخت سەردەكەوێت و میوە دەچنێت بەڵام ناتوانێت لە سەر زەوی بخشێت و ئاژەڵە وەحشیەكان لە كاتی ڕاكردندا بگرێت. ناتوانێت گۆشتی كاڵ و گەنیو بخوات و بە شێوەیەكی سرووشتی لە دەست كوشت و كوشتار و خوێن هەڵدێت. ئاژەڵە دڕەندەكان پاش ئەوەی گیانلەبەرێكیان ڕاو كرد،بە زیندوویی و هەر بە پێست و ڕەگ و چەوری و هەموو پیسیەكانیتریەوە دەیخۆن و سەرئەكەنە ناو ورگ و ڕیخۆڵەی .
ئاژەڵە ئالیكخۆرەكان لە گەڵ مرۆڤ ڕادێن و هۆگری دەبن،بەڵام لە دەست ئاژەڵە دڕندەكان هەڵدێت...
هەستەكانی مرۆڤ چێژ لە میوە وەردەگرن،چاو لە بینینی و لووت لە بیستنی بۆنی و دەم لە تامی خۆشی میوە چێژ وەردەگرێت. مەیل و ئارەزووی سرووشتی مرۆڤ لە بینینی كوشتار و خۆراكە خوێناویەكان بێزارە. مناڵ كە هێشتا حەز و ئارەزووەكەی خراپ و چەپەڵ نەبووە،بە بێزاریەكەوە گۆشت لە خۆی دووردەخاتەوە و هەر كە هەلێكی بۆ بڕەخسێت میوە دەدزێت. هەروەها بە هۆی كەمیی میوە لە خۆراكدایە كە مناڵەكان لە باتی ئەم خۆراكە بە چێژ و سادەیە،بە تامەزرۆییەوە هەر شتێك لەو بچێت یان تامی ئەو بدات،وەكوو شیرینی و شەكری دەستكرد،دەیخۆن و حەز و ئارەزووی خۆیان فریو دەدەن. ئەم مەیل و ئارەزووەش بە هەمان ئەندازە سرووشتیە كە بێچووە سەگەكان یان بێچووە پشیلەكان لە سەر ئێسقانێك پەلاماری یەكتردەدەن و بە چێژەوە قووتیدەدەن. بەڵام پاش ئەوەی كە گۆشت دەرخواردی مناڵی مرۆڤ بدەن،ئەویش گۆشتخۆر دەردەچێت .
( مۆریس فۆزی ) لە كتێبی ڕووخانی مرۆڤایەتیدا دەنووسێت: (( ئاناتۆمی لەش،زانستی ئەندامەكان و پێكهاتەی ددانەكان و مەیل و ئارەزووە سرووشتیەكانی مەیمونێكی گەورە بە تەواوەتی لە ئێمە دەچێت. تەنها خوێنی ئەوە كە زۆر لە خوێنی مرۆڤەوە نزیكە. لە لایەكیترەوە ئاناتۆمی لەش،زانستی ئەندامەكان و ددان و خوێن و ئارەزووە سرووشتیەكانی ئاژەڵە گۆشتخۆر و ئالیكخۆرەكان،بە شێوەیەكی گشتی لە گەڵ ئێمەدا جیاوازە. ئایا سادەترین لۆژیك بە ڕوون و ئاشكرایی و بە شێوەیەكی حاشاهەڵنەگر نیشانمان نادات كە خۆراكی سرووشتی ئێمە دەبێت لە هەمان ئەو مادانە پێكهاتبێت كە خۆراكی مەیمونە گەورەكانە؟ واتە میوەی كاڵ؟ )) .
مەیل و ئارەزووی غەریزی مرۆڤ تەنها بۆ لای میوە كاڵ و گەییو و شیرین و بۆنخۆشەكان دەچێت و هەر میوەیە كە دەتوانێت وزە بە لەشی ببەخشێت و لە نەخۆشی بیپارێزێت و سەر لە نوێ خانەكان درووستكاتەوە و ئێسقانەكان بەهێز بكات. سرووشت سفرەیەكە بۆ زیندەوەرەكانی خۆی ڕاخراوە و هیچ یەكێكیان پێویستیان بەوە نیە كە خۆراكی خۆیان ئامادە بكەن. تەنها مرۆڤە كە ئەم پێویستیە ناسرووشتیەی داهێناوە و خۆراكە دەستكردەكان دەخوات و هەر لە بەر ئەمەشە كە بەردەوام نەخۆش و بێچارەیە و سەرانسەر ژیانی بووە بە مۆتەكەیەكی بە ئازار و پرٍ لە هزر و ئەندێشەی ترسناك .
ئایا ئەم ڕاستیانەی كە ئەوەندە ڕوون و ئاشكرایە،بۆ دەبێ كاری پێنەكرێت؟ چونكە ئەمە مەسەلەی ورگە، وا مرۆڤی هەنووكەیی زیاتر لە هەموو گیانلەبەرەكان هۆگرێتی و یەكەمین گیانلەبەری پڕخۆر و ورگپەرستە كە سەر و گیانی فیدای ئامێرە هەرسكەرەكەی دەكات و نایەوێت هیچ شتێك لە سەر سفرەكەی كەمبێتەوە. مرۆڤی شارستانی ئەمڕۆ و هەروەها وەحشیە سەرگەردانەكان،جگە لە ورگ و شەهوەت هیچ شتێكیتریان لە مێشكدا نیە. ترسی لە مەرگە و ئەترسێت نەوەك لە بونیەی لەشی كەمبێتەوە و هەنگاوێك لە مەرگ نزیك بێتەوە،بەڵام نازانێت هەر ئەو خۆراكە بێ باوكانەی كە هەموو كاتی خۆی سەرفی ئامادەكردنیان دەكات،هۆكاری بەدبەختیەكەی فەراهەم دەكەن. ئەو نایەوێت لەو چێژە دەستكردەی كە لە ڕووی نەزانی و سستی بۆ خۆی درووستی كردووە،دەست هەڵگرێت و لە ئەنجامیشدا وەكوو سەكتەیەك،تووشی شارستانیەت و سەروەریەكەی دەبێت. ئەو دەیەوێت هەموو شتێك بخوات،دەیەوێت سەربەست بێت،ئەگەرچی لە هەمانكاتیشدا تەور لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دەدات. ئەم شارستانیەتە ترسناكە و ئەم ژیانە پڕمەینەتەی بە خوێنی دڵخواردن بۆ خۆی وەدیهێناوە و هەر لە بەر ئەمەشە كە دەترسێت. بەڵام مرۆڤی میوەخۆر و ڕووەكخۆر كە هەنووكە لە ڕووی هەواو هەوەس و ئارەزو و خۆپەرستیەوە بووە بە هەمووشتێكخۆر،یان دەبێ خۆراكی سرووشتی خۆی بخوات یان نابووت دەبێت.
نوسینی: صادق هیدایهت
وهرگێڕانی: ناصح مهولهوی زاده
0 كۆمێنتهكان :
إرسال تعليق