Mountain View
نوێ
چاوه‌ڕێكه‌ بۆ داگرتن
HTML5 Icon

رۆلی خۆراک لە شێواندن و پێگەیاندنی مرۆڤ (به‌شی _2)


ئاژەڵ یان مرۆڤ

دەبێ ژینگە بپارێزین تا ژیان بەردەوام بێت

سه‌رۆ قادر

لەم رۆژگارەدا ژینگە بووەتە کێشەی سەرەکی لە چارەنووسی مرۆڤایەتیدا؛ مانەوەی مرۆڤ بەندە بە مانەوەی ژینگەی سروشتی گێتی. پێشکەوتنی تکنۆلۆجی بە تەنیا دادی مرۆڤ و کۆمەڵگایەکەی نادات. ئەگەر لە کۆندا مرۆڤ بەبێ هیچ زانیارییەک لە دڵی سروشتی زیندوو دەرچوو و توانی بەدوای شێوەکانی بەردەوامی وەچەی خۆیدا بگەڕێ و سەرەنجام خۆی لە عالەمی ئاژەڵان جیا بکاتەوە و چارەنوسێکی دیکە بۆخۆی رەسم بکات، ئێستا پێشکەوتنی ئەو چارەنووسەی پەنجا هەزار ساڵ بەر لە ئێستا هەڵیبژارد بووەتە هەڕەشە بەسەر سەرچاوەی بوونی مرۆڤ ئەویش ژینگەیە. ژینگە لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی دەرهاویشتەکانی تکنۆلۆجیادایە.

پێشکەوتنی تکنۆلۆجیا پرۆسەیەکی خراپ نیە بەڵکو زۆریش پێویست و باشە بەڵام لە رێڕەوی گەشەکردنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دەبێ بە شێوەیەکی واقیعییانە و عاقڵانە رێبەری بکرێت. لە کۆندا مرۆڤ بەدەست نەزانین و ملکەچی بۆ سرووشت لە ئازار و لەژێر هەڕەشەدا بوو. نەک هەر هیچی لە گێتی و بوون و چارەنووس نەدەزانی بەڵکو نەژادی خۆشی بەردەوام لەلای بەڵایە سرووشتییەکان دەدورایەوە و قەڵاچۆدەکرا؛ لافاو ، بوومەلەرزە ، وشکەساڵی، نەخۆشییە پەتاییە کوشندەکان بەشەری هەڵدەوەراند و هەردەم لە دڵەڕاوکێ و ترسدا حەساری دەدا. چەندی ئاستی هوشیاری بەشەر بەرزتر دەبوو و زانیارییەکانی دۆڵەمەندتر دەبوون هێندەش بەڵایە سرووشتییەکانی لەخۆی دەتەکاندەوە. ئەوەش لەخۆیدا کردەوەی دیقەت و وردبینی و حەزی بۆ زاڵبوون بەسەر هێزەکانی سرووشت زیاتر دەکرد. وێدەچێ یەکێک لە هۆکارە سەرەتا و سەرەکییەکان بۆ کارکردنی بەردەوام لەسەر تکنۆلۆجیا لەوەوە بووبێت. بەرهەمە تکنۆلۆجییەکان ماڵ و مان و بەروبوومی بۆ زیاد دەکرد.

تا سەد ساڵ بەر لە ئێستا پرۆسەی پێشکەوتن نەبووبووە هەڕەشە لەسەر سرووشت و خودی کۆمەڵگاکانیش بەڵام لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە پێشەسازی نەوت و داربڕین و ژەهرە زیندەوەرکوژەکان و تکنیکی راوکردنی گیانداران لە وشکایی و دەریادا بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆی کوشندە. پیشەسازی نەوت هەرچەند بووە سەرچاوەی یەکەمی ووزە بۆ کارەبا و گواستنەوە و گەیاندن و بەرهەمە دەرکێشراوە نەوتییەکان، بەڵام هەر لەگەڵ خۆشیدا بەخێرایی ژینگەی پیس کرد و سەرەنجام زۆربوونی کاربۆن لە فەزای دەوری زەویی، پنگخواردنەوەی گەرمای دروست کرد کە بووەتە هۆی گەرم بوونی زەوی و تێکچوونی سیستەمی گەرما و باران و توانەوەی بەفری سەر رووی زەوی، هەروەها پیس بوونی هەوا و خاک بە مادە نەوتییە کوشندەکان بۆ سرووشت.

ئەو هۆکارەی سەرەوە کاریکردۆتە سەر سیستەمی ژیانی رووەک و زیندەوەرە هاوپێچەکانی، بۆیە گەشەی رووەک وەک جاران خێرا و بە پیت نیە. سیستەمی ئیکۆلۆژی تێکچووە و ئەو زیندەوەرانەی بۆ گەشە و تۆودانی(تلقیح) گیا و درەختەکان پێویستن قەلاچۆ کراون بۆیە گەشیی دنیا وەک جاران نەماوە. تکنۆلۆجیای بڕینی دار بووەتە مایەی کوێر کردنەوەی دارستانە سرووشتییەکان و رووت بوونەوەی چیاو دۆڵەکان و پێدەشتە فراوانە جەنگەڵییەکانی جیهان. بەوەش کەمبوونەوەی ئۆکسیژن کە ژیانی پێوە بەستراوەتەوە بووەتە کێشەی سەرەکی گۆی زەوی. بەکارهێنانی جۆرەها ژەهر بۆ کوشتنی زیندەوەران جا چ بە مەرامی گشتوکاڵ بێ یان دوورخستنەوەیان لە ئازاردانی مرۆڤ، خەریکە سیستەمی ژیانی سرووشتی تێکدەدات و کاردەکاتە سەر رووەک و هەوا و مرۆڤ.

پێشکەوتنی جۆرەکانی تفەنگ و دووربین و سەیارە و تەیارە بۆ راوکردنی ئاژەڵ و باڵندەکان وایکردووە نەژادیان بکەوێتە بەر مەترسی نەمان. ژمارەیەکی زۆر لەو ئاژەڵانە تەنیا چەند سەرێکیان لێ ماوە. لە بەشێکی زۆری وڵاتاندا قەڵاچۆ کردنی ئاژەڵ و پەلەوەر بووەتە فەرهەنگی رۆژانەی خەڵک بۆیە ژمارەی گیانداران کەمبووەتەوە و بەرەو ناوچە عاسێیەکان هەڵکشاون. کوردستان یەکێکە لەو وڵاتانەی پلەی دڵڕەقی بەرامبەر گیانداران و رەفتاری خراپکاری بۆ کوێرکردنەوەی دارستانەکان زۆر بەرزە.

ئەو هۆیانەی دەبنە مایەی پیسکردنی ژینگە زۆرن و من تەنیا ئاماژەم بە هەرە ترسناکەکانیان کرد. ئەوە کاری من نیە ئامار لەسەر هۆکارەکان و قورسی خراپکارییەکان بکەم. تێکچوونی ژینگە و گەرم داهاتنی زەوی زیانی بە سەلامەتی و بەردەوامی گیاندارە دەریاییەکان گەیاندووە و لە زۆر بواردا بووەتە مایەی کۆچ کردنیان و هەوڵدان بۆ خۆپاراستنیان. ئاکامی ئەو پرۆسە خراپە تەنگ پێهەڵچنینی ژیانی ئاسایی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە. وەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕست دەبینین گەرما و وسکەساڵییەکان کردەوەی بە بیابان کردنی ناوچە سەوزەکانی زیاتر کردووە و تەمتومانی خۆڵی هێناوەتە میان و ئاستەنگی بۆ مرۆڤ و گیاندارانی دیکە دروست کردووە. ئەوە جیا لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و وشکبوونی سەرچاوەکان.

ئایا ئەو رەفتارانەی مرۆڤ بە تکنۆلۆجیا کردنی بوونە مایەی ئەو تەنگژە سرووشتییە کارێکی راستە؟ ئەرێ لە بەرژەوەندی مرۆڤدایە؟ مرۆڤ پێشدانیش وایدەکرد؟ پرسیارێکی دایکە پرسیار بۆ ئەوانەی پێشووم بکەم؛ ناکرێ مرۆڤایەتی خۆی چاک بکات و ئەوە بکات لە بەرژەوەندی مانەوەی هاوسەنگی سرووشتدایە؟ هەڵبەت مانەوەی مرۆڤایەتی و بەردەوامی ژیان بەو چارەسەرییەوە بەندە.

لە دواییدا دێمە سەر شیکردنەوە و بەراورد لە نێوان رەفتاری وێرانکردی ژینگە و رەفتاری گۆشتخواردن کە نەک هەر کردارێکی دژی ژینگەیە بەڵکو بە جۆرێکی دیکە دەستی لە بەد پەروەردە کردنی مرۆڤدا هەیە و یەکێکە لە سەرچاوە کاریگەرەکانی توندوتیژی و زوڵمکردن.

کێشەی ژینگە ١٤٠ ساڵ لەمەوبەر باسکراوە و لەلایەن زانایان و رووناکبیرانی ئەمریکا کاری لەسەر کراوە. ئەوە جیا لەو گرنگییەی لە ساڵی ١٩٦٠ وە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پاراستنی ژینگەی دەدات. هەروەها پەرەسەندنی بزووتنەوەکانی پاراستنی ژینگە و دروستبوونی پارتی سیاسی سەوز کە پاراستنی ژینگەیان بە پاراستنی گیانداران و دیموکراسی و نەهێستنی توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی دادپەروەری گرێداوە. ئەوەش بیرۆکەیەکی زۆر راست و مەنتقییە. ناکرێ یەکێک لە بیری پاراستنی دارستاندابێت بەڵام گیاندارەکانی بەلاوە گرنگ نەبێ، یان ئاژەڵ و دارستان بپارێزێ بەڵام مرۆڤ و مافەکانی بە هەند وەرنەگرێ! بۆیە ئەو ئامانجانە هەموویان پێکوە بەستراون و ئایدیای بەرزی ئینسانین. ئەو ئامانجانە وردە وردە هەموو مرۆڤایەتی پێکوە دەبەستێتەوە و بۆ پارێزگاری کردن لە سرووشت تەیاریان دەکات.

بیرۆکەی پاراستنی ژینگە دەمێکە بووە بووەتە هەوڵێکی جیهانی و پرەنسیپێکی سەرەکی پەروەردەی نوێ و لە قوتابخانەکان دەخوێندرێ. پاراستنی سەوزایی و دۆستایەتی گیانداران و بە فیرۆ نەدانی ئاو خەریکە دەکریتە بەهایەکی ئەخلاقی و ئەرکێکی ئینسانی. گرنگی ئەو کارە بۆ کوردستان بەتایبەتی- بایەخێکی زۆری هەیە چونکە نزیک بە سەد ساڵ ژیانی ناو جەنگی کۆمەڵگاکەمان، رەفتاری زۆر توندی بەرامبەر بە گیانداران و سەوزایی و دار و درەخت دروست کردووە. راو کردنی ئاژەڵ و باڵندە بووەتە پیشەیەکی وەرزشکارانە. راو بە حەزێکی پەسند وەردەگیرێ تەنانەت ئەگەر بۆ خواردنیش نەبێ. بۆ نموونە راوی بەراز و ورچ و پڵنگ بووە هۆی کەمبوونەوەی ئەو ئاژەڵانە تا سنووری نەمان. هەمان چارەنووس بەسەر قاز و قورینگ و شاهۆ و مراویداهات. دارستانەکانمان بەرەو کۆتایی هاتنن و خەڵک بەبێ زەییانە دەیانبڕنەوە یان ئاگریان تێبەردەدەن. هاوڵاتی ئێمە ئامادەیە لە رۆژێکدا دارستانێک بسوتێنی کەچی لە ژیانیدا نەمامێک ناچێنێ. هەڵکێشانی نەمامە چاندراوەکان رەفتارێکی ئاسایی هەر کەسێکی ئەم وڵاتەیە. لە زۆربەی گوندەکان ئاو بەفیڕۆ دەڕوات بەڵام داری لەبەر ناچێندرێ. ئەم قسەیەم بەشێوەی گشتی راستە ـ هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئیستسنا و چەند ناوچەیەکی سەوز.

بە پاراستنی ژینگە نەک هەر بەشداری لە پارێزگاریکردن لە گێتی دەکەین و بەشدار دەبین لە دابینکردنی چارەنووسێکی دیاری گەش بۆ مرۆڤایەتی، هەروا سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوامیش بۆ کوردستان دابین دەکرێ دەپارێزرێ. بەبێ پاراستنی ژینگە خۆمان پێناپارێزرێ و ولاتێکی جوان و گەشتیاریمان نابێ.
ئەگەر کۆمەڵگایەک بتوانێ مرۆڤی پارێزەری ژینگە بەو باسانەوە پەروەردە بکات کە ئاماژە درا، دەکرێ دڵنیا بێت کە رێبازێکی پەروەردەی زانستی و سەرکەوتووی هەیە و دەتوانێ مرۆڤی راستەقینە پێشکەش بکات. من لە باسەکانی پێشوومدا ئاماژەیەکی خێرام بە ئاواتی مرۆڤی کامڵ داوە. هەروەها گەڕامەوە سەر ئەو هەوڵەی لە مێژوودا دراوە تاکو نموونەی مرۆڤی کامڵ تاریف بکەن. دین و ئەفسانەکان و ئایدیۆلۆجیاکان روانگا و رەفتار و ئەرکی لێکدی جیایان بۆ ئەو نموونە داناوە.

بەڕای من بۆ وەسف کردنی مرۆڤی کامڵ دەبێ سەرلەنوێ چاوی پێدابخشێنینەوە. لە قۆناغە مێژووییەکانی پێشوودا زانیاری و ئەزموونی ئینسان هەندی ئێستا نەبوو، بۆیە دەبێ ئەو دوو هۆکارە بکەینە بنەما بۆ پێناسە کردنی ئەو تیپە مرۆڤییەی بۆ کۆمەڵگایەکی زانا و بەرهەمهێن و ئارام پێویستە. بە درێژایی مێژوو ئەو ئینسانە هەرە کامڵە هەر نەهاتەدی، نە لە دینەکان و نە لە ئایدیۆلۆجیاکان ئەنجامێکی نیهاییمان دەستنەکەوت. ئەگەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وەک بوونەوەرێکی زیندووی هوشیار لەبەر چاو بگرین و پرۆسەی زانستکۆکردنەوە و ئەزموون هەڵچنین لە تایبەتمەندییەکانی ئەو بوونەوەرە بێت، کەواتە دەبێ لە زانست کەڵک وەربگرین بۆ ناساندنی مرۆڤ. ئەرێ مرۆڤ چییە؟ شیدەکرێتەوە و پێکهاتەکانی دەزانین؟ دەتوانین داخلی دەروونی بین؟ وەڵامەکان هەمووی ئەرێنییە. کەواتە مرۆڤ پەروەردە دەکرێ و دەشیێ ئەو سیفەتە مەتڵوبانە وەرگرێت کە بۆ ژیانی ئەم زەمانە پێویستن. هەر لەوەشەوە دەکرێ مرۆڤی زانای هاوکار و هەمبەستەی هاونۆعەکانی خۆی، کە بەرهەمهێنێکی باش بێت لە بوارێکی دیاریکراودا، لە مافەکانی ئینسان گەیشتبی و فرچکی پێوەگرتبێ و بە ئاسایی بزانێت، سامان و دەسەڵاتی سیاسی بۆ زاڵبوون و دەستبەسەر کردنی کۆمەڵگا نەزانێ، بە هانای مرۆڤە لێقەوماوەکان و موحتاجەکان بگات، سەرەنجام ژیانێکی ئاسایی نزیک لە هاونۆعەکانی خۆی با لە ئاستی بەرزیش بێت، بژیەت. ئەم جۆرە مرۆڤانە لە هەموو بوارەکانی خۆیاندا دەبنە نموونە و دەکرێ ئەو نموونەیە بکەوێتە ناو پەروەردە و نەوەی دوایی لەسەر پەروەردە بکرێ.

مرۆڤی کامڵ دەکرێ پزیشک یان ئەندازیار یان سەرمایەدار یان سیاسەتمەدار یان کرێکار یان پۆلیس و سەرباز و ئاسایش بێت. ئەوانە دەکرێ باشترین زانیارییان لەسەر کۆمەڵگای خۆیان و لە بوارەکەی خۆیاندا هەبێت و تیپێکی کارا و جوان بن. بەرای من مرۆڤی کامڵی ئەم زەمانە دەبێ تێگەیشتنێکی باشی لەسەر مانای ژیان و گیانەوەرەکان هەبێت و ئازار و تووندوتیژی قبوڵ نەکات. بۆیە دەبێ رووەکی بێت و گۆشت نەخوات. دالای لاما سەرۆک و پێشڕەوی دینی بوداییەکانی تێبێت بە پیاوێکی دیندار و پێشکەوتووی ئەم زەمانە دادەندرێ و بیروڕاکانی بۆ دۆستی و لێکحڵیبوونی نێوان دینەکان سەرنجڕاکێشن، بەڵام گۆشتخۆرە. ئەوە سەری من دەسوڕمێنێ چونکە هەر لە بنەڕەتەوە گۆشتخواردن لەناو بوداییەکان پەسند نیە. لە دوا سەفەری بۆ ئەمریکا لە کاتی نان خواردن مینیۆی رووەکخۆری بۆ دەهێنن، ئەویش دەڵێ من راهیبی تێبێتیم و گۆشت دەخۆم. دیارە جیهانیان وا چاوەڕوان دەکەن کە دالای لاما گۆشت نەخوات بەڵام ئەو کە واناکات جیا لە نەوسنی هیچ پاساوێکی دیکەی نیە و ئەوەش سیفەتێکی خراپ و ئیرادەیەکی لاواز نیشان دەدات. ئا لێرەدا لە کامڵێتی مرۆڤ کەم دەکاتەوە جا با هەر ناودار و ئاشتیخواز بێت.

ناکرێ یەکێک باوەڕی بە تووندوتیژی نەبێت و رازی بە سەربڕینی گیانداران بێت، کە دەشزانێ ئازاری ئەوان وەک ئازاری مرۆڤ وایە و تەنیا زمانیان نیە قسە بکەن، دەبیستێ کە بەدەنگ لە ژان و ئازار دەقیژێنن و دەبۆڕێنن کەچی بەلایەوە زەیی جوڵێن نەبێت! ئەم قبوڵ کردنە تەمرینە بۆ چاوپۆشین لە زۆر ئازار و هاواری ئەو مرۆیانەی زوڵمیان لێدەکرێ و دەپلیشێندرێنەوە. ئینسان بوونەوەرێکە بە رەفتار و کردار و کاردانەوەکانی شیدەکرێتەوە و دەروونی ئاشکرا دەکرێت. بۆیە نابێ گومانمان هەبێت کە بەشەرییەت بەگشتی لە پەروەردەیەکی لە زۆر لاوە خراپ و تووند و نابەزەییانە گەورە بووە و رەفتاری رەق و رەواییدان بە زۆر دیاردە و کرداری دڕ بە ئاسایی دەزانێ. دەبێ بزانین ئەوە قسوورێکە لە هەموو بەشەرییەتدا هەیە و شایانی چاککردنە. بۆ ئەوەش دەکرێ لە خۆمانەوە دەستپێبکەین ئینجا رەخنەگرانە بڕوانینە دیاردەکە.
لەوانەیە وا بەهزردا بێت کە ئەوەی من لە گۆشت نەخواردن باسی دەکەم ببێتە هۆی بارهێنانی مرۆڤێکی لاواز و دەست وپێ سپی. کەچی لە راستیدا سیفەتە جددی و بە راپەڕ و جورئەتەکانی مرۆڤ پەیوەندی بە گۆشت خواردنەوە نیە. کوشتنەوەی گیانداران دەروونی هەر کەسێک دەڕووشێنی جا با کەمیش بێت، رەوان و رووح خوار دەکاتەوە با بە حاستەمیش بێت. هەموو ئەو کاریگەرییانە دەروونی مرۆڤ دەشڵەژێنن، ئینسانی شڵەژاو لە هەموو لێهاتووییەکانی کەمدەبێتەوە. ئەگەر جاران چاوەڕوانی کامڵبوون لە رابەر و پەیامبەرەکان دەکرا، لەم رۆژگارەدا پێویستە بکرێتە پێناوێک هەموو کەس بتوانێ پێی بگات و لە پەروەردەدا کاری بۆ بکرێت. مرۆڤی کامڵ ئینسانێکی ئاسایی بە مانا هاوچەرخەکەیەتی.

گۆشتخواردن هەبووە و دەشمێنێ؟
لە بەشی پێشووی ئەم نووسینەدا باسێکی رابردووی گۆشتخواردنم لای بنیادەم کردووە. هیچ مێژوویەک نیە پێمان بڵێ لە کەییەوە بنیادەم گۆشت دەخوات. ئەگەر سەیری بەرەبابە جیاجیاکانی مەیموونەکان بکەین دەبینین لەناو خواردنە سەرەکییەکەیاندا کە میوە و بەرهەمە گیاییەکانن، هەوڵی خواردنی گۆشتیشیان هەیە. شامپانزەکان لە تەنکاودا ماسی راو دەکەن بەڵام ناتوانن بەدەست بیانگرن. کەواتە بنیادەمیش بۆی هەیە لە دیرزەمانەوە هەر بەو شێوەیە گۆشتیشی خستبێتە سەر خواردنەکانی بەڵام قەت نەبووەتە خواردنی سەرەکی. ئەوەش بۆ ئەو هۆکارە جەستەییانە دەگەڕێتەوە کە باسمکردووە.
کۆنیی خواردنی گۆشت نابێتە بەڵگەی باش بۆ بەردەوامی لەسەر ئەم خوارنە. نەک لەبەر ئەو هۆکارە جەستەییانەی باسمکردوون بەڵکو لەبەر ئەو سەختی و تووندییەی لەگەڵ ناوەرۆکی ئینسانییانەی مرۆڤ ناگونجێ و ناکرێ لەسەری بەردەوام بێت. ئینسان بۆ پاککردنەوەی خۆی و داماڵینی سیفەتە ئاژەڵییەکان لە ژیاندا زۆر کردار و رەفتاری حەیوانی و دڕندەیی وازهێناوە و پاساویشی بۆ دۆزیونەتەوە. قەدەغە کردنی کوشتاری بێرەحمانەی یەکتری و دانانی سنوورە ئەخلاقییە جنسییەکان و تاریف کردنی پەیوەندییەکانی خێزان هەموویان پاساوەکانیان لەلای عەقڵ و مەنتقی مرۆڤە ئەگینا هیچ بەربەستێکی سرووشتییان نیە. کوشتنی گیانداران و خواردنی گۆشتەکەیان یەکیکە لەو قەدەغانەی کە مرۆڤ دەتوانێ بیکات و ئەلتەرناتیڤیشی بۆ هەیە. ئەگەر کەمی سەرچاوەکانی خواردن نەژادی بەشەری بەرەو راوکردنی گیانداران هاندابێت، ئێستا زانایی و زاڵی مرۆڤ بەسەر سرووشتدا دەرفەتی زۆری بۆ رەخساندوە و دەتوانێ گۆشت و زیانەکانی لەکۆڵ خۆی بکاتەوە.

ئەگەر بنیادەم رووەو کۆمەڵیەتیبوون و مەنتقی کردنی ژیان نەهاتبا، دەیتوانی وەک هەموو گیاندارانی دیکە لە خواردنی گۆشت بەردەوام بێت بەبی ئەوەی هەستی پێ بکات. وەک دەبینین زۆربەی گیانداران بە ئاژەڵ و زیندەوەر و گیاندارانی دەریاییەوە گۆشتی یەکدی دەخۆن و لەسەر نەمانی یەکدی دەژین. ئەوان بەپێی یاسای سرووشت کە دەبێ گیاندار خۆی لەگەڵ ژینگە بگونجێنێ و سەرچاوەی خۆراک دابین بکات، بە ئاسانترین شێوە و بەپێی توانایی سرووشتی خۆیان، یەکدی دەخەنە داوی مەرگەوە. ئەو کارە دەکەن غەریزەی مان پاڵیان پێوەدەنێ و هەست بە ئازاری یەکتری و مانای ژیان ناکەن. بۆیە ناتوانن لە ئەنجامی کردارەکەیان بۆ سەر گیانداری قوربانی بگەن. بەڵام بەربەستی سرووشتی بۆ ئەوانێش تێر بوونە. هەر بۆیە لە پێویستی خۆیان زیاتر راو ناکەن. ئەوەش سەرچاوەی ئەو هاوسەنگییەیە کە دەرفەت بە مانەوەی گیانداران دەدات. ئەگەر وانەبایە نەدەبا گەلەی شێر و رەوەی شوور و گاکێوی پێکەوە تا سەر مابان. دەبا قوربانییەکان زوو کۆتاییان بێت. کەچی بە پێچەوانەوە تا بەشەر بە چەک و تکنۆلۆجیا نەکەوتە گیانی گیانداران، هیچ هەڕەشەیەکیان لە بۆ قڕ بوون لەسەر دروست نەبوو. بۆیە ئەو قسەیە زۆر راستە کە دەڵێ هیچ گیانداریک سرووشتەوە هەڕەشە نیە تەنیا بەشەر نەبێ.

بەو پێیە دەبینین سیستەمی سرووشتی بەسەر خودی سرووشتەوە هەڕەشە نیە و پێویست ناکای هەوڵی دەستێوەردانی بکەین یان نەخشەمان بۆ نەهێشتنی هەبێت. ئەوە ئینسانە دەبێ دەبێ خۆی لە رەفتاری دڕندانە لابدات چونکە بەو زانایی و دەسەڵاتە ناسرووشتییەی هەیەتی بووەتە هەڕەشەیەکی زەبەلاح بەسەر سرووشتەوە. کردارە پلاندار و چەکدارەکەی بەشەر هاوسەنگی سرووشتی تێکداوە و قڕی خستۆتە گیانداران. ئەوەش بووەتە هۆی وێرانکردنی ژینگە.

کردەوەکەدا گیانی گیاندارانیش دەپارێزرێ و زەیی و سۆزی مرۆڤ کامڵتر و جوانتر دەبێ.

له‌باره‌ی ruakxor

ڕووه‌كخۆر‌ : پاراستنی ژیانی هه‌موومانه‌‌ .~ . .

    كۆمێنتی بلوگه‌ر
    كۆمێنتی فه‌یسبووك

0 كۆمێنته‌كان :

إرسال تعليق

HTML5 Icon